شارەزایان لە گرنگی دۆزینەوەی گازەكەی ئەردۆغان كەمدەكەنەوە

لە میدیاکانەوە

24/08/2020‌ 1278 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆژنامەی زەمانی توركی راپۆرتێكی لەبارەی دۆزینەوەی گازە سرووشتییەكەی دەریای رەش بڵاوكردووەتەوە و تێیدا بۆچوونی شارەزایانی ئابووری لەبارەی گرنگی و بەهای غازەكە وەرگرتووە، كە رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا وەك رووداوێكی گرنگ و مێژوویی هەژماری كرد .

رۆژی هەینی رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا ئاشكرایكرد، كە لەدەریای رەشدا گێڵگەیەكی گەورەی غازیان دۆزیوەتەوە، كە ٣٢٠ ملیار مەتر سێجا غازی سرووشتی لەخۆگرتووە، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، كە لەساڵی ٢٠٢٣ وە دەست بە دەرهێنانی غازەكە دەكرێت.

لەو بارەیەوە ئۆغوز توركی یڵماز ، سەرۆكی گرووپی لێكۆڵینەوەكانی بواری وزە لە ژووری ئەندازیاری مەكینەكان لە ئیستەنبوڵ دەڵێت: دەرهێنانی غازە تازە دۆزراوەكە لانیكەم نزیكەی ٥ بۆ ١٠ ساڵی دەوێت تا بۆڕییەكانی گواستنەوەی بۆرادەكیشرێت، كە ١٧٠ كیلۆمەتر لە كەنارەكانی توركیاوە دوورە.

ئەو شارەزایە باسی لەوە كردووە، كە ساڵانە توركیا پێویستی بە ٣٤ ملیار مەتر سێجا غازی سرووشتییە، كەواتە غازەكە تەنیا بەشی ٧ بۆ ٨ ساڵی پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی توركیا دەكات.

تورك یڵماز روونیكردووەتەوە، كە ناكرێت راستەوخۆ دەست بە دەرهێنانی غازەكە بكرێت، بەڵكو ئەوە پێویستی بە لێدانی بیرە، ئەگەر بتوانرێت یەك بیر لێبدرێت، ئەوە پرۆسەی بەرهەمهێنان ٢٠ بۆ ٣٠ ساڵ دەخایەنێت، بەو واتایەی توركیا ساڵانە ١٦ ملیار مەتر سێجا غاز بەرهەم دەهێنێت، كە دەكاتە ٢٠-٢٥٪ ی پێداوسیتییەكانی توركیا لەساڵێكدا.

هەرچی ئۆزگور گۆربوز شارەزای بواری وزەیە دەڵێت: یەدەگی غازی سرووشتی دەریای رەش ٨٠٠ ملیار مەتر سێجایە، كە بەراستی ئەوە بڕێكی زۆرە، بەڵام رەجەب تەیب ئەردۆغان وتویەتی: كە غازەكە تەنیا ٣٢٠ ملیار مەترس سێجایە  .

گۆربوز گومانی لەسوودی ئابووریانەی دۆزینەوەی غازەكە هەیە و دەڵێت: توركیا لەساڵی ٢٠١٧ نزیكەی ٥٣ ملیار مەتر سێجا گازی سرووشتی بەكاربردووە، كەواتە ئەو یەدەگەی توركیا لە غازی سرووشتی هەیەتی تەنیا بەشی شەش ساڵ دەكات، بەو جۆرە توركیا ناتوانێت ببێتە وڵاتێكی هەناردەكاری گازی سرووشتی.

ئەو پێیوایە غازە دۆزراوەكە رەنگە لەرووی ئابورییەوە بیسوود بێت، ئەویش بەهۆی زۆری خەرجی دەرهێنانی و پاشەكشەی نرخەكەی بەهۆی زیادبوونی بەرهەمهێنانی غازی ئەمەریكی .

هەر لەو چوارچێوەیەدا، محەمەد ئۆیوچو، سەرۆكی كۆمپانیای راوێژكاری ستراتیژی پێیوایە راگەیاندنەوەی سەرۆكی توركیا بۆ دۆزینەوەی گازی سرووشتی لە دەریای ڕەش و دەرهێنانی لەماوەی سێ ساڵدا كارێكی نالۆژیكییە، بەوپێیەی دەرهێنانی غاز لەو كێڵگانە لانیكەم  ٧ بۆ ٨ ساڵی دەوێت، ئەگەر توركیا بتوانێت لەساڵی ٢٠٢٣ غاز لەو كێڵگانە دەربهێنێت، ئەوە ژمارەیەكی پێوانەیی جیهانیی تۆمار دەكات.

ئۆیوچو وایدەبینێت، كە كێڵگە دۆزراوەكە ٣٢٠ ملیار مەتر سێجا غازی سرووشتی تێدایە دەبێتە سەرەتایەكی خێر بۆ توركیا، هەرچەندە ئەو بڕە هی ئەوە نییە هەناردەی ئەوروپای بكات ، بەتایبەت یەكێتی ئەوروپا ساڵانە ٣٥٠ ملیار مەتر سێجا غازیان دەوێت، لەكاتێكدا كێڵگەكە تەنیا ٣٢٠ ملیار مەترس سێجای تێدایە، بەوپێیە تەنیا بەشی ساڵێكی ئەوروپا دەكات.

وەرگێڕان: ئاكۆ ئاڵی