پزیشكانی چین هۆشداری دەدەن.. منداڵانی تووشبووی كۆرۆنا بەدرەنگەوە گرفتی سییەكانیان لەسەر دەردەكەوێت

تەندروستی

28/06/2020‌ 202 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرس:
زانا چینییەكان لەبارەی مەترسییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەر منداڵان هۆشداری نوێیان داوە بەوپێیەی نیشانەكانی تووشبوون بەنەخۆشییەكە لای منداڵان لەگەڵ كەسانی گەورە جیاوازن.

بەگوێرەی رۆژنامەی medikforum ، پزیشكانی چین لەڕێگای لێكۆڵینەوەیەكەوە، كە لە چوار نەخۆشخانەی رۆژئاوای ئەو وڵاتە كراون دەركەوتووە، كە نیشانەكانی تووشبوونی منداڵان بەڤایرۆسی كۆرۆنا بریتین لە ڕشانەوە، كۆكە، تا، سكچوون.

پزیشكەكان وتوویانە تا وەك یەكێك لەنیشانەكانی نەخۆشییەكە لەلای ٧٩٪ی منداڵانی تووشبوو دەردەكەوێت، لەكاتێكدا تەنیا ٤٤٪ی كەسانی پێگەیشتوو، كە تووشی نەخۆشییەكە دەبن ئەو نیشانەیان لەسەر دەردەكەوێت.

باس لەوەشكراوە، كە  كۆكە لای ٦٢٪ی منداڵانی تووشبوو دەردەكەوێت، هەروەك سكچوون و ڕشانەوە بەڕێژەی ١٢٪، بەڵام گرفتەكانی پەیوەست بە سییەكان بەدرەنگەوە لای منداڵان دەردەكەوێت.

وەك ئاشكرایە رێژەی تووشبوونی منداڵان بە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ بەراورد بە كەسانی پێگەیشتوو كەمترە .

وەرگێڕان: ئاكۆعەبدوڵڵا ئاڵی