بەپێی راپرسییەک زۆرینەی گەنجانی تورکیا دەیانەوێت وڵاتەکەیان بەجێبهێڵن

جیهان

22/05/2020‌ 855 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپێی راپرسییەک کە کۆمپانیایەکی توێژینەوەی تورکی کردوویەتی ٦٢،٥٪ ی گەنجانی تورکیا دەیانەوێت لەدەرەوەی وڵاتەکەیاندا بژین ، کە  بەشێکی زۆریان لە لایەنگران پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتداری تورکیا و سەرۆکی ئەو وڵاتە بوون .


بەپێی راپۆرتێکی پێگەی رۆژنامەی "جمهوورییەت"ی تورکیا راپرسییەکە لەلایەن دامەزراوەی سۆشیالیستی دیموکراتی لە تورکیا کراوە و ١٢ شاری ئەو وڵاتەی گرتۆتەوە کە تێیدا ٦٠٠ گەنج کە تەمەنیان لەنێوان ١٥ بۆ ٢٥ ساڵی بووە بەشداریان تێدا کردووە .


ئەنجامەکانی راپرسییەکە ئەوەی پیشانداوە کە ٧٢،٢٪ بەشداربوون حەزیان لێبووە لە وڵاتی سویسرا نیشتەجێ ببن تەنانەت ئەگەر داهاتیان بۆ نیوەی داهاتی ئێستایان کەمببێتەوە .


هەروەک ٢٧،٨٪ یان گوتوویانە زانکۆکانی تورکیا خوێندکار بەجۆرێک ئامادە ناکەن کە لەدوای تەواوکردنی خوێندن دەرفەتی کاری دەستبکەوێت ، هەروەها ١٠،٥٪یان گوتوویانە ناتوانن لەسەر پێگە کۆمەڵایەتییەکان بەئازادی گوزارشت لە بۆچوونی خۆیان بکەن ، بەڵام ٢٣٪ بەپێچەوانەوە بیریان کردۆتەوە .


لەمانگی دیسەمبەری رابردوو تەمەل قەرە مەلا ئۆغڵو ڕێبەری پارتی سەعادەتی تورکیا گوتی ڕێژەی کۆچکردنی عەقڵە گەنجەکان بۆ دەرەوە بەڕێژەی ٦٣٪ هەڵکشاوە ، هەروەک داواشی لە ئەردۆغان کرد کە تەنگ بە هێزە بەرهەڵستکارەکان هەڵنەچنێت و وەک تیرۆریست پۆڵێنیان نەکات .


باسی لەوەش کردبوو کە زۆرینەی ئەوانەی کۆچ دەکەن لەو گەنجانە کە لە قۆناغی خوێندنی باڵادان و تەمەنیان لەنێوان ٢٠ بۆ ٣٤ ساڵیدایە .


مەلا ئۆغلو ئاماژەی بەلێدوانێکی ئەردۆغان کردبوو کە گوایە کۆچی عەقڵەکان لە تورکیا وەستاوە و بەپێچەوانەوە ئێستا عەقڵەکان روو لە تورکیا دەکەن ، ئەو گوتبووی دۆخەکە روون و ئاشکرایە کە ئەوە راست نییە .


هەروەک بەپێی داتاکانی پەیمانگای ئاماری تورکی کە لەساڵی ٢٠١٩ دا بڵاوی کردۆتەوە ، لەساڵی ٢٠١٨ دا نزیکەی ١٣٧ هەزار هاوڵاتی تورکی وڵاتەکەیان بەجێهێشتووە و کۆچیان کردووە بۆ دەرەوە کە رۆژانە ٣٨١ کەس دەکات .


جگە لە هاوڵاتیانی ئاسایی بەهۆی خراپی دۆزی مافی مرۆڤەوە لە تورکیا ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە سەرمایەدار و خەڵکی خاوەنکار ڕوو لە وڵاتانی تر دەکەن بەتایبەتی وڵاتانی ئەوروپا .


لەماوەی رابردووشدا ئەردۆغان تۆپراک گەورە راوێژکاری سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری و پەڕلەمانتاری پارتەکە لەسەر شاری ئیستەنبووڵ لەبارەی کۆچکردنی گەنجانی ئەو وڵاتە بۆ دەرەوە گوتی " ئەو تورکانەی لە ئایندەی وڵاتەکەیان نائومێد بوون و لەشێوازی ئیدارەدانی وڵاتەکەیان رازی نین دەڕۆن و رەگەزنامەی وڵاتانی تر بەدەست دەهێنن ".

هەروەک  روونیکردوەتەوە، دەوڵەمەندەکانی تورکیا لەپێناو دەستکەوتنی رەگەزنامەی وڵاتانی تر دەچن خانوو ماڵ و موڵک لە پرتوگال و مەکدۆنیا و جەبەل ئەسوەد و دورگەکانی یۆنان دەکڕن و وڵاتەکەی خۆیان جێدەهێڵن".
وەرگێڕان : ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی