هاوپەیمانییەكەی عەبادی بەرەیەك دژ بەجوڵەكانی ‌ عامری پێكدێنێت

ڕاپۆرت

25/03/2020‌ 1695 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دوای جوڵەكانی هادی عامری بۆ شكستپێهێنانی عەدنان زورفی سەرۆك وەزیری ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی ئایندەی عێراق، ململانێی فراكسیۆنە ‌شیعەكان دژ بە یەكدیكە دەستیپێكردووە.

لەو چوارچێوەیە، هاوپەیمانی نەسر بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی، بەرەیەكیان دژ بە جوڵەكانی هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح پێكهێناوە، كە كۆشش بۆ شكستپێهێنانی زورفی دەكات، چونكە زورفی سەركردەیەكی‌ هاوپەیمانی نەسرە.
 
لە دوای هەستكردن بە جوڵەكانی هادی عامری، هاوپەیمانی نەسر ڕایگەیاند، گۆڕینی سەرۆك وەزیری ڕاسپێردراو بە یەكێكی دیكە، پێچەوانەی دەستوورە، وەك كاردانەوەیەك لەبەرانبەر ئەو جوڵەیە.

هاوپەیمانی نەسر لە بەیاننامەیەكدا باسی لەوەش‌ كردووه،‌ كە گفتوگۆكانی ئێستا بۆ جێگرتنەوەی پاڵێوراوێك بۆ شوێنی عەدنان زورفی سەرۆك وەزیری ڕاسپێردراو، سەرپێچییەكی ڕوون و ئاشكرای دەستوورە، بۆیە هیچ كەس و لایەنێك مافی ئەوەی نییە، پێش تەواو بوونی ماوەی دەستووریی ڕاسپاردنەكە،‌ ئەو ڕاسپاردنەی سەرۆك كۆماری عێراق بەتاڵ بكاتەوە.

هاوپەیمانی نەسر ئەوەشی ڕاگەیاند، هۆكاری بەشداریكردنی هاوپەیمانییەكەیان لەوتوێژەكانی ئێستادا، دەگەڕێتەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی ڕاست و دروست بۆ تەنگژەی ئێستای حوكمڕانی لەعێراقدا، جەختی لەوەش كردەوە،‌ كە پێویستە كەسی ڕاسپێردراو بەهرەمەند بێت لەو هەلە دەستورییەی بۆی ڕەخساوە، پێویستە هەموو لایەكیش پابەندی جوغە‌ یاسایی و چوارچێوە نیشتمانییەكانبن.

ئەم هەڵوێستەی هاوپەیمانی نەسر، لە دوای چەند كاتژمێرێكی كەم دێت، لە جوڵەكاین هادی عامری، كە بە مەبەستی شكستپێهێنانی عەدنان زورفی خستونییەگەڕ.

لەو بارەوە موختار موسەوی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح وتی: لە ماوەی دوو ڕۆژی ئایندەدا، شاندێكی هێزە شیعە ئۆپۆزسیۆنەكانی دژ بە ڕاسپاردنی عەدنان زروفی، بەمەبەستی ئەنجامدانی زنجیرەیەك چاوپێكەوتن و گفتوگۆی سیاسی، سەردانی هێزە كوردی و سونییەكان دەكەن و باسی پرسی شكستپێهێنانی عەدنان زورفی دەكەن لە لایەن بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆمارەوە ڕاسپێردراوە.

موسەوی ئەوەشی وت، وتوێژەكان مشتومڕی ئەوەش دەكەن، كە بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆن پێكبێنن، بە مەبەستی پاڵاوتنی بەربژێرێكی سازانكاری و قبووڵكراو لای هەموو هێزە سیاسییەكان، تا ببێتە جێگرەوەی زورفی لە پێكهێنانی حكومەتدا.

هەروەها سەرچاوەیەكی نزیك لە عەدنان زورفی سەرۆك وەزیری ڕاسپێردراویش وتی: زورفی گفتوگۆكانی لەگەڵ هێزە كوردی و سونییەكان دەستپێكردووە و گفتوگۆكانیش ئەرێنی بوون.

سەرچاوەكە باسی ئەوەشی كردووە،‌ كە پشتیوانی بۆ پێكهێنانی حكومەتی ئایندە لە لایەن (عەدنان زورفی) یەوە لە هەڵكشان دایە.

سەرچاوەكە ئەوەشی وت، زورفی نیازی پاشەكشەی نییە و بەردەوامە لە كۆششەكانی بۆ پێكهینانی حكومەت، گفتوگۆ و كۆبوونەوەكانیش لەوبارەوە،‌ دوو ڕۆژە بەردەوامە، جەختی لەوەش‌ كردووە، هێشتا موقتەدا سەدر پشتیوانییەكی گەورەی زورفی یە.

عەدنان زورفی سەرۆك وەزیری ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی ئایندە، 30 ڕۆژی لە بەردەمدایە، تا ناوی ئەندامانی كابینەكەی بخاتە بەردەم پەرلەمانی عێراق، ئەركەكەشی سوك و ئاسان نییە، چونكە چەند هیزێكی شیعی دیاری سەر بە ئێران، لە سەرووی هەمووشیانەوە هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆكایەتی عامری و هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتی مالكی، دژایەتی دەكەن.

سەرچاوە: بەغداد پۆست
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر