یەكێكیان ترسناكە.. چوار سیناریۆ بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا

تەندروستی

26/03/2020‌ 2322 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمەریكی چوار سیناریۆ بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەخاتە ڕوو، هەروەك هۆشداریش دەدات لەوەی بەردەوامی جموجۆڵی خەڵك بێئەوەی كۆتوبەند و سنوورێكی بۆ دابنرێت دەبێتە هۆی ئەوەی ڤایرۆسەكە بەشێوەیەكی ئەوتۆ بڵاوببێتەوە، كە كۆنترۆڵكردنی لەدواتردا ببێتە كارێكی ئەستەم.

بەپێی مەزەندەكان ئەگەر بێت و ژمارەكە بەو خێراییەی ئێستا بەرزببێتەوە ئەوە تاكۆتایی مانگی نیسان نزیكەی یەك ملیۆن كەس تووشی ڤایرۆسەكە دەبێت، كە شارەزایانیش چوار سیناریۆیان بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو دۆخە خستۆتەبەرچاو . 

وەك سیناریۆ ئەگەر بێت و لە گوندێكی دووسەد كەسی كەسێك تووشی ڤایرۆسەكە ببێت و رێگە بەخەڵكەكە بدرێت بەئازادی خۆیان بجوڵێن ئەوە پێش ئەوەی تووشبووی یەكەم چاك ببێتەوە ئەوە ١٣٥ كەسی گوندەكە تووشی ڤایرۆسەكە دەبێت.

هەرچی سیناریۆی دووەمە دەڵێت: ئەگەر بێت و كەرەنتینەی بەزۆر بسەپێنرێت وەك ئەوەی لە هەرێمی هوبی لەچین كرا، ئەوە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە هێواشتر دەبێت بەشێوەیەك پێش ئەوەی تووشبووی یەكەم چاك ببێتەوە لە ٢٠٠ كەسەكە تەنیا ٧٠ كەس تووش دەبێت.

سیناریۆی سێیەم، كە ئێستا ئامۆژگاری خەڵكی پێدەكرێت ئەوەیە خەڵك لەماڵەوە بمێنێتەوە و لە كۆبوونەوە و شوێنی قەرەباڵغ دووربكەونەوە، لەوكاتەدا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە زۆر هێواشتر دەبێت و لەبەرانبەر ٦٨ كەسی تووشبوو ئەوەندە كەسە چاك دەبێتەوە.

سیناریۆی چوارەم، كە سەركەوتووترینیانە بەڵام سەختە پێی دەوترێت خۆبەدوورگرتنی توند، لەو حاڵەتەدا لەكۆی هەر ٨ كەس تەنیا یەك كەس بواری جوڵەی پێدەدرێت. 

لەم سینارۆیەدا ١٤٨ كەس بەهیچ جۆرێك تووشی ڤایرۆسەكە نابن، لەبەرانبەر ٣٢ كەسی تووشبوو ٢٠ كەس چاك دەبێتەوە.

بەپێی رۆژنامەكە، سیناریۆكە براوە و كۆتایی نییە، بەڵام ڕێگایەكی نموونەیی پیشان دەدات بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو پەتا جیهانییە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی