گالیسكە چینییەكە لەڕێگای رۆیشتنی بۆ هەسارەی مەریخ وێنەی مانگ و زەوی دەنێرێتەوە

هەمەڕەنگ

31/07/2020‌ 736 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی چینی، ئەو گالیسكەیەی چەند رۆژێك لەمەوبەر چین رەوانەی هەسارەی مەریخی كرد، لەڕێگای رۆیشتی بەرەو هەسارە سوورەكە وێنەی مانگ و زەوی گرتووە و بۆ ئاژانسی بۆشاییگەری ئەو وڵاتە  ناردووەتەوە  .

گالیسكە چینییەكە وێنەكانی لەدووری ١،٢ ملیۆن كیلۆمەتر لە زەوییەوە گرتوون، كە رۆژی پێنجشەممە لەچوارچێوەی ئەركی "تیانوین-١"دا لە ناوەندی گەردوونیی وینشانگ لەدورگەی هاینان لە باشووری چینەوە هەڵدرا .

پێشبینی دەكرێت گالیسكەكە لەمانگی شوباتی ساڵی داهاتوودا بگاتە خولگەی مەریخ، واتا ماوەی حەوت مانگی دەوێت تا دەتوانێت ماوەی نێوان زەوی و مەریخ ببڕێت، كە ٥٥ ملیۆن كیلۆمەترە و وەك ئەوە وایە  ١٤٠٠ جار بەدەوری زەویدا بسووڕێتەوە .

چین دەیەوێت ئەو ئەركە بەتەنیا و بەهەوڵی تەكنەلۆژیا نیشتمانییەكەی بەدەستبهێنێت، كە ئەمەریكا لە شەستەكانی سەدەی رابردوو چەندین جار ئەو پرۆسەیەی ئەنجامداوە.

پرۆسەی "تیاونوین-١" ی چینی خۆی لە موشەكێكدا دەبینێتەوە، كە سێ گالیسكەی جیاوازی هەڵگرتووەو یەكێكیان گالیسكەیەكی چاودێرییە و بەدەوری مەریخدا دەسووڕێتەوە، لەگەڵ گالیسكەیەكی نیشتنەوە و ئەوەی تریان ڕۆبۆتێكی كۆنترۆڵە شیكردنەوە بۆ خاك و خۆڵی هەسارەكە دەكات .

چین ئەزموونێكی زۆری لەبواری بۆشاییگەریدا هەیە بەتایبەتی كاركردن لەسەر مانگ، بەشێوەیەك پێشتر و لەساڵەكانی ٢٠١٣ و ٢٠١٩ ، دوو گالیسكەی رەوانەی سەر ئەو هەسارەیە كرد، بەڵام مەودای نێوان زەوی و مەریخ ١٤٠ ئەوەندەی نێوانی زەوی و مانگە. 

ئاژانسە چینییەكە رایگەیاندووە، تائیستا پرۆسەكە بەسەركەوتوویی و بێ هیچ گرفتێك دەڕواتە پێشەوە .

وەرگێڕان: ئاكۆ ئاڵی