هەڵوێستەكەی بارزانی هەرێم دەخاتەوە بەردەم دۆخێكی سەخت

کوردستان

04/03/2020‌ 5409 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەو هەڵوێستەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكرات بەهاوكاری چەند لایەنێكی تری هەرێمی كوردستان لەدژی محەمەد تۆفیق عەلاوی راسپێراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق گرتییە بەر، هەولێر دەخاتە بەردەم دۆخێكی سەخت.

پێشتر شارپرێس بڵاویكردەوە، حكومەتی عێراقی كێشە بۆ موچەو بودجەی هەرێمی كوردستان دروست دەكات، ئەوەش لەكاردانەوەی رەتكردنەوەی محەمەد تۆفیق عەلاوی راسپێراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ‌، لەلایەن زۆرینەی حیزبە كوردییەكان.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دراوە بەشارپرێس، لایەنە عێراقییەكان، بەتایبەتی ئەو لایەنە شیعییانەی، پشتگیری كاندیدبوونی محەمەد تۆفیق عەلاویان بۆ سەرۆك وەزیران دەكرد، تووڕەن لەهەڵوێستی لایەنە كوردییەكان بۆ رەتكردنەوەی ناوبراو.

هەر بەپێی زانیارییەكان، ئەو لایەنانە دەستیان بەچەند فشارێك كردووە، بۆ ئەوەی حكومەتی عێراق پێداچوونەوە بەپرسی موچەو بودجەی هەرێمی كوردستان بكات، كە مانگانە لەلایەن بەغداوە بۆ هەولێر دەنێرێت.

مانگی رابردوو بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار، بەهەماهەنگی لەگەڵ زۆرینەی لایەنەكان، محەمەد تۆفیق عەلاوی راسپارد بۆ پێكهێنانی حكومەت، بەڵام بەهۆی رەتكردنەوەی لەلایەن بەشێكی زۆر لەلایەنە كوردی‌و سوننییەكان، ناوبراو نەیتوانی كابینەكەی رابگەیەنێت‌و دەستبەرداربوونی لەو ئەركە راگەیاند.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، لایەنە شیعییەكان لەو هەڵوێستە زۆر نیگەرانن‌و جەختیان كردووەتەوە، كە دەبێت لەو بارەوە هەڵوێستیان هەبێت، بۆ ئەوەش كار لەسەر بڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم‌و بودجەكەی دەكەن.

ئەگەر حكومەتی عێراق هەڵوێستێكی بەو جۆرە لەماوەی داهاتوو رابگەیەنێت، ئەوە هەرێمی كوردستان جارێكی تر دەكەوێتە دۆخێكی سەختەوە، بەهۆی ئەوەی هەولێر ناتوانێت موچەی مانگانەی فەرمانبەرانی هەرێم بدات، وەك ئەوەی لەو ساڵانەدا بینرا، كە بەغدا بودجەی هەولێری بڕی. 

حكومەتی عێراق ماوەی ساڵێك زیاترە، مانگانە بڕی 452 ملیار دینار وەك موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەنێرێت، ئەوەش لەسەر بنەمای رێككەوتنی هەولێر بەغدا لەسەر بودجەو موچەو داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان.

بەپێی رێككەوتنەكە لەبەرانبەر ناردنی موچەو بودجەی هەرێم، هەولێر دەبێت رۆژانە داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بكات، بەڵام هەرێم پابەند نەبووە بەو رێككەوتنەو ئەوەش بووەتە بیانوو بەدەست لایەنە عێراقییەكان بۆ بڕینی موچەی فەرمانبەران.

شارپرێس ئەوەشی زانیوە، لایەنە شیعییەكان جەختیان لەوەش كردووەتەوە، كە ئەگەر موچەی فەرمانبەرانیش نەبڕن، ئەوە پێداچوونەوە بە بەشی هەرێم لەبودجەی عێراق‌و ئەو رێككەوتنەش دەكەن، لەنێوان هەردوولادا هەیە.

مانگی رابردوو حكومەتی عێراق ناردنی ئەو بڕە پارەی بۆ هەرێم دواخست، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی زیاتر لە 40 رۆژ موچەی بەشێك لەفەرمانبەرانی هەرێم نەدرێت‌و ناڕەزاییش لەناو فەرمانبەران دروست بووە.

هەرچەندە بەرپرسانی هەرێم وایان راگەیاند، بەهۆی كێشەی تەكنیكی پارەكەی بەغدا دواكەوتووە، بەڵام زانیارییەكان ئەوە ئاشكرادەكەن، پەیوەندی بەناڕەزایی لایەنە كوردییەكانەوە هەبووە لەسەر متمانەدان بەمحەمەد تۆفیق عەلاوی‌و رەتكردنەوەی لەلایەن حیزبە كوردییەكانەوە.

ئەوەی زیاتر دژی كاندیدبوونی عەلاوی بوو بۆ سەرۆك وەزیران، پارتی دیموكرات‌و خودی مەسعود بارزانی سەرۆكی ئەو پارتەبوو، دوای ئەوەی ناوبراو رایگەیاند، دەیەوێت كابینە وەزارییەكەی كەسانی سەربەخۆ بن‌و سەر بەحیزبەكان نەبن.

لەدوای ئەوە مەسعود بارزانی بەفەرمی دژایەتی خۆی بۆ بیرۆكەكەی راگەیاندو دەستی بەمانۆرێكیش لەناو لایەنە كوردییەكان كرد، بۆ ئەوەی پشتگیری بیرۆكەكەی بكەن بۆ رەتكردنەوەی عەلاوی، كە لەو بارەشەوە لەگەڵ لایەنە سونییەكانی عێراق هەماهەنگی كرد.

هـ ـ ح