پارتی هەڵوێستی خۆی لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەعێراق رادەگەیەنێت

کوردستان

13/08/2020‌ 1536 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵوێستی خۆی لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەعێراق  رادەگەیەنێت‌و  كۆمەڵێك سەرنج و تێبینیش لەسەر یاسای هەڵبژاردنەكان دەخاتەروو، دڵنیایش دەدات لەگەڵ هێزە كوردییەكانی تر نابنە ئاستەنگ لەبەردەم بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان لەكاتی خۆیدا.

ڤیان سەبری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەلێدوانێكدا بۆ پێگەی "سۆمەرییە نیوز" راگەیاندووە، هەرچەندە هێزە كوردییەكان سەرنج و تێبینیان لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختە هەیە، بەڵام جەختیكردووەتەوە، كە ئەوان نابنە ئاستەنگ لەبەردەم بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان یان دەنگدان لەسەر یاسای هەڵبژاردنەكان.

هەروەها دەشڵێت: پارتەكەیان لە هەڵبژاردن ناترسێت جا پێشوەختە بێت یان نا ، یەك بازنە بێت یان فرە بازنە.

سەبری لەبەشێكی تری لێدوانەكەیدا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە گرنگە سازان و ڕێكەوتن لەسەر پرسەكانی وەك بازنەكانی هەڵبژاردن‌و خشتە هاوپێچەكانی تری یاسای هەڵبژاردن و میكانیزمی هەڵبژاردنەكان و جومگەكانی تری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان بكرێت، دەشڵێت: ئەوان رازی نابن پێوەری ناڕاست بۆ دابەشكردنی بازنەكانی هەڵبژاردن دابنرێت . 

سەبارەت بە مەترسی ئەنجامدانی ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكاندا پەڕلەمانتارەكەی پارتی دەڵێت: هەڵبژاردنی داهاتوو هەڵبژاردنێكی گرنگ و چارەنووسساز و یەكلاكەرەوە دەبێت، نامانەوێت ئەزموونی هەڵبژاردنەكانی رابردوو دووبارە ببێتەوە لە بوونی ساختەكاری و بەشداری كەمی هاووڵاتیان و سكاڵای بەشێك لەهاووڵاتیان بەوەی دەرفەتی ئەوەیان پێنەدرا دەنگ بدەن یان ناوەكانیان نەگەڕابووەوە.

هەروەك سەبارەت بەهەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان سەبری وتویەتی: نامانەوێت بەخێرایی دەنگ لەسەر یاسای هەڵبژاردنەكان بدەین و دواتر لەبەر نارەزایەتی شەقام یان بوونی كەلێن و سەرپێچی یاسایی ناچار بین جارێكی تر بیر لە هەمواركردنەوەی بكەینەوە، وەك ئەوەی لەرابردوودا شەقام نارەزایەتی بەرانبەر بەهەمواركردنەوەی یاسای خانەنشینی و یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاكان دەربڕی .

وەرگێڕان: ئاكۆ ئاڵی