شارپرێس:
فەتحی پاشا وەزیری ناوخۆی حکوومەتەکەی فایز
سەڕراجی لایەنگری ئەنقەرە ئاشکرای کردووە کە لەمدواییە رووسیا لانیکەم هەشت فرۆکەی
جەنگی بۆ پشتیوانیکردنی هێزەکانی مووشیر خەلیفە حەفتەر ڕەوانەی لیبیا کردووە .
پاشا لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی "
بلوومبێرگ" باسی لەوە کردووە کە ئەو فرۆکانە لە بنکەی ئاسمانی حومەیمیمی
سوریاوە رەوانەی ئەو وڵاتە کراون و فرۆکەی سەردەمی یەکێتی سۆڤێتی پێشوون کە شەش
فرۆکەیانە لە جۆری " Mig-29" و دوو دانەیان ل جۆری
" Su-24 " ن و گەیشتوونەتە رۆژهەڵاتی لیبیا کە
لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سەر بە سوپای نیشتیمانی لیبیادایە .
هەرچی لایەنی رووسییە هێشتا هیچ
ڕوونکردنەوەیەکیان لەبارەی چوونی ئەو فرۆکانە بۆ لیبیا نەداوە .
بەگوێرەی ئاژانسی بلوومبێرگ هێزەکانی
جەنەراڵ مووشیر خەلیفە حەفتەر کە کەلایەن رووسیا و میسر و فەرەنساو و ئیماراتەوە
پشتیوانی دەکرێت رایگەیاندووە کە گەورەترین هەڵمەتی ئاسمانی دەکاتە سەر
ئامانجەکانی تورکیا لە لیبیا .
رۆژی دووشەممە هێزەکانی سەر بە حکوومەتی
فایز سەرراج توانیان بنکەی ئاسمانی وەتییە کە بنکەیەی سترارتیژییە ، هاوکات
لەگەڵیشیدا ژووری ئۆپەراسیۆنە سەرەکییەکانی سەر بە حەفتەر لەناوچە و هەردوو شاری
بەدر و تیجی لە رۆژئاوای لیبیا کۆنترۆڵ بکەن .
لەمانگی نیسانی ساڵی ٢٠١٩ وە هێزەکانی سەر
بە مووشیر خەلیفە حەفتەر هەڵمەتێکی سەربازی فراوانیان بۆ رووخاندنی حکوومەتەکەی
فایز سەرراج لە تەرابلووسی پایتەختی لیبیا دەستپێکردووە کە لەلایەن تورکیا و
قەتەرەوە پشتیوانی لێدەکرێت ، کە بەهۆیەوە هەزاران کەس لە هەردوولا گیانیان
لەدەستداوە و زەرەر و زیانێکی گەورەشی بە ژێرخانی ئابووری ئەو وڵاتە گەیاندووە .
وەرگێڕان : ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی