توێژینەوەیەك دەرفەت و رێگرییەكانی رێككەوتنی بەغداد و هەولێر دەخاتەڕوو

عیراق

27/06/2020‌ 1440 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
توێژینەوەیەكی سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئایندەیی ئەگەرەكان و رێگرییەكانی بەردەم رێككەوتنی هەولێر و بەغداد شی دەكاتەوە و جەخت لەوە دەكاتەوە ئەگەرجاران بەغدا بەنیازی قۆڵ بەستنی هەولێر بەشە بودجەی هەرێمی راگرتبێت، ئەوا لەسەردەمی كازمیدا پاڵنەرەكە بەپلەی یەكەم كورتهێنانی زۆری بودجەی عێراق و قەیرانی داراییە. 

توێژینەوەكە كە "رانانی ئایندەیی ژمارە 5" ی ئەم ناوەندە ئەكادیمییەیە، ئەوە دەخاتەڕوو سەرەتای قەیرانی ئەمدواییە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای 2020 كە هەرێم وای پیشاندا ناتوانێت بە ڕادەستکردنى بڕى 250 هەزار بەرمیل نەوتى هەرێم بە (سۆمۆ) وە پابەند بێت، بەرامبەر بە خەرجکردنى بەشێک لە موچەى فەرمانبەرانى هەرێم، پاساوەكانیش ئەوەبوون بەغداد له‌ 2014 تا 2018 بەشە بودجەی  نه‌ناردوه‌ بۆیه‌ هه‌رێم قه‌رزی كردوه‌ وئەو پارەیەشی 2019 ناردوویەتی بەشی موچەى فەرمانبەرانى هەرێمى نەکردووە.

بەپێی ئەم لێكۆڵینەوەیە لەكاتێكدا هەرێم داوای 400 ملیار دۆلار قەرزی كەڵەكەبووی زیانەكان لە  حكومەتی عێراق دەكات (1963_2018)، زۆرێک لە لایەنە سیاسییەکانى عێراق دەڵێن هەرێم ساڵانە سودمەندە لە بودجە گشتى عێراق بەبێ بەرامبەر، ڕۆژانە بەبێ ڕەزامەندى بەغدا زیاتر لە 400 هەزار بەرمیل نەوت لەڕێگاى تورکیاوە دەفرۆشێت، كۆی ئەو زیانانەشی لەعێراقی داوە بە 128 ملیار دۆلار دەخەمڵێنن بە پشت بەستن بەهەندێك لێكۆڵینەوەی دەستەی نەزاهە. 

لێكۆڵینەوەكە باس لەوەش دەكات لە روانگەی هەرێمەوە دانوستانەكان بۆ جێگیركردنی پشکى هەرێمە لە بودجەى گشتى یان ساڵی دارایی 2020، بەڵام لەڕوانگەى حکومەتى بەغداوە ئامانج لە گفتوگۆکان بریتیە لە ناچارکردنى هەولێر بە ڕادەستکردنى ئەو بڕە نەوتەى لە ساڵى ڕابردووەوە لە ئەستۆیەتى و تا ئیستا هیچى رادەستی بەغدا نەكردووە، بەر لەئیمزاكردنی هەر رێككەوتنێك، ئەمە جگە لە بەشکردنی داهاتى گومرگ و  خاڵە سنورییەکان لەگەڵ ناوەند، ئەمەش بەرامبەر هەر بەشە بودجەیەک دەبێت کە هەرێم لە بودجەى گشتی وەریبگرێت.

سەبارەت بەدەرفەت و پاڵنەرەكانی رێككەوتن، لێكۆڵینەوەكەی سەنتەری ئایندەیی ئەوە دەخاتەڕوو، بۆ هەرێمی كوردستان بریتین لە: قەیرانی دارایی، سستی چاكسازی، ناكارایی كابینەی ئێستا، هەڕەشە هەرێمایەتییەكان، هەوڵ بۆ گەیشتنە رێككەوتن لەسەر پرسە هەڵپەسێردراوەكانیتر. 

هەرچی بەغداشە، كابینەی كازمی دەتوانێت كەڵكی لێوەرگرێت بۆ پەیداكردنی پاڵپشتی سیاسی و ئەمنی لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەی جێ ناكۆك، یەكلابوونەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییە گەورەكانیتر. 

بۆ رێگرییەكانیش لێكۆڵینەوەكە قەیرانی دارایی و لێكەوتەكانی كۆرۆنا بەكۆسپ دەداتە قەڵەم لەگەڵ دەستێوەردانی دەرەكی، باس لەوەش دەكات ئەگەر بڕینی شایستە داراییەکانی هەرێم لە ساڵی 2014دا لەسەر بنەمای کەمکردنەوەی هەژموونی سیاسیی هەولێر بووبێت و دەستبەستنی بووبێت لەڕێی فشاری ئابوورییەوە،  ئەوا ئەمجارە حکومەتی عێراق بەر لە هەرشتێک دەستکوورتییە ئابوورییەکەی پاڵپێوەنەرییەتی بۆ ساردی لەگەڵ هەرێم و دابیننەکردنی شایستە داراییەکانی.

بۆ كێشە داراییەكانی عێراقیش لێكۆڵینەوەكە بەڵگە بەوە دەهێنێتەوە لە نێوان 2014 تا 2017 بەغدا بۆ دابینکردنی مووچە و خەرجییەکانی زیاتر لە 35 ترلیۆن دیناری نێوخۆیی و 12 ملیاری دەرەکی قەرز کردووە. هەروەها زیاتر لە 30 ملیار دۆلاری لە یەدەگی دراوی بیانی بۆ هاوسەنگڕاگرتنی نرخی دینار ڕاکێشاوە. بەدوای ئەوەشدا وێرانكارییەكانی شەڕی داعش بایی نزیكەی 88 ملیار دۆلار خەرجیان هێناوەتە سەری بۆ ئاوەدانكردنەوەو پارەكەش دابین نەكراوە، هەندێک ئاماری بەردەستیش تا ساڵی 2016 ئەوە ئاشكرا دەكەن 9 ملیۆن و 400 هەزار كەس پارە و موچە و منحە لە خەزینەی دەوڵەت وەردەگرن، ئەگەر دامەزراندن و گرێبەستە نوێکانی ئەم ساڵانەی پاشتری بخرێتە سەر ڕێژەیەکی زیاد لە پێویستە و بەرخۆرییەکی کوشندەی لەسەر خەزێنەی داهاتی عێراق دەردەخات. 

بە گوێرەی هەندێک ڕاپۆرتی ئابووریش، ئاماژە بەوە کراوە، لە بودجەی 2020دا کورتهێنانی بودجەی عیراق خۆی نزیک دەکاتەوە لە 48 ملیار دۆلار، لە کاتێکدا لە بودجەی ساڵی 2019دا کورتهێنانەکە تەنها 23 ملیار دۆلار بوو.

هەرچی سەبارەت بە کۆسپەکانی رێككەوتنیشە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، بە پلەی یەکەم ململانێی نێوان حزبە کوردییەکانە، نەبونی یەکڕاییە لەسەر چۆنێتى چارەسەرکردنى ناکۆکییەکان، هەروەها دابەشبوونی نێوخۆیی حیزبەکان و ململانێی باڵەکانیانە، ئەمە وێڕای قەرزاری و باپەندییە زۆرەکانی هەرێم بەرامبەر کۆمپانیا بیانییەکان، لاوازی هەرێم لە ڕووی نەبوونی زانیاری و ڕوونکاریی(شەفافیەت) لەسەر بڕی ڕاستەقینەی داهات و توانا ئابوورییەکانی خۆی، لەپاڵ نەبونی متمانە بە بەغدا و چارەسەرنەكردنی كێشە دەستورییەكانی تری لەگەڵ هەرێم.

لە كۆتاییشدا لێكۆڵینەوەكە دەگاتە ئەو ئەنجامەی ئەگەر هەیە ناكۆكییەكان وەك خۆیان بمێننەوە، بە تایبەت کە هەندێک لایەنى هەرێم نایشارنەوە کە پشکە داراییەکانى بەغداد بۆ هەولێر وەک هەلێکى پراگماتى و تاکتیکى دەزانێت، نەک ئامانجێکى ستراتیژى، ئەگەریش هەیە گفتوگۆكان سەر بكەون بگەنە ڕێککەوتنێکى یەکلاکەرەوە، بەتایبەت لەسایەى ئەو دەرفەتانەى بۆ هەردوولا ئاماژەیان بۆ کرا. 

سەنتەری لێکۆڵینەوەى ئایندەیی، سەنتەرێكی توێژینەوەی زانستی ناحكومییە دامەزراوە بۆ سوودی گشتی، مۆڵەتى کارکردنى پێدراوە لە لایەن وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان – عێراق و بارەگاكەی لە سلێمانییە. 

سەنتەرەكە پاڵپشتی دەكات لە پرۆسه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌ى زانستى وهاندانی پسپۆر ولێكۆڵه‌ران بۆ ئه‌نجامدانی لێكۆڵینه‌وه‌ وبه‌دواداچون بۆ ئه‌و بابه‌تانه‌ی بایه‌خدارن بۆ پسپۆڕییه‌كانى ئاینه‌ده‌زانى ستراتیژى وسیاسه‌تى گشتى وده‌ره‌كییەوە.