پارتی رێككەوتنی هەولێرو بەغدا بە هۆكاری "سەقامگیری هەموو عێراق" دەزانێت

کوردستان

08/08/2020‌ 740 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بڕیارە ئەم ھەفتەیە شاندی ھەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆكردن سەبارەت بە شایستە داراییەكانی ھەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكەن و لێكنزیكبوونەوەی باشیش ھەیەو باسی لەوەش كرد، ئەو رێككەوتنە دەبێتە هۆی "سەقامگیری هەموو عێراق".

ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق راشیگەیاند، بڕیارە ئەم ھەفتەیە شاندی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات، چونكە بەردەوامبوونی دانوستان پێویستە و رێككەوتننامەش پێویستە بەپێی دەستوور بكرێت و بۆ سەقامگیری ھەردوو حكومەت بێت، بۆیە گەر بگەنە رێككەوتن، دۆخەكەش سەقامگیر دەبێت.

سەبری بۆ میدیای فەرمی پارتی ئەوەشی راگەیاند، لێكنزیكبوونەوەی باش ھەیە و تەنیا ھەندێك وردەكاری ماون، كە رەنگە ئەوانیش لەم چەند رۆژەدا یەكلا بكرێنەوە و بگەنە رێككەوتن.

ئەمە لەكاتێكدایە، ماوەیەكە هەولێرو بەغدا گفتوگۆ دەگەن بۆ ئەوەی لەبارەی كێشەكانی نێوانیان بەتایبەتی پرسی موچەو بودجەی هەرێم بگەنە بەرێككەوتنی كۆتایی.

لای خۆیشییەوە، عەلا مەكی، سەركردەی سوننەكان وتی: عێراق پێویستی بە سەقامگیری ھەیە بۆ ئەوەی بچێتە قۆناغێكی دیكە، تا گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە كاریگەرییان لەسەر نەبێت و بتوانێت سەقامگیری دروست بكات، بۆیە پێویستە دانوستانەكانی نێوان ھەرێم و بەغدا بەردەوام بێت و بگەنە رێككەوتن، ئەمەش لە بەرژەوەندیی ھەموو لایەكە و ھەرێمی كوردستان ناوچەیەكە بۆتە ھۆی سەقامگیری بۆ ھەموو عێراق، هەروەها سەقامگیری ھەرێم، واتا سەقامگیری ھەموو عێراق، بۆیە پێویستە حكومەتی عێراق لەگەڵ ھەرێمی كوردستان بگاتە رێككەوتن.

مەكی، وتیشی: پێویستە دانوستانەكان دوانەكەون و پەلەیان لێبكرێت، چونكە رێككەوتنی ھەرێم و بەغدا دەبێتە ھۆی سەقامگیری عێراق بە گشتی، بۆیە پێشبینی دەكەم ئەمجارە ھەردوولا بگەنە رێككەوتن، چونكە بوونی كێشە لە نێوان ھەردوولا، دەبێتە ھۆی ناسەقامگیری دۆخی عێراق.

هـ ـ ح