پۆتین: من قەیسەر نیم و رۆژانە كار دەكەم

لە میدیاکانەوە

25/03/2020‌ 1780 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڤلادیمێر پۆتینی سەرۆكی رووسیا لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی "تاس" ی روسی لە چوارچێوەی یادی بیست ساڵەی هاتنەسەر دەسەڵاتی و سەبارەت بەو هەموارانەی لەدەستووری روسیادا كراون، كە ڕێگە بە پۆتین دەدات تا ساڵی ٢٠٣٦ لەدەسەڵاتدا بمێنێتەوە بەجۆرێك هەندێك كەس نازناوی قەیسەریان بەسەردا بڕیوە پۆتین وتی: من قەیسەر نیم و ئەو قسانەی لەو بارەیەوە دەكرێن هیچ پەیوەندییەكیان بەراستییەكانەوە نییە.

سەرۆكی روسیا لە چاوپێكەوتنەكەیدا وتیشی: من رۆژانە كار دەكەم نەك فەرمانرەوایی بكەم، قەیسەر ئەوەیە دادەنیشێت و لەسەرەوەسەیرت دەكات و دەڵێت: من فەرمان دەكەم و ئێوە جێبەجێی دەكەن، لەهەمان كاتدا كڵاو تاقی دەكاتەوە و لە ئاوێنەشەوە سەیری خۆی دەكات.

لەوەڵامی پرسیارێكدا، كە ئایا پۆتین نیازی ئەوەی هەیە لە ساڵی ٢٠٢٤ و لەدوای كۆتایی هاتنی ماوەی سەرۆكایەتییەكەی لەدەسەڵاتدا بمێنێتەوە پۆتین ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، كە ئەوە بۆ خەڵكی روسیا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لەو بارەیەوە بڕیار بدەن.

هەروەك وتی: بابەتەكە بابەتی ئەوانە ، ئەوە بابەتی پرەنسیپە، ئەوە هەڵوێستی زۆرینەی هاووڵاتیانی ئەو وڵاتەیە ئەوە بابەتی متمانەیە.

لەبەرانبەر ئەو لێدوانەدا ئەلێكسی ناڤالنی بەرهەڵستكاری ڤلادیمێر پۆتین دەستبەجێ لە هەژماری تایبەتی لە تویتەر تویتێكی كرد و وتی: قەیسەر دەڵێت ئەو قەیسەر  نییە.

بەپێی ئەو هەموارانەی لەدەستووری رووسیادا كراون ڕێگە بە ڤلادیمێر پۆتینی سەرۆكی روسیا دەدات لەدوای كۆتایی هاتنی ماوەی سەرۆكایەتی ئێستای، كە لەساڵی ٢٠٢٤ تەواو دەبێت جارێكی تر بەشداری لەهەڵبژاردنەكاندا بكاتەوە و لەكاتێكدا بەپێی دەستووری ئێستای روسیا سەرۆك تەنیا بۆ دوو خول بۆی هەیە سەرۆك بێت.

وابڕیارە لە ٢٢ی نیسانی داهاتوو ئەو هەموارە دەستوورییانە لەراپرسییەكی جەماوەریدا بخرێنە دەنگدانەوە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی