كازمی خۆی فوئاد حوسێنی بۆ پۆستی وەزارەتی دەرەوە كاندید كردووە

کوردستان

21/05/2020‌ 1992 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عەلی فەیلی چاودێری سیاسیی نزیك لە پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرایكرد، پاڵاوتنی فوئاد حوسێن بۆ پۆستی وەزارەتی دەرەوەی حكومەتی عێراق لەسەر داوای خودی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیری عێراق بووە .

فەیلی لەلێدوانێكدا بۆ پێگەی "today news"وتی:  پارتی خۆی دەستوەردانی لە پاڵاوتنی فوئاد حوسێن بۆ پۆستی وەزارەتی دەرەوە نەكردووە، بەڵكو مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران خۆی ناوبراوی بۆ ئەو پۆستە پاڵاوتووە، باسی لەوەش كردووە رەتكردنەوەی كوتلە سیاسییەكان بۆئەوەی فوئاد حوسێن پۆستی وەزارەتی دەرەوە وەربگرێت پێش ئەوەی دەستتێوەردان بێت لە كاروباری كوتلە سیاسییەكانی تر، دەستتێوەردانە لە كاروبارەكانی سەرۆك وەزیران .

ئەو ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە ئەو لایەنانەی بانگەشەی ئەوەیان دەكرد، كازمیان سەرپشك كردووە بۆ ئەوەی بەئازادی ناوی كاندیدی وەزارەتەكان دەستنیشان بكات كەچی ئێستا لە بچووكترین كاروباردا دەستتێوەردان دەكەن تەنانەت دەست بۆ بەركەوتەی كوتلە سیاسییەكانی تریش دەبەن كە ئەوە بەلای ئەوانەوە بەهەموو جۆرێك رەتكراوەیە .

بەشێكی زۆر لە هێز و لایەنە سیاسییە شیعییەكان ڕایانگەیاندووە، ڕێگە نادەن فوئاد حوسێن پۆستی وەزارەتی دارایی لە حكوومەتەكەی مستەفا كازمی وەربگرێت بەوپێیەی ئەوكاتەی لەكابینەكەی عادل عەبدولمەهدی وەزیری دارایی بووە وەك وەزیرێكی فیدراڵی مامەڵەی نەكردووە و تڕیلیۆنان دیناری لەدەرەوەی یاسای بودجە بۆ هەرێمی كوردستان خەرج كردووە .

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی