هاوشێوەی ترامپ سەرۆكی بەرازیلیش هەڕەشەی كشانەوە لە ڕێكخراوی تەندرووستی جیهانی دەكات

جیهان

07/06/2020‌ 455 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
جاییر پۆلسانارۆی سەرۆكی بەرازیل هاوشێوەی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكا هەڕەشەی كشانەوە لەرێكخراوی تەندروستی جیهانی كردووە ئەگەر بێت و چیتر وەك ڕێكخراوێكی سیاسی لایەندار كار بكات.

سەرۆكی بەرازیل لەبەشێكی تری قسەكانیدا، كە بۆ رۆژنامەنووسان قسەی كردووە وتی: دەرمانی هیدرۆكسی كلۆرۆكین جارێكی تر دەست بە بەكارهێنانەوەی دەكرێت لەپاش ئەوەی جەند لێكۆڵینەوەیەكی ساختە گومانیان خستە سەر كاریگەرییەكانی.

پۆلسۆنارۆ پشتگیری بەكارهێنانی ئەو دەرمانە بۆ چارەسەركردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەكات لەگەڵ ئەوەی هیچ بەڵگەیەكی زانستی لەسەر راددەی كاریگەرییەكەی لەبەردەستدا نییە .

لە ٢٩ی ئایار ، دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكا كۆتاییهێنانی پەیوەندییەكانی وڵاتەكەی و پشتیوانییە داراییەكانی بۆ رێكخراوی تەندروستی جیهانی راگەیاند، ئەویش بە پاساوی ئەوەی ئەو رێكخراوە ئامادە نییە ئەو چاكسازییانە ئەنجام بدات، كە ئیدارەكەی پێشنیازی كردووە .

پێشتریش ترامپ ڕێكخراوەكەی بە شكستهێنان لە پێدانی زانیاریی بەوڵاتان لەبارەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و لایەنداریكرنی چین تۆمەتبار كردبوو، هەروەك داوای كردبوو بەرپرسانی ئەو رێكخراوە دادگایی بكرێن .

بۆ ئەوەش ترامپ لە ١٩ی ئایار، ماوەی ٣٠ رۆژی مۆڵەت بە تەندروستی جیهانیدا بۆ ئەوەی چاكسازی ڕیشەیی ئەنجام بدات، هەڕەشەی ئەوەشی كردبوو ئەگەر بێت و ئەو هەنگاوە نەنێت ئەوە كۆمەكە داراییەكانی رێكخراوەكە رادەگرێت و ئەندامێتی ئەمەریكاش تێیدا كۆتایی پێدەهێنێت .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی