شێخێكی قەتەری مانگانە ملیۆنان دۆلار دەداتە ڕێبەری بەرەی نوسرە

لە میدیاکانەوە

24/05/2020‌ 1120 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عیسام ئەلهەنا ناسراو بە ئەبی مەنسوور ئەلمەغریبی سەركردە لە بەرەی نووسرە، كە ئێستا لە عێراق دەستگیر كراوە باس لە پشتیوانیكردنی لایەنە دەرەكییەكان بەتایبەت قەتەرییەكان لەپشتیوانی كردنی بەرەی نووسرە دەكات لە دیارترینیان شێخ خالید سلێمان، كە مانگانە بە ملیۆنان دۆلار هاوكاری ئەو ریكخراوە تیرۆریستییە دەكات.

بەگوێرەی رۆژنامەی "قەزای عێراقی" سەر بە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراقی، عیسام باسی لە سرووشتی كاركردنی لەگەڵ لایەنی توركی كردووە، كە بریتی بووە لە هەماهەنگیكردن بەمەبەستی هێنانی شەڕكەر و داخڵكردنیان بۆ ناو خاكی سوریا لەڕێگای توركیاوە، هەروەك چارەسەركردنی بریندارەكانی ئەو ڕێكخراوە لەنەخۆشخانەكانی توركیا چەندین بواری تری هەماهەنگی نێوان ئەو دوو لایەنە بەتایبەت دانوستانكردن بۆ ئازادكردنی ئەو گیراوە توركانەی لای ڕێكخراوە تیرۆریستییەكانن لەدیارترینیان ئازادكردنی تیمی دیبلۆماسی كونسوڵخانەی توركیا لە موسڵ .

ئەو سەركردە ٣٥ ساڵییەی بەرەی نووسرە، كە جگە لە زمانی عەرەبی، ئیسپانی و ئینگلیزی و فەرەنسیش دەزانێت و دەشڵێت: لەساڵی ٢٠١٢ پەیوەندی بە ڕێكخراوە تیرۆریستییەكانەوە كردوووە بەتایبەت ڕێكخراوی داعش، كە بەهۆی زمانزانییەكەیەوە جێگای سەرنج و گرینگیپیدانیان بووە و ویستوویانە دۆسیەی پەیوەندییە دەرەكییەكانی پێبسپێرن.

سەبارەت بە رۆڵی قەتەر لە پشتیوانیكردنی ڕێكخراوە تیرۆریستییەكان، عیسام ئاماژە بۆ ئەوە دەكات گواستنەوەی ئەو بۆ ناو بەرەی نووسرە بەهۆی ناكۆكییەكانی لەگەڵ سەركردەكانی داعش گرنگییەكی زۆری پێدراوە و هۆكارێكی سەرەكی بووە بۆ درووستكردنی لیژنەی هەماهەنگی دەرەكی وەك لایەنی قەتەری.

لەبەشێكی قسەكانیدا ئەو دەڵێت: بەمەبەستی دەستكەوتنی پشتیوانی دارایی لەگەڵ لایەنە دەرەكییەكان لەپەیوەندیدبووم لەوانە شێخ خالید سلێمان، كە كەسایەتییەكی قەتەرییە و مانگانە ملیۆنان دۆلار هاوكاری بەرەی نووسرەی دەكرد، ئەو جگە لە هەندێك لایەنی ئیسرائیلی، كە پارەیان دەدا بە بەرەی نووسرە و بریندارەكانی ڕیكخراوەكەیان لەنەخۆشخانەكانی ئیسرائیل چارەسەر دەكرد .

تەنانەت ئەو سەركردەیەی بەرەی نووسرە زانیاری ترسناك لەبارەی هەوڵەكانی ریكخراوی داعش بۆ دەستكەوتنی چەكی كیمیایی لە كۆریای باكوور ئاشكرا دەكات و دەڵێت: نووسینگەی پەیوەندییە دەرەكییەكانی ڕێكخراوی داعش  هەوڵی دەدا چەكی جۆربەجۆری دەستبكەوێت لەوانە چەكی كیمیایی لەكۆریای باكوور، بەشێوەیەك شاندێكی نوسینگەكە، كە ئەبو محەمەد عەدنانی بەرپرسی دانوستان و ئەبو ئەحمەد عێراقی سەرۆكی شاندەكە بوو بۆ ئەو مەبەستە گەشتیان كرد، بەڵام سەركەوتوو نەبوون لە بینی لایەنی كۆری و تەواوكردنی مامەڵەكە .

سەبارەت بە چۆنێتی دەستگیركردنی ئەو تیرۆریستە داواكراوە، لای خۆیەوە دادوەری لێكۆڵینەوەی تایبەت بە دۆسییەكانی تیرۆر لە دادگای تێهەڵچوونەوەی رەسسافە لە بەغداو وتی: پرۆسە سەربازییە هاوبەشەكان لە پرۆسەیەكی جۆرییدا سەركەوتوو بوون لە بەدواداچوون و دەستگیركردنی عیسام مەغریبی، كە یەكێكە لە دیارترین تیرۆریستە داواكراوەكان.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی