ئەمریكا‌و مەرجی نوێ.. جیهان لەچركەساتێكی مەترسیدار نزیكدەبێتەوە

ڕاپۆرت

16/05/2020‌ 4072 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەو ناونیشانەی سەرەوە، گۆڤاری " فوینیە ئۆبزرینییە" راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە دەربارەی نزیكبوونەوەی جیهان لەچركەساتێكی مەترسیدار، بەوەی پەیماننامەی كەمكردنەوەی چەكی هێرشبەری ئەتۆمی بەم نزیكانە كاری پێناكرێت.

بەپێی راپۆرتەكە، لە ٥ی فێرایەری ٢٠٢١، ماوەی كار كردن بەپەیماننامەی كەمكردنەوەی چەكی هێرشبەر (ستارت-٣) كۆتایی پێدێت، كە دەقی مەرجەكانی ئەم پەیماننامەیە بریتییە لەكەمكردنەوەی چەكی ستراتیجی ئەتۆمی بۆ ئەو سنوورەی رێككەوتنی لەسەر كراوە. 

هەر بەپێی راپۆرتەكە، لەگەڵ ئەوەشی بوار هەیە ماوەی رێككەوتنامەكە درێژبكرێتەوە بە رەزامەند بوونی هەردوولا، بەڵام پرۆسەی درێژكردنەوەكە وەستاوە و لەم دواییانەدا كێشەی نوێ سەری هەڵداوە و لایەنی ئەمریكی هەندێ پێشنیاری كردووە، پێدەچێت جێبەجێكردنی ئاستەم بێت.

هەرچی هۆكاری گفتوگۆ نوێیەكانە، لەسەر ئاستێكی زۆر باڵادایە و دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، كە رۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاویكردووەتەوە لەم دواییانەدا. 

لە ٧ی مایۆدا، چاوپێكەوتنیك لەگەڵ نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا بۆ دانانی سنوورێك بۆ خۆپڕچەككردن، مارشال بیلینگسلی بڵاوكراوەتەوە و شتێكی سروشتییە لەم چاوپێكەوتنەدا چەند خاڵێك جێگای سەرەنج بێت و بە شێوەیەكی گشتی بابەتەكە پەیوەندی بە سێ تەوەری سەرەكیەوە هەیە:

یەكەم، بریتیە لە چونە ناوەوەی چین بۆ نێو پەیماننامەكە.

دووەم: پەیوەندی بەو چەكە روسیانەوە هەیە، كە دەخرێنە خزمەتەوە، بیلینگسلی ئاماژەی بۆ كۆسیستەمەكانی "كینگال" و "بۆسیدون" و " بوریفیستنیك" كردوە؛ ئەمانە ناچنە نێو بەندی مەرجەكانی ستارت-٣ی ئێستاوە.

سێیەم: پەیوەندی هەیە بە لێكۆڵینەوە لە واقیع و كۆكردنەوەی زانیارییەكان، هۆكاری ئەم پێشنیارەش بۆ بێ متمانەیی واشنتۆن دەگەڕێتەوە لە هەمبەر مۆسكۆ و پەكین.

لە هەمان كاتدا، ئەوەی لە چاوپێكەوتنەكەی ناوبراوەوە هەڵدەهێنجرێ ئەوەیە، كە ئەمریكا ئامادەی سیناریۆیەكی نێگەتیڤەو ماوەی رێككەوتننامەی ستارت-٣ درێژناكرێتەوەو جێگرەوەشی نییە. 

هەروەها واشنتۆن نایەوێت لەم پرۆسەیدا گوناهبار دەربچێت، بەم شێوەیە دەكرێت شرۆڤەی پێشنیارە نوێیەكان ئیستفزازی‌و ناجدی یاخود ئاستەم لێكبدرێتەوە بۆ ئەگەری هەر رێككەوتنێك.

بە شێوەیەكی گشتی، پێدەچێت هەڵوێستی سەركردایەتی ئێستای ئەمریكا لەهەمبەر ستارت-٣ یان گۆڕینی لۆجێكی و باشتر بێت لەدیدگای ئەمریكییەوە و بەڵام لە دیدگای لایەنەكانی ترەوە نا جدیەتی پێوە دیار بێت، هەموو ئەمانەش، رێگە نادەن بە كردنەوەی كەناڵێك بۆ گفتوگۆیەكی بنیادنەرو گەیشتن بە چارەسەری بەسوود بۆ هەردوولا، كەچی پێدەچێت ئەمریكا هەڵوێستێكی پرەنسیبیی وەرگرتبێت.

دیارە كەمتر لە ساڵێكی ماوە بۆ ئەوەی پەیماننامەكە كاری پێنەكرێت، ئەو كاتەشی ماوە، لەسەر روسیاو ئەمریكا پێویستە ستراتیژییەتێكی هاوبەش و چەند رێكارێك بگرنە بەر، كەچی لێدوانە نوێیەكانی بەرپرسانی ئەمریكا بە شێوەیەكی زۆر جدی هەڕەشە لە پرۆسەكە دەكات.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا