بەرابەرایەتی حەکیم کوتلەیەکی پەرلەمانیی بۆ پشتیوانی کازمی پێکده‌هێنرێت

عیراق

30/06/2020‌ 741 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی 
سەرچاوەیەکی ئاگادار باسی لەوە کردووە کە کوتلەیەکی نوێی پەڕلەمانیی کە لە 50 پەڕلەمانتار پێکدێت بەسەرۆکایەتی عەممار حەکیم درووست دەکرێت، کە ئامانج لێی پشتیوانیکردنی شکۆ و سامی دەوڵەت و بەدیهێنانی هاوسەنگی پەڕلەمانیی و بەدەنگەوەهاتنی داواکاریی خۆپیشاندەرانە. 

ئەو سەرچاوەیە رایگه‌یاندووه‌، ئەو کوتلەیەی بەسەرۆکایەتی عەممار حەکیمی ڕێبەری رەوتی حیکمەی نیشتیمانیی پێکدەهێنرێت، بۆ پشتیوانیکردنی دەوڵەت و سام و شکۆ و سەروەرییەکەی و کاراکردنەوەی ئەو یاسایانەی دەچنە خزمەتی خەڵکی عێراق و بەهێزکردنی دەوڵەتی عێراقە. 

باس لەوەشکراوە، بەشێکی تری ئامانجی درووستکردنی کوتلە نوێکە بەدیهێنانی هاوسەنگی پەڕلەمانییە، تاوەکو بەرانبەر بە کوتلە سیاسییەکانی تری وەک سائیروون و فەتح و سوننە و کورد ببێتە پێنجەم هێزی کارای ناو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.

پێدەچێت کوتلە نوێکە پشتیوانی هەوڵەکانی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیری عێراق بکات بۆ دانانی سنوورێک بۆ دەسەڵات و هەژموونی میلیشیا چەکدارییە شیعییەکانی عێراق کە بە لایەنداریکردنی بێ ئەملاو و ئەولای ئێران ناسراون.

هەفتەی رابردوو، هێزێکی دژە تیرۆری عێراق هەڵیکوتەیە سەر بارەگایەکی میلیشیای حزبوڵڵای سەر بە هێزەکانی حەشدی شەعبی و 14 ئەندامی ئەو هێزانەی دەستگیر کرد کە خەریکی جێگیرکردنی سەکۆی هاویشتنی مووشەکی کاتیۆشا بوون.

دوای پرۆسەکە، چەکدارانی ئەو هێزانە لەناوچەی سەوز کە بارەگای حکوومەت و شاندە دیبلۆماسییە بیانییەکانی لێیە، وەک تەحەددایەکی حکومەتەکەی کازمی دەستیان بە نمایشکردنی هێزەکانیان کرد، جگە لەوەی چەکدارەکانی ئەو هێزانە وەک سوکایەتییەک بە سەرۆک وەزیران، وێنەی کازمیان خستە ژێر پۆستاڵەکانیان. 

چەند رۆژێک لەمەوپێش هادی عامری رێبەری هاوپەیمانی فەتح رایگەیاند کە کاندیدکردنی کازمی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق پێشنیازی عەممار حەکیم بووە، ئاماژەشی بۆ ئەوە کردووە کە ئەو بەلایەنەکانی تری راگەیاندووە ئەگەر بێت و هەمووتان بە کاندیدکردنی کازمی رازی بن ئەوە من هەر رەتیدەکەمەوە.