كازمی دەیەوێت پێشمەرگە بەشداری ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان دژ بەداعش بكات

کوردستان

03/06/2020‌ 1095 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هیشام هاشمی شارەزای ئەمنی عێراقیی دەڵێت: مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق دەیەوێت پێشمەگە بەشداری لەپرۆسە سەربازییەكانی هێزە عێراقییەكان دژ بەچەكدارانی داعش لە ناوچەكێشەلەسەرەكاندا بكات .

هاشمی، كە لەبواری ئەمنییەوە راوێژ بە حكومەتی عێراقی دەدات لەهەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك لەبارەی سەردانی رۆژی سێشەممەی كازمی بۆ شاری كەركوك ئەو لێدوانەی داوە .

ئەو شارەزایە هۆكارەكانی سەردانی كازمی بۆ كەركوك  لەدوو خاڵدا كۆكردووەتەوە، كە ئەوانیش چاودێریكردنی چۆنێتی بەڕێوەچوونی ئۆپەراسۆنەكان، كە وابڕیارە لەناوچەكانی باشووری كەركوك بەهەماهەنگی لەگەڵ هێزەكانی حەشدی شەعبی و حەشدی عەشائیری بەڕێوە بچێت.

خاڵی دووەمیان بەڕای هاشمی بریتییە لە بڕیاردان بۆ بەشداریپێكردنی پێشمەرگە لەئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان لەدژی چەكدارانی داعش لەناوچەكێشەلەسەرەكان، كە ئەو ناوچەیە بۆشاییەكی ئەمنی تێدا دروست بووە.

بەیانی رۆژی سێشەممە مستەفا كازمی بەسەردانێك گەیشتە پارێزگای كەركوك، كە لەوەتەی پۆستی سەرۆك وەزیرانی وەرگرتووە ئەوە یەكەم سەردانییەتی بۆ ئەو پارێزگایە.

هەر هەمان رۆژ بەشی دووەمی ئۆپەراسیۆنی "پاڵەوانەكانی عێراق"، بەمەبەستی مشتوماڵكردنی ناوچەكانی باشووری كەركوك دەستیپێكرد، كە رووبەڕێكی ٧٣٨،٥ كیلۆمەتر چوارگۆشە دەگرێتەوە .

لای خۆیشییەوە جەبار یاوەری ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە بە پێگەی شەفەق نیوزی رایگەیاند، كە هێزەكانی پێشمەرگە ئامادەن بەشداری هەر ئۆپەراسیۆنیك دژ بە چەكدارانی داعش لەناوچەكێشەكەسەرەكاندا بكەن .

لەبەرانبەردا بەرپرسە سیاسی و فەرماندە سەربازییەكانی كوردیش رایدەگەیەنن، كە لەدوای رووداوەكانی شازدەی ئۆكتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ وە بۆشاییەكی ئەمنی لەناوچەكێشەلەسەرەكاندا دروست بووە، كە دەرفەتی ئەوەی بۆ چەكدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش رەخساندووە وەك پەناگەیەكی ئارام بۆ خۆڕێكخستنەوە و دووبارە دەستپێكردنەوەی هێرشە تیرۆریستییەكانیان بەكاری بهێننەوە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی


بەپەلە