شارپرێس:
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی هه‌ولێر ئه‌و ده‌رمانانه‌ی ئاشكراكرد كه بۆ تووشبووانی كۆرۆنا له‌هه‌ولێر به‌كاریده‌هێنن، له‌نێویشیدا دوو ده‌رمان جێگه‌ی مشتومڕی ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانیی و به‌شێكی زۆر له‌پزیشكانه.
د. دلۆڤان محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی هه‌ولێر ئه‌مڕۆ شه‌ممه ئاشكرایكرد، بۆ چاره‌سه‌ری تووشبووانی كۆرۆنا پشت به به‌كارهێنانی هایدرۆكسی كلۆرۆكوین و ئا‌زیسرۆمایسین ده‌به‌ستن، كه به‌وته‌ی ئه‌و هه‌ردوو ده‌رمانه‌كه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌كانی ته‌ندروستی عێراق و هه‌رێمی كوردستانه‌وه پشتی پێده‌به‌سترێت.
هایدرۆكسی كلۆرۆكوین به‌گوێره‌ی نوێترین بڕیاری ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانیی به‌كارهێنانی له‌نێو پرۆتۆكۆڵی چاره‌سه‌ریی كۆرۆنا قه‌ده‌غه‌كراوه، چونكه به‌وته‌ی به‌رپرسانی ڕێكخراوه‌كه زیانه‌كانی له‌سوده‌كانی زیاتره.
شارپرێس به‌شێك له‌و توێژینه‌وانه‌ی له‌سه‌ر به‌كارهێنانی هایدرۆكسی كلۆرۆكوین له جیهاندا ئه‌نجامدراون و سودیان بۆ تووشبووه‌كه نه‌بووه بڵاوده‌كاته‌وه:
گۆڤاری پزیشكی "لانسێت" ئه‌نجامی توێژینه‌وه‌یه‌كی له‌سه‌ر 15 هه‌زار تووشبووی كۆرۆنا بڵاوكردوه‌ته‌وه، كه سه‌رجه‌میان هایدرۆكسی كلۆرۆكوین یاخود ئه‌و ده‌رمانانه‌یان بۆ به‌كارهێندراوه كه هه‌مان پێكهاته‌ی هایدرۆكسی كلۆرۆكوین-ی هه‌یه، ئه‌نجامی توێژینه‌وه‌كه به‌وه گه‌یشتووه هایدرۆكسی كلۆرۆكوین هیچ سودێكی بۆ تووشبووه‌كانی كۆرۆنا نه‌بووه، ته‌نانه‌ت مه‌ترسی مردن و نه‌خۆشییه‌كانی دڵی ڕوبه‌ڕوی ئه‌و تووشبووانه‌ی كۆرۆنا كردوه‌ته‌وه.
له‌توێژینه‌وه‌یه‌كی دیكه‌دا كه زانكۆی ئۆكسفۆرد ئه‌نجامیداوه، تیمێك له پزیشكان هایدرۆكسی كلۆرۆكوین-یان له‌سه‌ر 1542 تووشبووی كۆرۆنا تاقیكردوه‌ته‌وه، به‌ڵام سه‌رنجیانداوه ئه‌و ده‌رمانه هیچ كاریگه‌رییه‌كی له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕێژه‌ی مردن له‌نێو ئه‌و تووشبووانه نه‌بووه.
هه‌ر به‌گوێره‌ی ئه‌و توێژینه‌وه‌یه‌ی زانكۆی ئۆكسفۆرد، دوای 28 ڕۆژ له به‌كارهێنانی هایدرۆكسی كلۆرۆكوین بۆ تووشبووه‌كان، 25.7%ی ئه‌وانه‌ی ده‌رمانه‌كه‌یان به‌كارهێناوه گیانیان له‌ده‌ستداوه.
له‌پاش توێژینه‌وه‌كه‌ی به‌ریتانیا كه به توێژینه‌وه‌ی "ڕیكه‌ڤه‌ری" ناسراوه، داواكراوه ده‌ستبه‌جێ به‌كارهێنانی هایدرۆكسی كلۆرۆكوین بۆتووشبوانی كۆرۆنا ڕابگیرێت.
پیته‌ر هۆربی، سه‌رۆكی تیمی توێژینه‌وه‌كه به بێهیواییه‌وه باسی هایدرۆكسی كلۆرۆكوین-ی كردووه و ده‌ڵێت "ئه‌و ده‌رمانه بێهیواكه‌ر و بێكاریگه‌رییه".
هه‌رچه‌نده تا ئێستا هیچ توێژینه‌وه‌یه‌ك له هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌كۆرۆنا گیانیان له‌ده‌ستداوه ئه‌نجامنه‌دراوه، كه ئاخۆ به‌هۆی به‌كارهێنانی هایدرۆكسی كلۆرۆكوین-ه‌وه گیانیان له‌ده‌ستداوه یاخود نا، به‌ڵام دكتۆر گۆران عه‌بدوڵڵا، پسپۆڕ له سیستمی ته‌ندروستی نێوده‌وڵه‌تی به‌سه‌رسوڕمانه‌وه باس له‌پرۆتۆكۆڵی چاره‌سه‌رییه‌كان له هه‌رێمی كوردستان ده‌كات بۆ شارپرێس باسی له‌وه‌كرد، "كه‌س نازانێت پرۆتۆكۆڵه‌كانی ئه‌وان چین، ته‌نانه‌ت كاتێكیش ڕه‌خنه له‌پزیشكه‌كان ده‌گریت كه بۆ پشت به پرۆتۆكۆڵه جیهانییه‌كان نابه‌ستن، ئه‌وان توڕه‌ده‌بن و ده‌ڵێن ئێمه پرۆتۆكۆڵی خۆمان هه‌یه، بۆیه هه‌ندێك ده‌رمان ده‌درێته نه‌خۆش له هیچ قاموسێكی پزیشكیدا نییه".
"خه‌ڵك به ئا‌زیسرۆمایسین و هایدرۆكسی كلۆرۆكوین كیمیابارانده‌كرێت، دوورنییه به‌شێك له‌و كه‌سانه‌ی باری ته‌ندروستییان تێكچووه به‌هۆی به‌كارهێنانی ئه‌زیسرۆمایسن-ه‌وه بوبێت، به‌تایبه‌ت به‌كارهێنانی هه‌ردووكیان پێكه‌وه گه‌وره‌ترین مه‌ترسی دروستده‌كات" ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی دكتۆر گۆران.
ڕ . ج