ئەردۆغان: بە دەستپێکی جێبەجێ کردنی بڕیاری چەکدانان دەرگایەکی فراوان لەبەردەمماندا دەکرێتەوە

کوردستان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2585 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

سەرۆککۆماری تورکیا ڕایگەیاند: "بە دەستپێکی جێبەجێ کردنی بڕیاری چەکدانانی پەکەکە پرۆسەکە کەمێک زیاتر خێرایی بە خۆیەوە دەبینێت. بە تەواوی نەمانی چەک، خوێن و فرمێسک لە ڕۆژەڤی گەلەکەماندا، دەرگایەکی نوێ و فراوان لەبەردەمماندا دەکرێتەوە".

بەپێی میدیای تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە دوای سەردانەکەی بۆ ئازەربایجان و گەڕانەوەی بۆ تورکیا لە ناو فڕۆکەکەیدا وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوەو لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسێکدا سەبارەت بەوەی دەم پارتی ئاماژەی بە هەفتەی داهاتوو کردووە بۆ چەکدانانی پەکەکە، ئێوەش هەفتەی داهاتوو پێشوازی لە شاندی دەم پارتی دەکەن، ئایا لەو دیدارەدا باسی چ بابەتێک دەکرێت؟ وتی: "ئێمە باوەڕمان وایە بە ئامانجی 'تورکیای بێ تیرۆر' دەگەین. هەروەک چۆن زۆر خەونی گەلەکەمان کردووەتە ڕاستیی، ئەم خەونەش دەکەینە ڕاستیی کە برایەتیی و بەرەی ناوخۆمان بەهێز دەکات و ڕێپێوانی شارستانییەتمان خێرا دەکات. هەنگاوەکانی تورکیای بێ تیرۆر بە شێوەیەکی کۆنترۆڵکراو یەک لە دوای یەک دەنرێن".

دەشڵێت " هەڵوێستی ئێمە ڕوونە، هەر لە سەرەتاوە باسمان کردووە. وتمان دەبێت چەکدانان بێ مەرج بێت و ڕێکخراوەکە لە ڕووی پێکهاتەییەوە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە. قۆناغ بە قۆناغ گەیشتینە ئەم خاڵە. بە دەستپێکی جێبەجێ کردنی بڕیاری چەکدانان، پرۆسەکە کەمێک زیاتر خێرایی بە خۆیەوە دەبینێت. بە تەواوی نەمانی چەک، خوێن و فرمێسک لە ڕۆژەڤی گەلەکەماندا، دەرگایەکی نوێ و فراوان لەبەردەمماندا دەکرێتەوە". 

ئەردۆغان ڕاشیگەیاند، دامەزراوە پەیوەندیدارەكانمان بە هەستیارییەوە چاودێری هەموو هەنگاو و هەڵمەتێک دەکەن و هەنگاوی پێویست دەگرنەبەر. بەردەوام دەبین لەسەر چاودێری کردنی و ڕێگە بە هیچ تێکدانێک نادەین. بە هەستیاری و وردییەوە کار دەکەین، بە هەنگاوی دڵنیایەوە بەرەو پێش دەچین. لەگەڵ شاندی دەم پارتیدا باسی ئەو هەنگاوانە دەکەین کە تا ئێستا بۆ گەیشتن بە ئامانجی 'تورکیای بێ تیرۆر' نراون و باسی داهاتووش دەکەین".

 ئەردۆغان ڕونیکردەوە، دیدارەکە هەفتەی داهاتوو دەبێت و لەم بارەیەوە بەڕێوەبەری نووسینگەکەم، حەسەن دۆغان پەیوەندییان پێوە دەکات و ڕێکەوتی دیدارەکە دیاری دەکات. لەو ڕۆژەدا خاتوو پەروین بوڵدان و میتهات سانجار لە دەم پارتی بەیەکەوە دێن. لەم دیدارەدا جێگری سەرۆکی گشتییمان، ئەفکان ئاڵا و سەرۆکی میت ئیبراهیم کاڵن لەگەڵمدا دەبن. بەیەکەوە ئەم دیدارە ئەنجام دەدەین. چەکدانانی پەکەکە بۆ تورکیا لە بوارەکانی ئاسایش و دیموکراسی و گەشەپێدان دەبێتە دەستپێکی قۆناغێکی نوێ. سەبارەت بە ناونیشانی 'تورکیای بێ تیرۆر' هیچ کێشەیەک نییە. ئێستا خودی دەمپارتیش باس لەوە دەکات. پشتیوان بە خودا بەیەکەوە ئەم خەباتەمان بۆ تورکیای بێ تیرۆر بەڕێوە دەبەین. 
ئ.ه