گۆڕان هەڵوێستی لەبارەی دەنگان بەتەواوكاری كابینەكەی كازمی راگەیاند

کوردستان

06/06/2020‌ 1245 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لەئەنجوومەنی نوینەرانی عێراق رایگیاند، لەدانیشتنی بەخشینی متمانە بەكابینەكەی مستەفا كازمی رامانگەیاند، دەنگ بە حكومەتەكەی نادەین. ئەمرۆش برگەیەكی دانیشتنی پەرلەمان تایبەتە بە تەواوكردنی ئەو كابینەیە جەخت لە هەمان هەڵوێست دەكەینەوە و رایدەگەیەنین، دەنگ بە هیچ كام لەو ناوانە نادەین، كە بریارە ئەمرۆ بۆ پۆستی چەند وەزارەتێك دەنگیان پێ بدرێ.

فراكسیۆنەكە لەراگەیەنراوێك راشیگەیاند، كە لەسەرەتای متمانە بەخشین بەم كابینە نوێیە نیگەرانیی خۆمان لەوە دەربڕی، كە بێ هیچ رێكەوتن و گرەنتیەك بۆ چارەسەری كێشە هەنوكەییەكانی نێوان هەرێم و بەغداد بە تایبەت پرسی بودجە و موچە و مافەكانی پێشمەرگە و شایستە داراییەكانی جوتیاران دەنگدان بەو كابینەیە بدرئت.

هەروەها رایگەیاندووە، وەك فراكسێۆنی گۆڕان بە توندی دژی ئەو نەریتە سیاسیەی بەشێك لە هێزە سیاسیە كوردستانیەكان دەوەستینەوە، كە پرسی بەشداریكردن لە حكومەتی فیدراڵی عێراق لە مەسەلەیەكی نیشتمانی فراوانەوە بۆ ویستیكی حزبی و لەناو حزبیشدا بۆ ئەجێندایەكی تاكە كەسی بچوك دەكەنەوە و هەمو داواكاریان دەبێتە ئەوەی كەسێك وەك تاكە كاندید دەبێ بكرێتە وەزیر و لەو پێناوەشدا سازش لەسەر تێكرای مافە دەستوریەكانی خەڵكی كوردستان دەكەن و ناچار بە چەندین رێكەوتن و بەندوباوی ژێر بەژێر دەبن بۆ تێپەراندی كاندیدە كەسی و حزبیەكانیان.

ئەوەشی راگەیاندووە، ئێمە لە فراكسێۆنی گۆڕان پێمان وایە بەشداریكردن لە حكومەتی فیدراڵ دەبێ پرسێكی نیشتمانی بێ نەك حیزبی و شەخسی و لە دانوستانیشدا لەبری پچڕاندنی پۆست و پایە بۆ كەسێك، مافە دەستوریەكانی خەڵكی كوردستان ئەولەویەتیان هەبێت، بەتایبەت كێشەی ناوچە جێناكۆكەكان و پرسی دابەشكردنی داهات لەنیوان هەرێم و حكومەتی فیدراڵ و پاشان بەشداریەكی هاوسەنگ لە حكومەتدا نەك كورتكردنەوەی هەمو ئەوانە لە یەك پۆست و یەك تاكە كەسدا.

فراكسیۆنەكە باسی لەوەش كردووە، ئێمە كە بەشدار نین لە كابینەكەی كازمی هەمو هەوڵێك دەخەینە گەڕ بۆ زیندو راگرتنی مافە دەستوریەكانی خەڵكی هەرێم بەتایبەت جەخت لەوە دەكەینەوە كە هەردو حكومەت بە خێرایی بگەنە رێكەوتن سەبارەت بە دۆسێی نەوت و داهات و چیتر موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و مافەكانی پێشمەرگە و شایستە داراییەكانی جوتیاران نەبێتە قوربانی نێوانیـان.

هـ ـ ح