هێزەكانی نزیك ئێران لەجموجۆڵدان بۆ خستنی حكومەتەكەی كازمی

ڕاپۆرت

15/07/2020‌ 2059 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
چەند هێزێكی سیاسی و جەماوەری عێراقی بەرهەڵستكاری مستەفا كازمی، هەم لە ناو جەماوەر و هەم لەپەرلەمان، ئامادەسازی بۆ هەڵمەتێك دەكەن بۆ فشارخستنەسەر حكومەتەكەی كازمی بەو ئامانجەی بیخەن، پێشبینییەكانیش بەرەو ئەوەن لەم وەرزەی هاویندا ڕووبەڕووبوونەوەكان گەرموگوڕتربن.

سەرچاوە ئاگادارەكان دەڵێن، هاوپەیمانی فەتح دووەم هاوپەیمانی گەورەی ناو پەرلەمانی عێراقە، لەگەڵ نوری مالیكی لە پەیوەندیدا بوون بۆ تاوتوێكردنی ئایندەی حكومەتەكەی كازمی و چۆنییەتی لەكارخستنی لە پەرلەمان، ئەمەش‌ لە ترسی ئەوەی نەبادا حكومەتەكەی كازمی لە چوارچێوەی گفتوگۆی ستراتیژییان لەگەڵ واشنتۆن كە چەند هەفتەیەكە بەردەوامە، ڕێككەوتننامەیەكی پابەندكەر لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا واژووبكات.

هێزە بەرهەڵستكارەكانی كازمیش لە بازنەی هاوپەیمانە متمانەپێكراوەكانی ئێراندان، كە ئەو هێزانە پەی بەوە دەبەن لە سایەی پشتیوانی دوو هێزی شیعی كە موقتەدا سەدر و عەمار حەكیمن، توانستی سیاسی ئەوەیان نییە كازمی بخەن، 

هێشتا سەدر هەڵوێستی ڕاستەقینەی خۆی بەرامبەر كازمی ئاشكرا نەكردووە كە ئاخۆ پشتیوانە یان بەرهەڵستكار، بۆیە پەرلەمانتارەكانی لە فراكسیۆنی سائیرون لەو بارەوە پەیامێكی دژیەك ئاراستە دەكەن.

هەرچی حەكیم- یشە، كە بە جۆشوخرۆشەوە پشتیوانی لە كازمی دەكات، بە پێكهێنانی فراكسیۆنێكی  40 پەرلەمانتاری بۆ پشتیوانی كازمی، زوو بە زوو خەمی خۆی خوارد‌ و فریای خۆی كەوت. 

هێزە شیعەكانی نزیك لە ئێران ڕووبەڕووی ڕەزامەندییەكی كوردی- سونی دەبنەوە كە پشتیوانی كازم- ین، بەمەش ئەركەكەیان لە خستنی كازمی سەخت و دژوار دەبێت. بۆیە پێدەچێت هاوپەیمانانی ئێران تێكەڵەیەك لە جوڵەی جەماوەری تاقی بكەنەوە كە لەوانەیە بتوانێت هەڵوێستی هێزە سیاسییەكان لە بەرامبەر حكومەتدا بگۆڕێت.

ئەو تێكەڵە جەماوەریەش پاشماوەكانی ناڕەزاییانی ئۆكتۆبەرن، ئەو گروپانەن كە لە بەسڕە و بەغدا سوورن لەسەر بەردەوامیدان بە خۆپێشاندانەكان كە هەر خۆیان لە 2019 دەستیان پێكرد، ئەمە سەرباری ئەوەی لەوساوە گۆڕانكاری سیاسی گەوەرە ڕوویانداوە، لەو ماوەیەش بە هۆی بڕیارە چاكسازییە داراییەكانی كازمییەوه،‌ چەند چین و توێژێكی كۆمەڵایەتی زەرەرمەند بوون.

بۆ ماوەی 15 ساڵە چەند توێژێكی فراوانی كۆمەڵگای عێراقی بە پاساوی بەرهەڵستكارییان دژ بە ڕژێمەكەی سەدام حوسێن، زێدە مافی زۆریان بۆ خۆیان دەستەبەر كردووە، ئەمەش لە ناوەندە جەماوەرییەكاندا هەستێكی وای دروست كرد كە چینێك لەسەر هەگبه ‌و كەوڵی چینەكانی دیكە خۆی قەڵەو دەكات.

ئەو كاتەی لە سایەی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوتدا كازمی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران ڕاسپێردرا، عێراق بە دەست تەنگەتاوییەكی گەورەوە دەیناڵاند، ئەمەش ناچاری كرد زێدەمافی هەزارەها لەو عێراقییانە ببڕێت كە چەندەها ساڵە وەریانگرتووە، ئەمەش چینە سوودمەندەكانی توڕە كردووە.

چاودێران دەڵێن هێزەكانی نزیك لە ئێران كار لەسەر ئەوە دەكەن پاشماوەی خەڵكانی ناڕازی خۆپێشاندانەكانی ئۆكتۆبەری 2019 و زیانلێكەووتوانی بڕیارە چاكسازییە داراییەكانی كازمی بەیەكەوە كۆبكەنەوە، تاوەكو بیانكەنە ڕەووتێكی جەماوەری و حكومەتەكەی كازمی پێ بخەن، بەو پاساوەی لەم وەرزی هاوینەدا كە پلەی گەرما گەیشتۆتە 50 پلەی سەدی، نەیتوانیووە كارەبا دابین بكات.

