مۆساد چەندین هێرشی ئێرانی بۆ سەر باڵیۆزخانەكانی پووچەڵكردووەتەوە

جیهان

11/07/2020‌ 547 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
ئاژانسی هەواڵگری ئیسرائیلی "مۆساد" باس لەوە دەكات، كە زنجیرە هێرشێكی ئێرانی بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئیسرائیل لەسەرانسەری جیهاندا خەریك بوون كارەسات بخولقێنن پووچەڵكردووەتەوە.

بەگوێرەی رۆژنامەی "زە تایمز ئۆف ئیسرائیل"ی ئیسرائیلی، دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل توانیویەتی زنجیرەیەك هێرشی ئێران بۆ سەر باڵیۆزخانەكانی وڵاتەكەی لە چەندین جێگای جیهان پووچەڵ بكاتەوە.

رۆژنامەكە بەپشتبەستن بە راپۆرتێكی "كەناڵ 12"ی ئیسرائیلی، كە دەڵێت مۆساد توانیویەتی چەندین پیلانی ئێران لەئەوروپا و جێگاكانی تری جیهان بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئیسرائیل پووچەڵ بكاتەوە.

هەروەها راپۆرتەكە ئێرانی بە دوژمنی سەرسەختی دەولەتی جولەكە هەژمار كردووە.

بەگوێرەی رۆژنامەكە، ئاماژە بەو وڵاتانە نەكراوە، كە بەقسەی مۆساد ئێران نیازی هەبووە تێیاندا هێرش بكاتە سەر باڵیۆزخانەكانیان، بەڵام سەرچاوەكان دەڵێن: هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی خانەخوێ هۆكار بوون بۆ ڕێگرتن لە روودانی هێرشەكان.

لای خۆیەوە، حكومەتی ئێران جەختیكردووەتەوە، ئەگەر بزانن رووداوەكەی هەفتەی رابردووی دامەزراوەی ناڤۆكی ناتانز دەستی دەرەكی تێدابێت، ئەوە بەشێوەیەكی گونجاو وەڵام دەدەنەوە .

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی "ئیرنا"ی ئێرانی، عەلی ڕەبیعی، وتەبێژ بەناوی حكومەتی ئێران رایگەیاند، دەبێت چاوەڕێی راپۆرتی كۆتایی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بین، بەڵام ئەگەر هات و دەركەوت دەستێكی دەرەكی لەرووداوەكەدا بەشدارە، ئەوە بەشێوەیەكی گونجاو وەڵام دەدەینەوە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا  ئاڵی