جیهان بەهۆی كۆرۆناوە.. لەگوندێكی بچووكەوە بۆ زیندانێكی گەورە

لە میدیاکانەوە

22/03/2020‌ 626 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
دوای ڕێكارەكانی كەرەنتینەكردن و قەدەغەی هاتوچۆ و گەڕان‌و داخستنی سنووری نێوان وڵاتان ئێستا وایلێهاتووە لەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ملیۆنان كەس لە دانیشتووانی جیهان لە ماڵەكانی خۆیاندا كەوتوونەتە ژێر مانەوەی زۆرەملییانە، بەوەش جیهان لە گوندێكی بچووكەوە بووەتە زیندانێكی گەورە .

بەگوێرەی ناوەندی ئەوروپی بۆ كۆنترۆڵكردن و خۆپاراستن لەنەخۆشییەكان تا رۆژی هەینی نزیكەی ٢٥٠ هەزار كەس تووسی ڤایرۆسەكە بوون، كە لەو ژمارەیە زیاتر لە ١٠  هەزار كەسیان گیانیان لەدەستداوە .

چەند وڵاتێكی عەرەبی رایانگەیاندووە، كە سنوورەكانیان داخستووە و پێشوازی لەهیچ گەشتێكی ئاسمانی ناكەن وەك میسر و ئوردن و عێراق و وڵاتانی كەنداو.

زۆرینەی وڵاتان ڕێكارەكانی كەرەنتینەكردنی خەڵكیان پەیڕەو كردووە و دەرگای ناوەندەكانی خوێندن و كتێبخانەكان و شوێنە گەشتوگوزاری و سەرگەرمییەكانیان داخستووە، هەروەك داوایان لە گەشتیاران كردووە بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەكانی خۆیان‌و لەماڵەكانی خۆیان خۆیان كەرەنتینە بكەن.

رۆژی سێشەممە ٢٧ دەوڵەتی یەكێتی ئەوروپا سنوورەكانی خۆی لەگەڵ دەرەوە داخست، هەروەك ناوچەی شنگن بۆ ماوەی ٣٠ رۆژ سنوورەكانی داخست، كە بەلای رێكخراوی تەندروستی جیهانییەوە بە مۆڵگەی نوێی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكەی لە جیهاندا هەژمار كردووە.

لەماوەی رابردوودا باس لەوە دەكرا، كە پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا و ئاسانكاری گەشتكردن لەنێوان وڵاتان، جیهانی كردووەتە گوندێكی بچووك، بەڵام ئەم قەیرانەی ئێستا راستی و دروستی ئەو هۆشدارییەی سەلماند، كە نزیكەی ١٥ ساڵ پێش ئێستا بەناوی "یۆتۆپیای بازرگانی " باسی لێوەدەكرا بەوەی هاوبەندی بازرگانی بێ مەترسی نامێنێتەوە، بەڵكو كاردەكاتە سەر زنجیرە جیاوازەكانی بەرهەمهێنان لە جیهاندا.

بەپێی شیكردنەوەیەكی پێگەی "ناشناڵ نینترێست"ی ئەمەریكی، قەیرانی كۆرۆنا ئەوەی ئاشكرا كرد، كە یەك شكستهێنان لە زنجیرەی بەرهەمهێنان و پیشەسازی دەبێتە هۆی هەرەسهێنانی سیستەمی جیهانی.

بۆ نموونە  بەشێكی زۆری بەرهەمە تەكنەلۆژییەكان یان  پزیشكییەكان بەشێوەیەكی سەرەكی پشت بە كارگەكانی وڵاتی چین دەبەستن، بۆیە هەر داخرانێكی كارگەكانی ئەوێ كار دەكاتە سەر سەرجەم بازاڕی جیهانی.

شیكردنەوەكەی پێگە ئەمەریكییەكە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە شكستهێنانی جیهانگیری گورزێكە لە زیادەرەویكردن لە خۆشباوەڕی بە تەواوكاری ئابووری جیهانی، هەروەك قسەكردن لەبارەی سەربەخۆیی ئابووری چیتر هیچ سودێكی نییە، بەڵام دەكرێت ئەوە كار بكاتە سەر دووبارە بیركردنەوەی لە پەیوەندییە ئابووری و ئەمنییەكان، تەنانەت دەكرێت بگەڕێینەوە بۆسەر چەمكی "جیهانگیری ناتەواو"، بەجۆرێك هاوبەشییەكان قایمتر بن، بەڵام زنجیرەی بەرهەمهێنان و پشتبەستن بە سەرچاوەی جێگرەوە و هەمەچەشن كردنی.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی