یەكێتی بۆ دیاریكردنی هەڵوێست لەبارەی كابینەكەی زورفی چاوەرێی گفتوگۆی لایەنە شیعییەكان دەكات

کوردستان

05/04/2020‌ 639 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەسەر بنەمای كارنامەی حكومەت و وەزیرەكانی كابینەكەی هەڵوێستیان لەبارەی عەدنان زورفی سەرۆك وەزیری راسپێردراو راگەیاند، كە چاوەڕێی لایەنە شیعەكان لەو بارەوە دەكەن.

لەو بارەیەوە تەها حەمەد ئەمین پەرلەمانتاری یەكێتی نیشتمانیی كوردستان وتی: یەكێتی هیچ ناكۆكییەكی لەگەڵ هیچ كەسایەتییەك نییە، كە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران رادەسپێردرێت بەو مەرجەی بەرنامە حكومییەكەی و وەزیرەكانی حكومەتەكەی وەڵامدەرەوەی داوخوازی گشت لایەك بێت و گفتوگۆ لەگەڵ كوتلە سیاسییەكان بكرێت و هەوڵی دوورخستنەوەو پەراوێزخستنی هیچ لایەنێك نەدرێت.

وتیشی: یەكێتی بەوردی هەڵسەناگاندن بۆ كارنامەی حكومەت دەكات و دواتر لەكۆبوونەوەی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی هەڵوێستی فەرمی خۆی ئاشكرادەكات.

لەدرێژەی قسەكانیدا پەرلەمانتارەكەی یەكێتی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، كە هێزە كوردییەكان چاوەڕێی ئەوە دەكەن بزانن دانوستانی كوتلە شعییەكان لەنێوان خۆیاندا لەبارەی پشتیوانیكردنی كەسی راسپێردراو بۆ  وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران بەكوێ دەگات.

رۆژی شەممە نووسینگەی راگەیاندنی محەمەد حەلبووسی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرایكرد، كە عەدنان زورفی سەرۆك وەزیری راسپێرداو كارنامەی حكومەتەكەی رادەست كردوون.

عەدنان زورفی لەناوەڕاستی مانگی رابردوو لەلایەن بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق راسپێرا بۆ پێكهێنانی حكومەت‌و بەشێك لەلایەنە شیعییەكان رازی نین بەراسپاردنی.

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی