وردە‌كاری گواستنە‌وە‌ی ١٧٦ بەندكراو لە‌سلێمانییەوە بۆ كە‌ركوك

لە میدیاکانەوە

23/05/2020‌ 1681 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
گواستنەوەی ١٧٦ بەندكراو لە سلێمانییەوە بۆ كەركووك، كە دەوترێت بە ماددەی چواری تیرۆر سزادراون، مشتومڕی لێكەوتووەتەوە و حكومەتی هەرێم بێ ئاگایی خۆی لەو پرسە راگەیاندووە.

بە‌پێی رێككە‌وتنی نێوان یە‌كێتی نیشتمانی كوردستان و حكومە‌تی ناوە‌ندیی عێراق، ١٧٦ بەندكراو كە دەوترێت لە نە‌تە‌وە‌ی عە‌رە‌ب و توركمان بوون، لە بەندیخانەكانی سلێمانییەوە بۆ كەركوك گوستراونەتە‌وە.‌ 

ئەو بەندكراوانە‌ هەرچەندە بە تەواوی تاوانەكانیان ئاشكرانەكراوە، لە‌ماوە‌ی ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٧ لە‌سنووری پارێزگای كە‌ركوك دە‌ستگیركراون، كە‌ بە‌شی زۆریان خە‌ڵكی قە‌زای حە‌ویجە، رەشاد، ریاز و عەباسییە و ئەو ناوچانە دەستگیر كراون، كە لە ژێر كۆنترۆڵی رێكخراوی تیرۆریستی داعشدا بووە.

بە پێی زانیارییەكان، كە ئاژانسی ئەنادۆڵ بڵاویكردووەتەوە، بە‌شێكی زۆری ئەو بەندكراوانە لە‌ سنوورە‌كانی مە‌كتە‌ب خالد و قە‌زای داقوق دە‌ستگیركراون، كە‌ لە‌ سنووری مە‌كتە‌ب خالد ٧٤ كە‌س و لە‌قە‌زای داقوقیش ٣٣ كە‌سبوون.

لەو بارەیەوە لێپرسراوی مە‌ڵبە‌ندی كە‌ركوكی یە‌كێتی نیشتمانی كوردستان محەممەد عوسمان، كە وەك لە میدیاكاندا دەردەكەوێت ئەركی رێكخستنی پڕۆسەی رادەستكردنەوەی بەندكراوانی پێسپێردراوە دەڵێت: جێبە‌جێكردنی ئە‌م رێككە‌وتنە‌ بۆ فە‌راھە‌مكردنی ئاشتە‌وایی و پێكە‌وە‌ ژیانی نێوان پێكھاتە‌كان بووە.

هەر چەندە بە رێگەی راگەیەندراوێكەوە، وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان بێ ئاگایی خۆی لەو دۆسیەیە راگەیاندووە و جەختی لەوە كردووەتە، كە حكوومەتی هەرێم نە ئاگاداری گرتنیان بووە و نە ئاگاداری رادەستكردنەوەیان بە بەغدا، بەڵام محەمەد عوسمان دەڵێت،: رێكە‌وتنە‌كە‌ لە‌نێوان حكومە‌تی ھە‌رێم و حكومە‌تی ناوە‌ندیی ئە‌نجامدراوە.

حكومەتی هەرێمی رەخنەی لەو پرۆسەیە گرتووە و رایگەیاندووە، بابەتی هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتە فیدڕاڵییەكان رێكار و میكانیزمی خۆی هەیە، كە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵی بە یاسا و رێنمایی رێكخراون و بابەتی رادەستكردنەوەی ئەم تۆمەتبارانە بەدەر لەم میكانیزمانە ئەنجامدراوە.

ئەو لێپرسراوەی مە‌ڵبە‌ندی كە‌ركوكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەشڵێت: لە‌سە‌ر رێنمایی ھاوسە‌رۆكانی یە‌كێتی و ئێمە‌ وە‌ك نێوە‌ندگیرییە‌ك لە‌نێوان حكومە‌تی ھە‌رێمی كوردستان و حكومە‌تی ئیتحادی، ھە‌ستاین بە‌و نێوە‌ندگیرییە‌ بۆ پێكە‌وە‌ ژیان و كاركردنی ئایندە‌ بۆ بونیادنانی پە‌یوە‌ندی تە‌ندروست لە‌نێوان پێكھاتە‌كانی كە‌ركوك و‌ خۆشبە‌ختانە‌ دوای مانگ و نیوێك گفتوگۆ متمانە‌ دروستبوو ئە‌و زیندانیانە‌ تە‌سلیمی حكومە‌تی ئیتحادی بكرێن نە‌ك ئازاد بكرێن، ئە‌وان ئازاد ناكرێن و تە‌نیا رادە‌ستی حكومە‌تی ئیتحادی دە‌كرێن.

محەمەد عوسمان بێ ئاگایی خۆی لە دادگاییكردن یان نەكردنی ئەو بەندكراوانە لە ماوەی ئەم ساڵانە لە بەندیخانەكانی هەرێم نیشان داوە و ئەوەشی وت: پێشووتریش دووسە‌د زیندانی تر لە‌قۆناغی یە‌كە‌م ئازادكران ئە‌مجارە‌یش ئە‌وە‌ی مابوو ئازاد كران و بە‌ پێی وتە‌ی وەزارە‌تی پێشمە‌رگە‌، كە‌ بە ‌ئێمە‌یان راگە‌یاندووە ئێستا ھیچ دە‌ستگیركراوێكی پێكھاتە‌كانی سنووری حكومە‌تی ئیتحادی لە‌لایە‌ن جیھازی ئە‌منی كوردستان نامێنێت.

لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان هەروەها وتی: زۆربە‌ی ئە‌م كە‌سانە‌ لە‌سە‌ردە‌می شە‌ڕی داعشدا بە‌شێكیان كاری تە‌قینە‌وە‌یان كردووە‌ و ھە‌ندێكیشیان لە‌شە‌ڕدا گیراون یا خۆیان رادە‌ستی ھێزی پێشمە‌رگە‌ كردووە‌، بەندكراوان جگە‌ لە‌نە‌تە‌وە‌كانی عە‌رە‌ب و توركمان، كوردیشیان تێدا بووە،‌ كە‌ كاری تیرۆریستی كردووە.

هەر لەم بارەیەوە، نوێنە‌ری عە‌رە‌بی سوننە‌ و راوێژكاری سە‌رۆكایەتی كۆماری عێراق، ئیسماعیل حە‌دیدی، كە‌ لە‌سە‌رە‌تای گفتوگۆكانە‌وە‌ تا رێككە‌وتن و گواستنە‌وە‌ی زیندانییە‌كان، رۆڵی هەبووە، ئاشكرایكرد، پڕۆسەكە لەسەر خواست و داواكاری پێكهاتەكانی كركوك بووە و حكومەتی عێراق داوای لە بەرپرسانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كردووەتەوە، كە بەندكراوان رادەست بكەنەوە

حەدیدی لەو بارەیەوە دەڵێت: پاش داواكاری لایە‌ن و نە‌تە‌وە‌كانی كە‌ركووك و داواكاری چە‌ندجارە‌ی حكومە‌تی ناوە‌ندی، وایكرد بە‌رپرسانی یە‌كێتی ئە‌و زیندانیانە‌ بگوازنە‌وە‌ كە‌ركوك، ئە‌م رێكە‌وتنە‌ لە‌بە‌رانبە‌ر ھیچ دە‌ستكە‌وت و ھیچ شتێك نەبووە.

ئەو داواش دەكات، كە هاوشێوەی ئەوە، بەندكراوانی سنوورەكە لە بەندیخانەكانی هەولێریشەوە ئازاد بكرێن و دەڵێت: "زیندانی عە‌رە‌ب و توركمان لەزیندانە‌كانی سلێمانیدا نە‌ماون و تە‌نھا ژمارە‌یە‌ك زیندانی لە‌ھە‌ولێر ماون كە‌ داواكارن ئە‌وانیش ئازاد بكرێن".

ئەو راوێژكارەی سەرۆكایەتی كۆمار دەشڵێت: بەرپرسانی یەكێتی بۆ ئاسانكاری لە دادگایی كردنیان پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بەندكراوانیشیان هاوپێچ بۆ بەغدا رەوانە كردووە.

بە پێی زانیارییەكان، هەمان داواكاری بەرپرسانی بەغدا ئاراستەی بەرپرسانی حكوومەتی هەرێم لە هەولێریش كراوە و پێیان راگەیەندراوە كە تاوانبارانە بۆ ئەو شوێنانە بگوازنەوە كە تاوانەكەی تێدا ئەنجام دراوە، بەڵام تا ئێستا ئەو خواستەی بەرپرسانی بەغدا لە لایەن هەولێرەوە وەڵام نەدراوەتەوە.

هـ ـ ح