وردەکاریی دیدارە نهێنییەکەی ئەردۆغان و تەمیم

جیهان

03/07/2020‌ 1460 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

رۆژی پێنجشەممە رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا لەچوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ زیادکردنی هەژموونی وڵاتەکەی لەو وڵاتە بچووکەی کەنداو کە ماوەی سێ ساڵ دەبێت لەلایەن وڵاتە عەرەبییەکانی دراوسێیەوە تووشی کەنارگیری بووە سەردانی قەتەری کرد .


ئەردۆغان لەسەردانەکەیدا ژمارەیەک لە گەورە بەرپرسانی تورکیای لەگەڵدا بووە لەوانە بیرات ئەلبەیرەق وەزیری دارایی و خەلووسی ئاکاری وەزیری بەرگری و فەهرەتینی ئەڵتون بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی سەرۆک و ئیبراهیم کاڵن وتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا و هاکان فیدانی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا .


ئەو سەردانەی ئەردۆغان بۆ دەوحە لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا یەکەم سەردانە بۆ دەرەوەی تورکیا ، دواین سەردانیشی لە کۆتایی مانگی ئازاری رابردوو بۆ وڵاتی بەلجیکا بوو .


بەگوێرەی رۆژنامەی " تی ٢٤" ی تورکی دیدارەکان لەنێوان سەرۆکی تورکیا و میری قەتەر کە لە کۆشکی لوئلوئە لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بەڕێوەچوون ، ماوەی سێ کاتژمێریان پێچووە و جۆرێک لە نهێنیان پێوە دیار بووە .


دەزگاکانی راگەیاندنی تورکیا باسیان لەوە کردووە کە هەردوولا باسیان لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوولا کردووە و بیرورایان لەبارەی بابەتە هەرێمیی و نێودەوڵەتییەکانەوە  ئاڵوگۆڕکردووە .


سەردانەکەی ئەرۆغان هاوکاتە لەگەڵ چەند پێشهاتێکی گەرمی هەرێمی ، لەسەروویانەوە قەیرانی لیبیا، بەتایبەت کە دەوحە لەو پرسەدا لەپاڵ تورکیا و میلیشیا چەکدارییە ئیخوانییەکانی تەڕابلووسەوە وەستاوە کە دژ بە سوپای نیشتیمانی لیبیا لە شەڕدان .


تورکیا ئەرکی پرچەککردنی حکومەتی تەڕابلووسی بە چەک و بەکرێگیراوە سورییەکان لەئەستۆگرتووە، لەبەرانبەردا دەوحە لەرووی داراییەوە دەستباری لەگەڵ ئەنقەرە گرتووە ، ئەوە جگە لەوەی دەزگا میدیاییەکانی خستۆتەگەڕ بۆ رەوایەتیدان بە دەستتێوەردانە سەربازییەکانی تورکیا لە لیبیا .

وەرگێڕان : ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی