بەرپرسانی ئێران ژمارەی جیاواز لەبارەی داهاتەكانی هەناردەی نەوتەوە رادەگەیەنن

ئابوری

04/06/2020‌ 499 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
محەمەد باقر نەوبەخت، سەرۆكی رێكخراوی پلاندانان و بودجە لە ئێران رایگەیاند، داهاتەكانی فرۆشتنی نەوتی ئێران لەساڵی ٢٠١١ نزیكەی ١١٩ ملیار دۆلار بووە لەكاتێكدا لەساڵی ٢٠١٩ ئەو داهاتانە بۆ نزیكەی ٨،٩ ملیار دۆلار دابەزیون، ئەو لێدوانەش لە قسەی بەرپرسانی ئابووری تری ئێران جیاوازە.

هەر لەو چاورچێوەیەدا هەردوو ئاژانسی هەواڵی "ئێرانا" و "ئیسنا"ی ئێرانی لەسەر زاری عەبدولناسر هیممەتی سەرۆكی بانكی ناوەندی ئێران، كە ئامادەی دانیشتنی رۆژی سێشەممەی پەرلەمانی ئێران بووە، ژمارەی جیاوازیان بڵاوكردووەتەوە .

ئەو دوو ئاژانسە لەسەر زاری هیممەتییەوە گواستوویانەتەوە، كە لەساڵی ٢٠١٩ داهاتەكانی فرۆشتنی نەوت و بەرهەمەكانی نەوت ١٠٧ ملیار دۆلار بووە، لەكاتێكدا لەساڵی ٢٠١٩ ئەو داهاتانە بۆ لەسەدا بیست كەمیان كردووە.

كەواتە بەگوێرەی قسەی هیممەتی بێت داهاتی فرۆشتنی نەوتی ئێران لەساڵی ٢٠١٩ گەیشتووەتە ٢١ ملیار دۆلار، لەكاتێكدا نەوبەخت ئاماژەی بە ٨،٩ ملیار دۆلار كردووە.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی پەرلەمان، نەوبەخت لەكاتی قسەكردنی دانیشتنی كراوەی پەرلەماندا باسی داهاتەكانی فرۆشتنی نەوت و غازی ئێرانی بۆ ساڵی ٢٠٢٠ نەكردووە، بەڵكو وتی: ئەو ژمارەیە لەدانیشتنێكی داخراودا ئاشكرا دەكەم.

هەر لەدانیشتنە كراوەكەی پەرلەماندا نەوبەخت وتی: هەناردەی نەوت و غازی ئێران بەراورد بە ساڵی ٢٠١١ سێزدە ئەوەندە كەمی كردووە.

ئەو بەپرسە ئێرانییە ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، بەهۆی سزاكانی ئەمەریكا و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە بەسەختی دەتوانن موچە و شایستە داراییەكانی فەرمانبەران بدەین.

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی