بۆچی ئەمریكا و چین ناتوانن قۆناغی جەنگی بازرگانی تێپەڕێنن؟

توێژینەوە و شیکاریی

26/03/2020‌ 1851 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەو ناونیشانە، گۆڤاری (ئۆراسیا ئیكسپرت) راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە دەربارەی گواستنەوەی جەنگی بازرگانی نێوان چین ئەمریكا بۆ جەنگی سیاسەت و مەترسییەكانی لەسەر سیستەمی گشتی جیهان.

بەپێی راپۆرتەكە، لە ١٥ی یەنایەردا، بەشی یەكەمی رێككەوتنامەی بازرگانی نێوان چین و ئەمریكا واژۆ كرا، بەمەبەستی چارەسەركردنی ئەو ناكۆكیانەی جەنگی بازرگانی دروستی كردوە، لەگەڵ ئەوەدا، ناكرێ بە بەڵگەنامەكە بوترێ (پەیماننامەی ئاشتی)، داڕشتنەكەی زیاتر لە ئاگربەستەوە نزیكە.

هەر بەپێی راپۆرتەكە، جەنگی بازرگانی نێوان چین و ئەمریكا لە راستیدا بەرەو روبەروبونەوەی سیاسی رۆیشتوە، و ئابوری بۆتە ركابەریەكی كراوە لە نێوان هەردوولایاندا، ئەمەش لە راپۆرتی ئەنجومەنی ئەمریكی بۆ كاروباری دەرەوە پشت ڕاستكراوەتەوە لە یەنایەری ٢٠٢٠دا.

هەروەها راپۆرتەكە داوا لە حكومەتی ئەمریكا دەكات ئامادەكاری زۆر جدی بكات بۆ روبەروبونەوەی كۆماری میللی چین. بەتایبەتی داوای گۆڕانكاری دەكات لە سیاسەتی ناوخۆو دەرەوەی ئەمریكادا، و هاوكاری كردن لەگەڵ ژاپۆن و كوریای باشور و ئوسترالیا و هیند و وڵاتانی باشوری رۆژهەلاتی ئاسیا. سەرەرای ئەمەش، داوایەك هەیە بۆ بەهێزكردنی هەبونی ئابوری ئەمریكی لە ئاسیا و دەستپێكردنی دانوستان لەگەڵ روسیا سەبارەت بە سیستەمی جیهانی و ئاسایش لە ئەوروپا و ئاسیا. لەلایەكی ترەوە واشنتۆن ژمارەیەك میكانیزمی دروست كردوە بۆ فشارخستنە سەر چین لە روی سیاسیەوە، لە نێویاندا یاسای دووبارە هەڵسەنگاندنی هۆنگ كۆنگ، و یاسای مافی مرۆڤ و دیموكراتیەت لە هۆنگ كۆنگدا، و یاسای مافی مرۆ/ی تایبەت بە ئیگۆرەكان.

لەبەر ئەوە، ناكرێ رێككەوتنی نێوان ئەمریكا و چین بە (ئاشتی ) و (ئاگر بەست) وەسف بكەین، و بەڵگەنامە هیچ لایەنێك رازی ناكات،  بەوەی پەكین وای دەبینێ بەلگەنامەكە لە ئەنجامی مەسجی سیاسی واشنتۆنەوەیە، و ئەمریكا وای دەبینێ ئەوەی چین دەیكات زۆر كەمە.

جەنگی بازرگانی كاریگەری لەسەر پەرەسەندنی ئابوری جیهانی هەبوە، و رەنگە بەلگەنامەكەش كاریگەری لەسەر سیاسەتی جیهانیی هەبێت، چونكە زیاد بونی خستنە روی كەل و پەلی ئەمریكی لە چین وا دەكات بازرگانی پەكین لەگەڵ هاوبەشەكانی تریدا كەم بكات، و ناچاریان دەكات میكانیزمی بازرگانی هەمان شێوە دابنەن بۆ پاراستنی درامەتەكانیان بۆ ركابەری كردنی واشنتۆن لە بازاڕەكانی چیندا.

لەگەل ئەوانەشدا كە باسكران، بەڵگەنامەكە كاریگەریەكی باشی كورت مەودای لەسەر رێككەوتنەكە دەبێت: پەكین سەقامگیریەكی كاتیی دەست دەكەوێت، ترامپیش لە هەڵبژاردنەكاندا سودی لێ دەبینێت.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا