هۆكاری دەستوەردانەكانی توركیا لەكێشەی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا

ڕاپۆرت

19/07/2020‌ 1871 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لە هەر شوێنێكی ئەو جیهانە كێشە و ململانییەك هەبێت، توركیا هەوڵ دەدات دەستوەردانی سەربازی تێدا بكات و پێگەیە‌كی لێپەیدا بكات و هەژموونی خۆی بەسەردا بسەپێنێت.

ئێستا دوای سوریا و لیبیا، ئەنقەرە سەرنجی خستووەتە سەر تەنگژەی نێوان ئازەربایجان‌و ئەرمینیا، كە لەسەر هەرێمی ناگۆڕنی قەرەباغ ململانێیانەو پەیوەندییەكانیش رووەو گرژی دەچێت.

لەو چوارچێوەیە توركیا پشتی ئازەربایجان دەگرێت، كە نەوتی هەیە، پێشیوایە مافی بەسەر هەرێمی ناگۆڕن قەرەباغ- ەوە هەیە، كە زۆرینەی‌ ئەرمەنی-ین، ئەرمینیاش دەڵێت: هەرێمەكە لە سنووری سەروەری خۆیدایە، ئەمەش‌ بووەتە كێشە لە نێوانیانداو هەردوولا لە ساتەوەختی ڕووخانی یەكیەتی سۆڤییەتەوە لە نەوەدەكانی سەدەی بیستەوە لە ململانێدان.

لەم یەك دوو ڕۆژەدا،‌ كە پێكدادانە سەربازییەكانی نێوان هەردوولا دەستی پێكردووەتەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا خۆی گلاندووەتە ناو تەنگژەكەوە و ئەوەشی وتووە: ئەنقەرە دوودڵی ناكات لە وەستاندنی هەر هێرشێك بۆ سەر ئازەربایجان، ئەرمینیاشی بەوە وەسف كردووە، كە دەوڵەتێكی كەلەڕەقە، ئەمەش ئاماژەیە كە ئەردۆغان بە نیازی ئەوەیە دەست لەو كێشەیەش وەربدات هەر وەك لە سوریا و لیبیا كردی.

میدیا توركییە خۆجێیەكان دەڵێن:‌ ئیسماعیل دمیر-ی بەڕێوەبەری دەستەی پیشەسازییە بەرگرییەكانی توركیا وتویەتی: پیشەسازییە بەرگرییەكانیان بە هەموو ئەزموون و تەكنینك و توانستەكانیانەوە لە فڕۆكەی درۆن و چەك و تەقەمەنی و موشەك و سیستەمە جەنگییە ئەلەكترۆنییەكان دەخەنە خزمەت ئازەربایجانەوە. 

ئەمەش ئارەزووی دمیر نیشان دەدات، كە ئەنقەرە دەیەوێت بازاڕێكی فرۆشتنی چەك بۆ كاڵا جەنگییەكانی بدۆزێتەوە، تا بارە نالەبارە ئابوورییە ناوخۆییەكەی‌ خۆی پێداپۆشێت.

ئەرمەنییەكان هێشتا بیریان نەچووەتەوە، كە ئیمپڕاتۆڕیەتی عوسمانی لەجەنگی یەكەمی جیهانیدا ملیۆن و نیوێك ئەرمەنی كۆمەڵكوژ كردن، بۆیە (زهراب مناتساكانیان)ی وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا وتی:‌ ئەوان بەو هەڵوێستەی‌ توركیا شۆك نەبوون، پێشی وایە هەڵوێستەكەی‌ ئەنقەرە هەنگاوێكی جیۆسیاسی مەترسیدارە.

مناتساكانیان لە لێدوانێكی بۆ سكای نیوزی عەرەبی ئەوەشی وت: توركیا هەوڵ دەدات خۆی بەسەر دەوڵەتانی دەوروبەری خۆیدا بسەپێنێت، وتیشی: ئەو سیاسەتەی عوسمانییە تازەكان ناوچەكەی ئەوانیشی گرتووەتەوە.

هۆكارەكانی دەستتێوەردانی توركیا
هانی سولەیمانی بەرێوەبەری سەنتەری عەرەبی بۆ توێژینەوە و لێكۆڵینەوەكان بۆ سكای نیوزی عەرەبی وتی: ئاراستەی توركیا بۆ پەیداكردنی شوێن پێی و هەژموون لە ناوچەی ئاسیای ناوەڕاست بۆ چوار هۆكار دەگەڕێتەوە:


یەكەم: دوژمنایەتی مێژووی نێوان ئەرمەن و توركەكان، بۆیە توركیا دەیەوێت ئەو تەنگژەیە بەرەو هەڵكشان بەرێت، خەڵوسی ئەكار- ی وەزیری بەرگری توركیاشی لەوبارەوە وتوویەتی: ئەنقەرە لە پشتیوانیكردنی ئازرەبایجان دژ بە ئەرمینیا بەردەوام دەبێت و ئەرمینیاشی بە كاری دوژمنكارانە تۆمەتبار كرد.

دووەم/ یاریكردن لەسەر پەتی یەك نەتەوەیی تورك و ئازەرییەكان، كە لە دوو دەوڵەتدا دەژین، ئەمەش ڕەنگدانەوەی دوژمنایەتی مێژووی نێوان توركیا و ئەرمینیایە، ئەمە جگە لەوەی بیری ئیمپریالیزمی بەسەر سیاسەتی دەرەوەی توركیادا زاڵە.

سێیەم/ كەمكردنەوەی فشارە زۆرە ناوخۆییەكانی سەر ئەردۆغان بەهۆی ئەو تەنگژە ئابوورییەی تووشی ئەنقەرە بووە، ئەمە جگە لەو تەنگژە زۆرانەی لەناوچەكەدا هەیە، كە توركیا دەستی تێوەرداون، بۆیە توركیا بە خوڵقێنەری تەنگژەكان ناسراوە.

چوارەم/ بەرەنگاربوونەوەی ڕوسیا، ئەمەش لەلێدوانەكانی ئەردۆغاندا دەردەكەوێت بۆ فشار خستنەسەر ڕوسیایە، كە لە چەند دۆسییەیەكی ئاڵۆزدا لەگەڵ ئەنقەرە لە ململانێدایە وەك لە سوریا و لیبیا، كە ئەردۆغان گەرەكیەتی ئەو پرسە بكاتە فشارێكی تازە بۆ سەر مۆسكۆ.

تاكتیكەكانی سەر لێواری هەڵدێران
محەمەد عەبدولقادر-ی شارەزا لە كاروباری توركی، دەڵێت: لەو ماوانەی دوایدا توركیا ئارەزووی پەیڕەوكردنی ستراتیژیەتی مەترسیدار دەكات و یاری لەسەر لێواری هەڵدیران دەكات، زەقترین نموونەش سیاسەتەكانی ئەنقەرەیە لە لیبیا و سوریا و عێراق.

محەمەد عەبدولقادر ئەوەشی وت: دەستوەردانی  توركیا لە تەنگژەی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا، بەرجەستەی ڕۆڵی توركیا دەكات وەك دەوڵەتێكی سەربەگێچەڵ كە هەمیشە پشێوی دەنێتەوە، بۆیە لە بری پەیڕەوكردنی سیاسەتی هێوركردنەوەی دۆخەكە، هەڕەشە دەكات و چارەسەری زبر دەخاتەڕوو لە تەنگژەی تازەی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجاندا كە تیایدا موسكۆ پشتیوانی ئەرمینیایە.

عەبدولقادر ئەوەشی وت: ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا ئالودەی نانەوەی ئاژاوە و پشێوییە و ئارەزووی دەرپەڕاندنی ماموسولكەكانی دەكات، وتیشی دەستتێوەردانی سەربازی ئەنقەرە لە چەندەها شوێنی جۆراوجۆر كردوویەتییە خوڵقینەری پشێوییە هەرێمییەكان، ئامانجیشی لەو ڕەفتارانە بەدەستهێنانی دەستكەوتی سیاسی و ئابوورییە. 

سەرچاوە: سكای نیوز عەرەبییە
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر