تووشبوویەكی كۆرۆنا چیرۆكی خۆی بۆ شارپرێس دەگێڕێتەوە

ڕاپۆرت

04/04/2020‌ 2981 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: هێرش بەرزنجی
بەختیار شەریف قوربانی یەكێكە لە تووشبوانی نەخۆشی كۆرۆنا لەشاری چەمچەماڵ و لەرێی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە باس لەچیرۆكی تووشبوونی خۆیی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ "شارپرێس" باس دەكات.

ئەو تووشبووەی كۆرۆنا داوا لە هاووڵاتیان دەكات پابەندی رێنماییە تەندروستیەكان بن و لە ماڵەوە خۆیان كەرەنتینە بكەن، داواش لەو كەسانە دەكات نیشانەكانی ئەو نەخۆشییەی تێدایە زوو سەردانی پزیشك بكات.

شارپرێس: ئێستا باری تەندروستیت چۆنە؟
بەختیار شەریف: ئێستا بەراورد بە سەرەتا كە نەخۆشبووم ئیلتیهاباتی میزڵدان و گورچیلەم هەیە و دواتریش تووشی كۆرۆنا بووم زۆر باشترم، باری تەندروستیم بەرەو باشتریش دەچێت.

شارپرێس: جگە لە تۆ كەسی تر تووش بووە؟
بەختیار شەریف: ئەو رۆژەی كە من بەهۆی ئەم نەخۆشیەوە داغڵكرام باوكیشم كۆچی دوایی كرد، بەڵام ئەو پێش ئەوە كۆرۆنا بڵاوبێتەوە پزیكشەكان ئیزنیاندا بوو كە زۆر ناژیت ئەگەر نەشتەرگەری بۆ بكرێت و دوای ٤٠ رۆژ ئەمرێت، بەڵام باوكم سوربوو لەسەر ئەوەی نەشتەرگەری بۆ بكرێت، بۆیە باوكم دوای ٢٢ دوای نەشتەرگەرییەكەی كۆچی دوایی كرد، پێش مردنی بردیان بۆ پشكنین بۆ نەخۆشخانەی ئاسودە دوای پشكنین وتیان توشی كۆرۆنا بووە، جا نازانم بە كۆرۆناكە مردوە یان بە نەخۆشی شێرپەنجەكەی.

شارپرێس: ئێوە زانیتان كە باوكتان بە كۆرۆنا كۆچی دوایی كردوە؟
بەختیار شەریف: پشكنینەكان دەڵێن كە كۆرۆنای بووە، بەڵام كاتێك پشكنینەكان دەرچوون باوكم سەعاتێك پێش ئەوە گیانی لەدەستدابوو.

شارپرێس: كاتێك پزیشكەكان وتیان توشی ئەم نەخۆشیە بوویت چیت وت؟
بەختیار شەریف: من كە لە نەخۆشخانەی ئاسودە لە چەمشەماڵ داخڵكرام و پزیشكەكان وتیان توشی كۆرۆنا بوویت و بمێنێتەوە، من وتم زۆر پێم باشەو ئێوە چێ بڵێن ئەوە ئەكەم، لەو كاتەدا باری تەندروستیم زۆر خراپ بوو، چەند رۆژێك پێش ئەوەش من پشكنینم كرد بۆ نەخۆشییەكەی خۆم ئیتر پزیشكەكان پێیان وتم دەبێت خۆت كەرەنتینە بكەی و نەچیتە دەرەوە، منیش لە ماڵەوە مامەوەو نەچوومە دەرەوە تەنانەت باوكم لە نەخۆشخانەبوو نەچووم بۆ لای،باوكم دوو جار بانگی كردم وتم ناتوانم بێم بەس بۆ ئەوەی خەڵك بپارێزم و كەس توشی نەخۆشییەكە نەبێت، كاتێك خێزانەكەم ئەهاتن بۆلام دەمامك و دەستكێشیان دەبەست،بۆخۆم داوام لێیان كرد تا پابەند بن بە رێنماییەكانەوەو بە خۆپارێزی تەواوە بێنە لام.

شارپرێس: ئەی لەو كاتەدا پشكنین بۆ خانەوادەكەتان كرا؟
بەختیار شەریف: بەڵێ چەند جارێك پشكنین بۆ هەموویان كرا سوپاس بۆ خوا هەموویان پشكنینەكانیان پاك بوو توشی ئەم نەخۆشیە نەبوون، بەڵام دایكم پشكنینەكەی پۆزەتیڤ بوو دەركەوت ئەویش ڤایرۆسەكە لە لەشیایەتی ئێستا ئەو لە نەخۆشخانە لە تەنیشت منە، سوپاس بۆ خوا ئەویش تەندروستی باشەو رەنگە لەم رۆژانە لە نەخۆشخانە دەربچێت.

شارپرێس: خۆت و دایكت تەمەنتان چەندە؟
بەختیار شەریف: خۆم تەمەنم ٣٦ ساڵەو دایكیشم تەمەنی ٥٦ ساڵە.

شارپرێس: ئەی ورەو ئیرادەتان چۆنە؟
بەختیار شەریف: سوپاس بۆخوا زۆر زۆر باشین، ورەمان زۆر بەرزە و بە حاڵەتێكی ئاسایی دەزانین، پێشووتر توشی پەتا بووم زۆر لەمە خراپتر بووە، ئێستا دوای وەرگرتنی چارەسەرەكان كۆكەیەكی كەمم ماوە، ئەو رۆژەی كە توشی كۆرۆنا بووم باری تەندروستی و دەروونیشم خراپ بوو، چونكە باوكم دۆخی ئاوا بوو لە ژوورەكەی تەنیشت خۆم نەمتوانی بیبینم و نازانم گۆڕەكەشی لە كوێیە، بەڵام ئێستا باری تەندروستی و دەروونیشم زۆر باشە،سوپاس بۆ خواو پزیشكەكانیش كە زۆر هاوكاریان كردم لە چاكبوونەوەو باشتربوونم؟

شارپرێس: ئامۆژگاری تۆ چییە بۆ ئەو كەسانەی توشبوون یان گومانیان لێ دەكرێت یاخود ئەوانەی نەخۆشی تریان هەیە؟
بەختیار شەریف: من وەك نەخۆشییەكی كۆرۆناو لە نەخۆشخانەم تكایان لە هاوڵاتیان دەكەم لە ماڵەوە بمێننەوەو بەریەككەوتنیان نەبێت، تكایە لە ماڵەوەو شوێنی تر كۆنەبنەوە، هاتووچۆكانیان رابگرن، ئەگەر پابەندی رێنماییەكان نەبن ئەوكات خەڵك زیاتر تووش دەبن، ئەوكات مەترسییەكان زیاتر دەبن، ئەو كات نەخۆشخانەكان پڕ دەبن و حكومەتیش فریای چارەسەر نەكەون، بۆیە تكایە لەیەك نزیك نەبنەوە.

شارپرێس: مامەڵەو كاركردنی پزیشكەكان چۆن بوو كە توشی ئەم نەخۆشییە بوو؟
بەختیار شەریف: من زۆر سوپاسی پزیشكەكان دەكەم كە بەو پەڕی دڵسۆزییەوە كاری خۆیان كردوە، ئێستا لەم نەخۆشخانەیەی منی لێم پێنج نەخۆشی تیایە، مامەڵەی پزیشكەكان زۆر باشە لەگەڵمان، رۆژانە چەندین جار دێن تەحقیمی ژوورەكان دەكەن و پاكی دەكەنەوە، ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە بۆ من ئەوەیە كە لێرە هیچ جیاوازییەك لەنێوان پزیشك و كارگوزاردا نییە، كارمەندی نەخۆشخانەكە خواردنمان بۆ دێنێت، بەرێوەبەری نەخۆشخانەكە خۆی دەرمان دەڕشێنێت، لەگەڵ نەخۆشخانەكان زۆر رووخۆش و دەم بەخەندەن رۆژانە هیوامان پێ دەبەخشن. 

شارپرێس: تائێستاش زۆر كەس بڕوا بەوە ناكەن ئەو نەخۆشییە هەبێت و دەلێن فشەیە تۆ كە توشی نەخۆشیەكە بوویت ئێستا وا لە نەخۆشخانەیت ئامۆژگاریت چییە بۆ ئەو كەسانە؟
بەختیار شەریف: ئەم نەخۆشییە راستیەو هیچ فشە نییە، ئەمرۆ هەموو جیهان بەدەستییەوە دەناڵێنێت، خۆم و دایكم وا لە نەخۆشخانەین و پێنج توشبووی تریشی لێیە، ئەگەر نەخۆش نەبین چی ئەكەین لێرە ماوینەتەوە،بۆیە نەخۆشییەكە بەجدی وەربگرن و تكایە پابەندی ئەو رێنمایانە بن كە وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی پێمان دەڵێن،چونكە ئەوەی تێبینمان كردوە، خەڵكیش زۆر پابەندن نییە، هیوادارین خەڵك خۆی لە ماڵەوە كەرەنتینە بكات باشترە لەوەی بە زۆر لە نەخۆشخانە كەرەنتینەی بكەن.

شارپرێس: رەنگە كەسانێك هەبن تووشی نەخۆشیەكە بووبن و باسی نەكەن ئەمە تاچەند خراپە؟
بەختیار شەریف: شتێكی زۆر ئاساییە كە تووشی كۆرۆنا بووبێتی و هیچ پێویست ناكات شەرم بكەی، من كە توشی كۆرۆنا بووم خۆن لە فەیسبووك بڵاومكردەوە كە توش بووم و بە ورەیەكی بەرزیشەوە لە نەخۆشخانە كەوتووم و لەژێر چاودێری پزیشكیدام،بۆیە تكا لە خەڵك ئەكەم ئەمە بە عەیبە نەزانێت و ئەگەر نیشانەكانی هەبوون زوو پەیوەندی بكات بە تیمە تەندروستییەكانەوە بۆ ئەوەی زووتر چارەسەر وەربگرێت و زوو چاك بێتەوە.