بەپێی رێکەوتەنەکەى لەگەڵ پارتى گۆڕان دوو پۆستی باڵای حكومی وەردەگرێت

کوردستان

05/07/2020‌ 1106 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
بزوتنەوەی گۆڕان كەیەكێكە لە پێكهێنەرەكانی كابینەی نۆیەم، ئەمڕۆ پۆستی دوو بریكاری وەزارەتەكانی شارەوانی و كارەبای وەرگرت و كاندیدەكانیان دەستبەكاربوون .
وه‌زاره‌تی كاره‌با  لەراگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە"لەو رێورەسمێكدا كە كەمال محه‌مه‌د ساڵح وەزیری كارەبا و دانا عەبدولكریم وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن و ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران ئامادەبوون وێڕای پیرۆزبایی لە بریكاری نوێ ئومێدیان خواست ناوبراو لەپۆستە نوێیەكەیدا هاوكاریی وەزیری كارەبا بێت بۆ بونیاتنانی ژێرخانی كارەبا و گەیاندنی باشترین خزمەتگوزاریی كارەبا بۆ هاووڵاتیان".

ئاماژە بەوەشدراوە: دواتر وەزیری كارەبا پیرۆزبایی لە كامیل قەزاز بریكاری نوێ كرد بەبۆنەی دەستبەكاربوونییەوە له‌و باره‌یه‌وه‌ وتی: "كامیل قەزاز لەماوەی رابردوودا یەكێك بووە لەو كەسە شارەزاو بەتوانایانەی كە رۆڵێكی بەرچاویان هەبووە لەوەزارەتی كارەبا و خاوەن ئەزموونێكی باش و سەركەوتوو بووە".

لەلایەكی دیكەوە، هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، به‌ ئاماده‌بوونی ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و دانا عەبدولکەریم نوێنەری تیمی بزوتنەوەی گۆڕان لە حکومەت و وه‌زیری شاره‌وانی، مه‌راسیمی ده‌ستبه‌كاربوونی چالاكی موهه‌ندیس، له‌ پشكی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌ك بریكاری وه‌زاره‌تی شاره‌وانی به‌ڕێوه‌چوو.

ئەوەش لەكاتێكدایە، بزوتنەوەی گۆڕان بە چوار وەزارەت بەشدار لەكابینەی نۆیەم هاوكات ژمارەیەك بریكار و بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتەكانیش بەركەوتەی بزوتنەوەكەن.