بڵاوكردنەوەی بەڵگەنامە لەسەر بردنە دەرەوەی 6 ملیار یۆرۆ لەهەرێمی كوردستان

کوردستان

13/05/2020‌ 4012 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
كۆمپانیای گروپی ئابورلاند (هەولێر- هەرێمی كوردستان)، ساڵی 2018 بەچەندین جاربڕی 6 ملیار یۆرۆی هەناردەی دەرەوە كردووە بەمەبەستی وەبەرهێنان لەگەڵ كەسێك بەناوی ماتیو سالۆسترۆ، كە هەڵگری رەگەزنامەی ئیتالییە. 

پێدەچێت وەبەرهێنانەكە لە بەریتانیا بێت، تێكەڵییەك هەیە لە بەڵگەكاندا سەبارەت بە ناردنی پارەكان، دواتر هەمان كۆمپانیای ناوبراو ساڵی 2019 بڕی 50 ملیۆن دۆلاری تری رەوانەی كەسێكی ئێرانی كردووە.

هەرچەند بەڵگەكان زۆر نهێنی و تایبەتە، بەڵام بەپێی بەڵگەكان ناردنەكە هیچ شتێكی نایاسایی پێوە دیار نییە. 

هاوكات كاروان گەزنەیی پەرلەمانتاری یەكێتی نیشتمانی لەو بارەوە دەڵێت: كۆمپانیایەك لە هەولێر بەناوی (ئابوور گروپ) نزیكەی (٦) ملیار یۆرۆ، دەنێرێتە دەرەوەی هەرێمی كوردستان بۆ ناوچەی كەناری وارف لە لەندەن بۆ بانكیHSBC كە یەكێكە لە گەورەترین بانكەكانی جیهان.

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت: ئەم پارەیە لە هەرێمی كوردستانەوە ڕۆشتووە و تا ئێستاش سەرقاڵی بەدواداچوونین و زیاتر لە (٣٠) بەڵگەمان لایە بە ناوی سیانی ئەو كەسەی پارەكەی ناردووە، و بانكەكە و ژمارەی حسابی و ئەو بانكەشی كە لەلەندەن پارەكەی وەرگرتووە و تەواوی بەڵگە زانیارییەكان لە دوای تەواوبوونی بەدواداچوونەكەمان بڵاو دەكەینەوە.

باسی لەوەش كردووە، كە دەبێت حكومەتی هەرێم بەزوترین كات ئەم پارەیە بگێڕێتەوە چونكە ئەم پارەیە بودجەی زیاتر لە ساڵێكی حكومەتی هەرێم‌و موچەی سەرجەم فارمانبەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ ماوەی یەك ساڵ.

ئەوەش دەڵێت: زانیاری زیاتر و وردتر بڵاو دەكەینەوە و سەرجەم بەڵگەكانیش ڕادەستی داواكاری گشتی دەكەین لەدوای تەواوبوونی بەدواداچونەكەمان. ئەمە گەورەترین كارەساتە لە ڕووی ئابوورییەوە لە هەرێمی كوردستان ڕوویدابێت.