لایەنەكانی نزیك لە ئێران پێیان وایە جوڵەی شەقام لە چوارچێوەی تەنگژەی كارەبادا لەوانەیە موقتەدا سەرد فریوو بدات كە ئەندام و لایەنگرانییان هەواداری بەشداریكردنن لە خۆپیشاندانە ناڕەزاییەكان و بەرەنگاربوونەوەی ئەو هێزە ئەمنییانەی بەر بە پشێوی دەگرن. 

ئەگەر ئەو سیناریۆیەیان بۆ بچێتەسەر، ئەوا زۆرێك لە هێزە سیاسییەكان لەوانەیە دەست لە پشتیوانی كازمی هەڵگرن، كازمیش بە ڕاست و چەپدا لە هەوڵ و كۆشش دایە ئەو پلانەی نەیارەكانی لەبار بەرێت.

دوو شەممەی ڕابردوو كازم فرمانی كرد پڕۆژە هەڵپەسێردراوەكانی ووزە تەواو بكرێن، بۆیە وەزارەتی نەوتی ڕاسپارد بە خۆڕایی سوتەمەنی بۆ خاوەن مولیدە ئەهلییەكان دابین بكات، ئەم ڕێوشوێنەش لەوانەیە كاریگەری خێرا و بەرچاوی هەبێت.

لەو ساوەی سیستەمی ووزەی كارەبای عێراق لە پڕۆسەی سەربازی گەردەلوولی بیابانەوە لە لایەن فڕۆكەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانانەوە وێرانكرا، وڵات بە دەست كەموكورتی زۆری كارەباوە دەناڵێنێت، ئەمەش وایكرد حكومەت پەنا بۆ موەلیدە ئەهلییەكان بەرێت كە ڕاستەوخۆ كارەبا بە خەڵك دەفرۆشن.

ئەو موەلیدە ئەهلییانە ساڵانێكە نزیكەی 50% ی ووزەی كارەبای عێراق دابین دەكەن.

لەم دوو هەفتەی پێشوودا پێدانی كارەبا بە هاوڵاتییان زۆر كەمی كردووە، هاوكات شەپۆلەكانی گەرماش زۆر بەرزبۆنەوە و لە هەندێكی شاری عێراقدا گەیشتۆتە 50 پلەی گەرمی، ئەمەش باری سەرشانی موەلیدە ئەهلییەكانی قورس كردووە

سێشەممەی ڕابردوو كازمی لە كۆششی كەمكردنەوەی ناڕەزاییەكانی خەڵكدا، بۆ كردنەوەی چەند پڕۆژیەكی خزمەتگوزاری سەردانی كەربەلای كرد.

كازمی وتی: لە ماوەكانی پێشوودا ملیارەها دۆلار لە بورای كارەبادا خەرجكراوە، ئەو پارانە بەشی ئەوەی دەكرد تۆڕێكی كارەبای نوێی پێ دابمەزرێت، بەڵام گەندەڵی و بەفیڕۆدانی ماڵی گشتی و خراپ بەڕێوەبردن، هۆكار بوون بۆ چارەسەرنەكردنی تەنگژەی ووزەی كارەبا لە عێراق، بەمەش دۆخی هاوڵاتییان لە هاویناندا سەختتر بووە.

كازمی بە توندی هێرشی كردەسەر حكومەتەكەی عەبدولمەهدی و بەوەش تۆمەتباری كرد كە پڕۆژەكانی نۆژەنكردنەوەی كارەبای ئەنجام نەداون، ئەمەش گرفتی كارەبای ئاڵۆزتر كردووە، بە تایبەتیش لەم دۆخە ناهەموارە ئابووری و داراییەدا كە بە هۆی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوتەوە، تووشی عێراق بووه.

كازمی فرمانی بە وەزرارەتی نەوت كرد بە خۆڕایی سوتەمەنی بدەنە موەلیدە ئەهلییەكان، بەو مەرجەی ئەوانیش نرخی كارەبا كەمتر بكەنەوە.

چاودێران دەڵێن هێزەكانی نزیك لە ئێران چاویان لەوەیە شەقام لە بەغدا لە دژی كازمی جۆشدەن، تاوەكو سەرقاڵی بكەن و نەپڕژێتەسەر چالاكییەكانی ڕاوەدوونانی میلیشیا چەكدارە شیعەكان كە لە دزی و فرتەفێڵ و بەقاچاخبردنی چەك و ماددە هۆشبەرەكانەوە گلاون.

چاودێران پێشبینی ئەوە دەكەن كێشمەكێشمی نێوان كازمی و هاوپەیمانانی ئێران بەم زووانە دەستپێ بكات، تاوەكو بەر بە پێكهاتنی هاوبەشبەندییەكی ئایندەیی نێوان واشنتۆن و بەغدا بگرن.

كازمی نیازی هەیە بە مەبەستی ڕێخۆشكردن بۆ گەڕی دووەمی گفتوگۆی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمریكا، بەم زووانە سەردانی واشنتۆن بكات.

سەرچاوە: پێگەی ئەلەكترۆنی عەرەب 
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر