داواكارییەكانی كورد دەخرێتە بەردەم عەدنان زورفی

کوردستان

30/03/2020‌ 1461 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كورد بۆ دەنگدان بە كابینەی عەدنان زورفی راسپێراو بۆ پێكهێنانی حكومەت چەند داواكارییەكی هەیەو لەگفتوگۆكان ئەو داواكارییانە دەخەنە بەردەمی.

بەپێی سەرچاوەیەكی ئاگاداری كورد لەشاری بەغدا، داواكارییەكانی كورد خۆی لەچارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێراوەكانی نێوان هەولێرو بەغدا دەبینێتەوە، كە دەبێت عەدنان زورفی رازی بێت بەچارەسەركردنی ئەو كێشانە.

هەر بەپێی سەرچاوەكە، كە قسەی بۆ شارپرێس كرد، یەكێكی تر لەداواكارییەكانی كورد، پرسی هێوركردنەوەی دۆخی كەركوك‌و ناوچە كێشە لەسەرەكانە، بەتایبەت پرسی گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە.

هەروەها پرسی دابیینكردنی موچەو بودجەی هەرێمی كوردستان یەكێكی تر لەداواكارییەكانی كورد دەبێت، كە بڕیارە بخرێتە بەردەم عەدنان زورفی.

چەند رۆژێكە دەزگاكانی راگەیاندن باس لەوە دەكەن، كە عەدنان زورفی راسپێردراو دەیەوێت لەچوارچێوەی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق سەردانی هەرێمی كوردستان بكات و لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەرێمدا كۆببێتەوە.

هـ ـ ح