وێنەی پزیشکێکی ئێرانی لەهێڵی پێشەوەی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا دەبێتە جوانترین وێنەو دیمەنی ساڵ

جیهان

25/03/2020‌ 4284 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

زۆر لە پزیشک و پەرەستاران لەماوەکانی ڕابردوو ولەشەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسى کۆرۆنا لەئاستی جیهان بوونە سەردێڕی هەواڵەکان و ڕووخساری شاراوەی ئەوان لەپشت دەمامک و ماسکەکانیان ئەوانی لە چاو خەڵک و میدیاکان شاردبوویەوە.

لەم چوارچێوەدا و لەم ڕۆژانەدا پەیامنێری ئاژانسی "عەسری ئێران "میهردادی خەدیر" سەردانی نەخۆشخانەیەکی ئێران لەشاری ئەهواز دەکات، کەبۆ پشکنینی نەخۆشانی ڤایرۆسی کۆرۆنا دیاریکراوە.

ئەم پەیامنێرە لە سەردانەکەیدا چاوی بەدیمەنی پزیشکێک بەناوی دکتۆرە "نیلوفەر نیسی" پسپۆڕی ڤایروسناسی شاری ئەهواز دەکەوێت، کە ڕووخساری شین و مۆر هەڵگەڕاوە لەشوێن و ئاسەواری دەمامکەکان، کە ئاوا دیمەنێک دەرخەری ئەو ڕاستییە، ئەم دکتۆرەیە کاتژمێرانێکی زۆر نەیتوانیوە دەمامکەکان بەهۆی گووشاری کارەوە لەدەموچاوی لابدات و ئاسەواری ئەو لە ڕووخساریدا بمێنێت.

پەیامنێرەکە زیاتر دەگێڕێتەوە و دەڵێت، ئاوا دیمەنێک چیمان بۆ جێدێلێت، خانم نیلوفەری دکتۆرە کە ئەگەر هیواو نیگەرانی و  خەمخۆری بۆ نیشتیمان و هاونیشتیمانیانی نەبێت، ڕەنگە ڕۆژگار نەیتوانیبێت هەرگیز ئاوا دیمەنێک بە دەموچاوی ناسک و جوانی ببەخشێت.

دەشڵێت، لە کۆتایی هەمووساڵێکدا ئێمە هەندێک وێنەو دیمەن دەکەینە وێنەی ساڵ و خەڵاتی بۆ دیاری دەکەین، کاتێک منیش ئەم دیمەنەم بینی، ئاوا وێنەیەک بۆمن بووە وێنەی ساڵ کە ئێستا لەدەستپێکی هەفتەی یەکەمی ساڵەکداین.

میهردادی خەدیری پەیامنێر، ئەڵێ وێنەکەی ئەو بەجوان گەر لێبڕوانین؛ دەبینین کە قسەمان لەگەڵ دەکات و ڕێنموونیمان دەکات، ئەم وێنە تەنها نموزەجێکە بۆ هەموو ئەوانەی لەهێڵی پێشەوەی کۆرۆنا گیانبازی دەکەن، کەڕەنگە خۆیان لە پشت ئەم ماسکانەدا شاردبێتەوە.

ئەو زیاتر دەڵێت، ئێمە ڕەنگە لەماڵەوەماندا بێزار بووبین لە سەیرکردنی تیڤی و گۆرانی گوێگرتن و خوێندنەوەی کتێب و سەردانی تۆڕەکۆمەڵایەتێکان و منداڵ و یاری کردنەکانیان و زۆر شتیتری هاوشێوە، یان حەز بەگەشتێک لەم وەرزی گەشتەوانیەدا بکەین، بەڵام بەئاوا وێنەیەک ڕەنگە بزانین لەدەرەوە چیی لە نەخۆشخانەکانماندا ڕوودەدات.

بەئاشکرا ئەم ڕۆژنامەنووسە وێنەی ساڵ وێنەی دکتۆرە نیلوفەر دەناسێنێت و دەڵێت ئەو وەکوو گووڵی نیلوفەرە(کەخۆی ڕەنگی شینکییە) ئەم وێنەی دەموچاوی کە شین و مۆر بووە لەگەڵ ناویدا یەکدەگرێتەوە و لە ئێرانی کۆنیشدا لە ئاسەواری تاج و تەختی جەمشیدی پاشای ئێراندا ئەمجۆرە بەدیدەکرێت.



ئەو لەکۆتاییدا دەڵێت، هێڵی پێشەوەی بەرگری کۆرۆنا لە وڵات هەموویان لە ڕەگەزی ئاوا مرۆڤانێکی ماندوونەناس پڕی کردووەتەوە و ئێمەش لە پای ماندووبوونەکانی گوڵە نیلوفەرێکمان پێشکەش کرد و وێنەکەی ئەومان، وەک نیشانەی هێڵی پێشەوەی بەرەنگاری کۆرۆنا لەزەین وبیرماندا دەنەخشێنین و هەردەم شانازییان پێوە دەکەین.

وەرگێڕان: یاسین نادر