چەند هەواڵێكی دڵخۆشكەر لەبارەی ڤایرۆسی كۆرۆنا

تەندروستی

25/03/2020‌ 6238 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
رۆژانە و بەشێوەیەكی بەردەوام هەواڵی ناخۆش و بێزاركەر لەبارەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە جیهاندا بەگوێی خەڵكدا دەدرێت، كە جۆرێك لە دڵەڕاوكێ و نیگەرانی درووستكردووە، تەنانەت رەنگە هەندێك كەسیشی تووشی خەمۆكی كردبێت، بەڵام لەو پرسەدا پێویستە دیوە پڕەكەی پەرداخەكەش ببینین .

پێش ئەوەی دەست بكەین بە خستنەرووی هەواڵە باشەكان لەبارەی ڤایرۆسەكە دەبێت جەخت لەوە بكەینەوە، كە ئەوە مانای بەكەم سەیركردن و كەمكردنەوەی مەترسییەكانی ڤایرۆسەكە نییە، بەڵكو پێویستە هاووڵاتیان سەرجەم ئەو ڕێنماییانە جێبەجێبكەن، دەزگا تەندرووستییەكان لەبارەی خۆپاراستن لە ڤایرۆسەكە بڵاویان دەكەنەوە.

بەپێی مەزەندەكان ٩٩٪ی تووشبووانی ڤایرۆسەكە چاك دەبنەوە و نەخۆشییەكە دەپەڕێنن، تەنانەت هەندێك لە تووشبووان نیشانەكانیان هەر لەبنەڕەتەوە لەسەر دەرناكەوێت .

لەگەڵ ئەوەی بەهەزاران كەس بەهۆی ڤایرۆسەكەوە گیانیان لەدەستداوە، بەڵام تێكرای مردن بەهۆی ڤایرۆسەكەوە ١٪ یان كەمتریشە، كە ئەو ڕێژەیە زۆر لەوە كەمترە بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی سارس، یان كۆنیشانەی هەوكردنی توندی هەناسەدان دەمردن، كە ١١٪ بوو یاخود رێژەی مردن بە ڤایرۆسی ئیبۆلا ٢٥٪ بۆ  ٩٠٪ بوو . 

پێدەچێت منداڵان بەڕێژەیەكی كەمتر تووشی ڤایرۆسەكە ببن، یاخود نیشانەكانیان كەمتر لەسەر دەردەكەوێت .

جیهان لە ڕاددەی مەترسی دۆخەكە تێدەگات، بۆیە دەوڵەت و حكومەتەكان زۆر بەجیدیی و لێبراوانە كەوتوونەتە خۆ بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەكە.

زانایان ئەوەیان دۆزیوەتەوە، كە چۆن ڤایرۆسەكە خانە مرۆییەكان دەبڕێت، كە ئەمە بەشێوەیەكی گەورە یارمەتیدەرە لە دۆزینەوەی چارەسەر بۆی.

وڵاتانی جیهان پێشبڕكێیانە بۆ دۆزینەوەی ڤاكسینی دژە كۆرۆنا، رۆژی چوارشەممەی رابردوو تێدرۆس ئەدهانۆم گیبرسۆس بەڕێوەبەری گشتی رێكخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند، كە بە بەشداری چەندین دەوڵەت دەست بە لێكۆڵینەوە كراوە بۆ تاقیكردنەوەی چارەسەرە تاقینەكراوەكان لەپێناو پەلەكردن لە دۆزینەوەی چارەسەر و دەرمانی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

بەگوێرەی لێكۆڵینەوەیەكی ئەرتۆرۆ كاسادیڤال لە زانكۆی جۆنز هۆپكینز دەكرێت تەنە دژەكانی ناو جەستەی تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ پاراستنی ئەو كەسانە بەكاربهێنرێت، كە مەترسیان لەسەرە

توێژەرە ئوسترالییەكان كار لەسەر تاقیكردنەوەی دوو ڤاكسین دەكەن، لەو بارەیەوە كاسرین كیدزیسكا دەڵێت: ئەوەیان دەستنیشان كردووە چۆن سیستەمی بەرگری جەستەی مرۆڤ بەرەنگاری ڤایرۆسی كۆرۆنا دەبێتەوە، لێكۆڵینەوەكەش لە بڵاوكراوەی زانستی نیەچەر میدیسن دا بڵاوكراوەتەوە.

دەرمانێكی ژاپۆنی بەناوی  favipiravir دوای ئەوەی لە تاقیكردنەوەی كلینیكی لە شاری ئوهان بەكارهێنرا،  لە چارەسەركردنی تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا كاریگەرییەكەی سەلمێنراوە.

فرانتس هارنەر سەرۆكی كۆمپانیای كۆرڤاكی ئەڵمانی وتی: دوای ئەو پێشكەوتنانەی زانایانی كۆمپانیاكەیان لە تاقیكردنەوە كلینیكییەكان بەدەستیان هێناوە ئەوە لە پایزی داهاتوودا دەیان هەزار تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەتوانن ڤاكسینی دژە كۆرۆنایان دەستبكەوێت.

چین كار لەسەر پێنج نموونەی جیاوازی پێكوتەی دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەكات، تا یەكێكیان لە مانگی نیسانی داهاتوودا ئامادە بێت.

لە ئەڵمانیا پەیمانگای پزیشكی كەمەرەیی پلانی هەیە دەرمانی كلۆرۆكین –دژە مەلاریا لە تاقیكردنەوەی سەر مرۆڤ بەكاربهێنێت. 

لەو بارەیەوە پیتەر كریمزنەر بەڕێوەبەری پەیمانگاكە لەم هەفتەیەدا باسی لەوە كردبوو، كە پێدەچێت كلۆرۆكین لەدژی ڤایرۆسی كۆرۆنا كاریگەر بێت.

دەرمانی دژە ڤایرۆسی " Remdisiver " كە كۆمپانیای  " Gilliad " بەرهەمی دەهێنێت و بارەگاكەی لە ئەمەریكایە، گەیشتووەتە قۆناغە كۆتاییەكانی تاقیكردنەوەی كلینیكی لە ئاسیا، لەو بارەیەشەوە پزیشكە چینییەكان وتوویانە كاریگەرییەكانی دەرمانەكە لەسەر نەخۆشەكان سەلمێنراوە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی