سیخورێكی ترسناكی "میت"ی توركی لە كۆبانی دەستگیردەكرێت

کوردستان

13/07/2020‌ 2645 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ و هەواڵگری رۆژئاوای كوردستان لە پرۆسەیەكی هەواڵگری سەركەوتوودا توانیویانە سیخوڕێكی ترسناكی دەزگای هەواڵگری توركیا "میت" لەشاری كۆبانی دەستگیربكەن‌و ناسنامەكەی ئاشكرا بكەن.

دوای دەستگیركردنیشی ئاژانسی هەواڵی هاوار   ANHA، دانپێدانانی سیخوڕەكەی میتی بڵاوكردووەتەوە و تێیدا باسی لەوە كردووە، چۆن پەیوەندی بە هەواڵگری توركیاوە كردووە و چۆن چۆنی بەهۆی زانیارییەكانی ئەوەوە دەیان گەنجی كورد لەسەر دەستی هەواڵگری توركیا دەستگیر كراون‌و پێگە ئەمنی و هەستیارەكانی شارەكەی بۆ میتی توركی دەستنیشان كردووە.

سیخوڕە دەستگیر كراوەكە ناوی سەردار محەمەد عەبدییە و تەمەنی ٣٠ ساڵە و خەڵكی گوندی دۆنگەری باشووری كۆبانییە، كە هاوسەرگیری كردووە و كچێكی هەیە، لەنێوان ساڵەكانی ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٩ لەچەندین ناوچەی باكووری كوردستاندا كاری كردووە.

سەرەتا كاری عەبدی ئەوە بووە ئەو كەسانەی بۆ میتی توركی ئاشكراكردووە لە دامەزراوەكانی ئیدارەی خۆسەر لە باكوورو رۆژهەڵاتی سوریا كار دەكەن، بەتایبەت لەناوچەی كۆبانی و دڵنیابوون لەوەی، كە ئاخۆ ئەو كەسانە سەردانی باكووری كوردستان، یان شارەكانی تری توركیا دەكەن تا لەوێ دەستگیربكرێن، كە بەقسەی خۆی لەنێوان ساڵەكانی ٢٠١٧ بۆ ٢٠١٩ بەرانبەر بە گواستنەوەی زانیارییەكان ٦ هەزار دۆلاری وەرگرتووە و لەسەر دەستی ئەویش ٢٠ كەسی خەڵكی رۆژئاوای كوردستان دەستگیر كراون.

لەسەرەتای ئەمساڵدا، وەك ئەركێكی تازە، داوا لە سەردار كراوە رووبكاتە كۆبانی و ئەو پێگانە لە شارەكە بە وردی دەستنیشان بكات، كە داوای لێدەكرێت، وەك وێنەگرتنی ناوەندی گشتی ئاسایشی ناوخۆ، یەكێك لە ناوەندە ئەمنییەكانی باكووری شەقامی ٤٨ ، پێگەی هێزە ئەمنییەكان لە تەل بوركل، پێگەیەكی تر لە باشووری كۆبانی لەسەر رێگای تەرمیك، كە فەرماندە ئەمنییەكان تێیدا كۆدوبوونەوە، وێنە و ڤیدیۆی ئەو جێگایانەی لەگەڵ دیاریكردنی شوێنەكانیان داوەتە دەست هەواڵگری توركیا.

عەبدی باسی لەوەش كردووە، كە میتی توركی بە پارە و ماڵ كار لەسەر راكێشانی گەنجانی كورد لە باكووری كوردستان و توركیا دەكەن و دەیانكەن بە سیخور لەسەر خزم‌و كەسوكاری خۆیان.

وەرگێڕان: ئاكۆ ئاڵی