شارپرێس:
لیژنەی هەمواركردنەوەی دەستووری عێراق رایانگەیاند، لە هەڵبژاردنی داهاتوودا كوتلەی براوەی هەڵبژاردنەكان ئەركی پێكهێنانی حكومەت و هەڵبژاردنی وەزیرەكان و دانانی كارنامەی حكومەتی دەبێت، پەرلەمانیش بەیەك دانیشتن دەنگ بە كابینەی حكومەت و كارنامەكەی دەدات.
عادل لامی ئەندامی لیژنەكە لەلێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراق راشیگەیاند، لیژنەی هەمواركردنەوەی دەستوور لەسەرۆكایەتی كۆمار، كارەكانی خۆی تەواو كردووە، كە لە لیژنەكەدا پسپۆرانی یاسا، یاسای نێودەوڵەتی، یاسای دەستووریی، نەتەوە یەكگرتووەكان و نوێنەری خۆپیشاندەران ئامادە بوون، هەموو بەیەكەوە هەموارە دەستوورییەكانمان نووسیوونەتەوە.
لامی ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، بەپێی ئەو گۆڕانكارییانەی سەبارەت بە هەڵبژاردنەكان كراون، كوتلەی براوەی هەڵبژاردنەكان حكومەت پێكدەهێنێت و وەزیرەكانی دادەنێتو كارنامەی حكومەت دەنووسێت، لەجیاتی ئەوەی كوتلەی گەورەی پەڕلەمانی ئەو كارە بكات، كە لەهەڵبژاردنەكانی رابردوودا بوو بووە هۆی دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەت و بەردەوامبوونی پشكپشكێنە.
هەروەك راشیگەیاند، ئەنجوومەنی نوینەرانیش بەیەك جار و لەیەك دانیشتندا دەنگ لەسەر كابینەی حكومەت و كارنامەكەی دەدات.
ئەو ئەندامەی لیژنەی هەمواركردنەوەی دەستوور ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە لیژنەكەیان چاوی بەگەلێك لە بەندەكانی دەستووردا خشاندووەتەوە و ژمارەیەكی زۆریانی هەمواركردووەتەوە، لەوانە لابردنی گەلێك دەستەواژەی وەك (لەگەڵ رەچاوكردنی پێكهاتەكان)، لەجیاتی ئەوە دەربڕین و دەستەواژەی تری داناوە، كە هانی تۆخكردنەوەی پشكپشكێنەی تایەفی و رەگەزیی نادات .
وەرگێڕان: ئاكۆ ئاڵی
