شارپرێس:
سهرۆكایهتى ئەرکانی گشتیی ئۆکرانیا وردهكاریى هێرشێكى سوپاى وڵاتهكهى بۆسهر فڕۆکەخانەی بۆریسۆگلێبسکیان لەناوچەی ڤۆرۆنیج لەڕوسیا ئاشكراكردو دهڵێت:"بۆردومانێكى وردمان كردو کۆگایەکی بۆمبو فڕۆکەیەکی مەشقو ڕاهێنانیش تهقێندراونهتهوه".
دەزگای فڕۆکەوانی فیدراڵی ڕوسیا ڕاگرتنی گەشتی ئاسمانی لەفڕۆکەخانەکانی ئیژێڤسکو ئیڤانۆڤۆی ڕاگەیاند، ئەمەش بەهۆی پێشبینیەکانیان بۆ ئەگەری هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیا.
لای خۆیەوە وەزارەتی بەرگریی ڕوسیا ئاشکرایکردوه، 94 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیان لەئاسمانی ناوچەکانی ڕوسیا خستوەتەخوارەوە.
پێنجشەممەى ڕابردوش، کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕوسیا (کرێملن) لەڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕوسیا بەتەلەفۆن لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا قسەیکردوەو تاووتوێی پێشهاتەکانیان لەئێران، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستو جەنگی ئۆکرانیا کردوە.
پوتن وتویهتى، "ڕوسیا دەستبەرداری ئامانجەکانی لەئۆکرانیا نابێت، لەنێویشیاندا هۆکارە بنەڕەتییەکانی ئەم جەنگە، بهڵام ئامادەین بۆ گفتوگۆکانو دۆزینەوەی چارەی ئاشتییانە بۆ ئۆکرانیا".
لای خۆیشییەوە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو، "پێموانییە، ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕوسیا بیەوێت ئەو جەنگە ڕابگرێت، بۆیە زۆر نائومێد بوم".
