شارپرێس:
داواکاری گشتیی لەفەرەنسا داوای پشتگیریکردنی بڕیاری دەستگیرکردنی بەشار ئەسەدی سەرۆکی پێشوی سوریای لەلایەن دادگایەکی فەرەنسا-وه کردوە، بەتۆمەتی هاوکاریکردن لەئەنجامدانی تاوان دژی مرۆڤایەتیی دوای هێرشە کیمیاییەکانی ساڵی 2013.
ئەم داوایە لەدانیشتنێکی دادگای تێهەڵچونەوەی فەرەنسادا هات کە بەرزترین دەستەی دادوەریی ئەو وڵاتەیە، کە تایبەتبوو بەتاووتوێکردنی پرسی پارێزبەندی سەرۆکی وڵاتانی بیانی.
لەتشرینی دوەمی 2023، بڕیاری دەستگیرکردن بۆ بهشار ئەسەد دەرکرابوو بەتۆمەتی هاوکاریکردن لەتاوان دژی مرۆڤایەتیو تاوانی جەنگ، بەهۆی هێرشەکانی گازی سارین لە21ی ئابی 2013، بۆ سەر غوتەی ڕۆژهەڵاتو موعەزەمییەی شام لەنزیک دیمەشق کە بوە هۆی کوژرانی زیاتر لەهەزار کەس.
ڕێمی هایتز داواکاری گشتیی لەدادگای نەقز، پێشنیازی بژاردەیەکی بۆ دادگا کردوه ئهویش بریتییە لەهەڵوەشاندنەوەی پارێزبەندی کەسیی بەشار ئەسەد، چونکە لەڕوانگەی فەرەنساوە چیتر سەرۆکێکی شەرعی سوریا نییە لەکاتی دەرچونی بڕیاری دەستگیرکردنەکە.
هایتز ڕونیکردوهتەوە، "تاوانە بەکۆمەڵەکانی دەسەڵاتدارانی سوریا وای لەفەرەنسا کردوە کە ئەم بڕیارە نائاساییە بدات بەکشانەوەی دانپێدانان بەشەرعییەتی بەشار ئەسەد لەساڵی 2012وە".
چاوەڕواندەکرێت بڕیارەکە لە 25ی تەمموز لەدانیشتنێکی کراوەدا دەربچێتو داوابكرێت بخرێته بوارى جێبهجێكردنهوه.
