توركیا لەماڵە داگیركراوەكانی كوردانی شارەكانی رۆژئاوای كوردستان خولی فێركردنی قورئان دەكاتەوە

کوردستان

13/08/2020‌ 710 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
دەستەی فریاگوازری توركی İHH رایگەیاند، لە شارەكانی سەرێ كانی و گرێ سپی خولی فێربوونی قورئان و زانستە ئاینییەكانیان بۆ خەڵكی سوری كردووەتەوە، ئەویش بەو پاساوەی گوایە ئیدارەی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان لەكاتی خۆیدا ڕێگری ئەو كارەی لێكردوون.

لەمانگی ئۆكتۆبەری ساڵی ٢٠١٩ و لە ئۆپەراسیۆنێكی سەربازییدادا توركیا شارەكانی سەری كانی و گرێ سپی داگیركردو بەشێكی زۆری خەڵكەی ئاوارە و دەربەدەر بوون‌و ماڵ‌و موڵكەكانیان لەلایەن چەكدارە ئیسلامییە توندرەوەكانی سەر بە توركیاوە داگیركران.

دەستەی فریاگوازری توركیا، دەستی توركیایە بۆ گەیشتن بەو شوێنانەی بەئاسانی دەستی پێیان ناگات بۆ ئەوەی كاری سیخوڕیان بەسەرەوە بكات، لەشاری ئورفای باكووری كوردستانەوە سەرپەرشتی كردنەوەی خولەكان دەكات، كە ٧٠٠ سوری بەشداری تێدا دەكەن و ئەو خانوو ماڵانەش بەكاردەهێنن، كە هی هاووڵاتیانی كوردی ئاوارەی ناوچەكەن و لەترسی زوڵم و زۆری چەكدارە سورییەكانی سەر بەتوركیا ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

توركیا لەچەندین ڕێگاوە كار لەسەر فراوانكردنی پرۆژە ئاینییەكانی دەكات، بەشێوەیەك چالاكانی ئەو شارە داگیركراوانەی رۆژئاوای كوردستان، كە زێدی خۆیان جێهێشتووە باسیان لەوەش كردووە، كە توركیا دەستی بەسەر ماڵەكانیاندا گرتوون ‌و كردوونی بەناوەندی فێركردنی بابەتە ئاینییەكان .

لە ٩ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو، سوپای توركیا بەپشتیوانی میلیشیا چەكدارییەكانی ناو سوپای نیشتمانی سوریای سەر بە ئەنقەرە، لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی كانی ئاشتی، هێرشیان كردە سەر رۆژئاوای كوردستان و هەردوو شاری سەری كانی و گرێ سپیان بەتەواوەتی داگیر كرد.

وەرگێران: ئاكۆ ئاڵی