بنزیما گاڵتە بە ستایشكردنەكەی سەرۆكی یەكێتیی تۆپی پێی فەرەنسا دەكات

وەرزش

27/07/2020‌ 258 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
نۆیڵ لۆ گریە، سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی فەرەنسی ستایشی كەریم بنزیمای فەرەنسی و یاریزانی یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی كرد، بەوەی لەڕێگای تۆماركردنی ٢١ گۆڵەوە ڕۆڵێكی گەورەی هەبووە لە سەركەوتنی یانەكەی و بەدەستهێنانی نازناوی خولی تۆپی پێی ئیسپانی، بەڵام بنزیما بەگاڵتەپێكردنەوە وەڵامی ستایشكردنەكەی دەداتەوە.

لۆ گریە بە كەناڵی RMC Sport ی فەرەنسی وت: بنزیما وەرزێكی جیاوازی لەگەڵ ریاڵ مەدرید بەسەر بردووە، لەئێستادا لەباشترین كاتی یاریكردنیدایە، بەراستی ئەو یەكێكە لە باشترین یاریزانەكانی جیهان، بۆ ئەوەش پیرۆزباییم لە زەینەددین زێدانی راهێنەری كردووە.

هەر بەخێرایی بنزیما لەڕێگای تویتێكەوە وەڵامی قسەكانی سەرۆكی یەكێتیی تۆپی پێی فەرەنسای دایەوە، كە وتی: من پێمباشترە لەسەر ئەو بابەتە پێبكەنم.

لە نۆڤەمبەری ساڵی رابردوو، لۆ گرییە ئامادە نەبوو ڕێگە بدات بنزیما بگەڕێتەوە بۆ ناو پێكهاتەی هەڵبژاردەی فەرەنسی و وتی: بنزیما یاریزانێكی گەورەیە لەگەڵ ریاڵ مەدرید، بەڵام یاریكردنی لەناو هەڵبژاردەی فەرەنسا كۆتایی هاتووە.

ئەوكاتیش بنزیما لەتویتێكدا وەڵامی دایەوە و جەختیكردەوە، كە هەر خۆی دەتوانێت سنوور بۆ یاریكردنە نێودەوڵەتییەكانی دابنێت.

بنزیمای ٣٢ ساڵ، لەساڵی ٢٠١٥ وە بانگهێشتی هەڵبژاردەی فەرەنسا نەكراوە و لەساڵی ٢٠١٨ شدا بێ ئەو لە روسیا جامی جیهانیان بەرزكردەوە، كە ئەمە ئەوەی لێدەخوێنرایەوە هەڵبژاردەی فەرەنسا پێویستیان پێی نەماوە، بەڵام دوای ئەو ئاستە بەرزەی لەگەڵ ریاڵ پێشكەشی كرد و ئەو ستایشەی سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی فەڕەنسی كردی، رەنگە پێویست بكات جارێكی تر بێتەوە ناو هەڵبژاردەی ئەو وڵاتە.

وەرگێڕان: ئاكۆ ئاڵی