بەراوردێك لەنێوان سوپای یۆنان و توركیا
ئەگەر شەڕ لەنێوانیاندا رووبدات كامیان براوە دەبن؟

لە میدیاکانەوە

30/08/2020‌ 4465 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەگەرمەی گرژییەكانی نێوان یۆنان و توركیا لەسەر ناوچە دەریاییە كێشە لەسەرەكانی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، هەردوو وڵات لەمدواییە دەستیان كرد بەئەنجامدانی مانۆڕی سەربازی‌و هەڕەشەكردن لەیەكتر بەوەی بۆ پارێزگاریكردن لەبەرژەوەندییەكانیان لەبەكارهێنانی هێزی سەربازی سڵناكەنەوە.

لەو بارەیەوە پێگەی "گڵۆباڵ پاوە فایەر"ی ئەمەریكی، بەراوردێكی كردووە لەنێوان توانای هێزی سەربازی ئەو دوو وڵاتە بەپێی داتاكانی ساڵی ٢٠٢٠، كە دەردەكەوێت سوپای توركیا پلەی یازدەی گرتووە لە ریزبەندی بەهیزترین سوپاكانی جیهان، لەكاتێكدا سوپای یۆنان لەپلەی ٣٣ یەمینی بەهێزترین سوپاكانی جیهانی گرتووە.

ژمارەی دانیشتوانی توركیا ٨١ ملیۆن كەسە، كە ٤١ ملیۆنیان هێزی مرۆیی بەردەستن بۆ كاركردن و ٣٥ ملیۆنیشیان شیاون بۆئەوەی بخرێنە ناو خزمەتی سەربازییەوە .

هەرچی یۆنانە ئەوە ژمارەی دانیشتوانەكەی نزیكەی ١١ ملیۆن كەسە، كە ٥ ملیۆنیان هێزی مرۆیی بەردەستە بۆ كاركردن و نزیكەی ٤ ملیۆنیشیان دەتوانرێت بخرێنە ناو خزمەتی سەربازییەوە.

ساڵانە ١،٤ ملیۆن كەس دەگەنە تەمەنی خزمەتی سەربازی، لەكاتێكدا لە یۆنان ئەو ژمارەیە ١٠٤ هەزار كەسە.

بودجەی سەربازی توركیا ساڵانە ١٩ ملیار دۆلارە، لەبەرانبەردا بودجەی سەربازی یۆنان ٤،٨ ملیار دۆلارە.

سوپای توركیا لە ٣٥٥ هەزار سەرباز پێكدێت، ئەوە سەرباری ٣٨٠ هەزار سەربازی یەدەگ، سوپای یۆنانیش لە ٢٠٠ هەزار سەرباز پێكدێت، لەگەڵ ٥٥٠ هەزار سەربازی هێزی یەدەگ.

هێزی ئاسمانی 
سوپای توركیا لە ١٠٥٥ فرۆكە پێكدێت، كە ٢٠٦ یان شەڕكەرو ٨٠ فڕۆكەی باركردنی سەربازی و ٢٧٦ فڕۆكەی راهێنانی سەربازی‌و ١٨ فڕۆكەی ئەركە تایبەتەكان، ئەوە جگە لە ٤٩٧ فرۆكەی هێلیكۆپتەر، كە ١٠٠ فرۆكەی هێرشبەرن .

هەرچی یۆنانە خاوەنی ٥٦٦ فرۆكەی جەنگییە، كە ١٨٧یان فڕۆكەی شەڕكەر و ١٥ فڕۆكەی گواستنەوەی سەربازی و ١٤٣ فڕۆكەی راهێنانی سەربازی و ٨ فرۆكەی ئەركە تایبەتەكان، جگە لە ٢٣١ فرۆكەی هێلیكۆپتەر لەوانە ٢٩ ی هێرشبەر.

هێزی وشكانی 
سوپای توركیا خاوەنی ٢٦٢٢ تانك و ٨٧٧٧ زرێپۆش و ١٢٧٨ تۆپی ئۆتۆماتیكی‌و ١٢٦٠ تۆپی مەیدانی و ٤٣٣٨ راجیمەیە.

هەرچی سوپای یۆنانە ئەوە خاوەنی ١٣٥٥ تانك و ٣٦٩١ زرێپۆش و ٥٤٧ تۆپی ئۆتۆماتیكی و ٤٦٣ تۆپی مەیدانی و ١٥٢ راجیمەیە.

هێزی دەریایی 
هێزی دەریایی توركیا لە ١٤٩ كەشتی جەنگی و ١٢ ژێردەریایی و ١٦ فرقاتە و ١٠ كۆرڤێت (كەشتی جەنگی بچووكتر لە فرقاتە) پێكدێت، ئەوە جگە لە ٣٥ كەشتی چاودێری و ١١ مین ماڵی دەریایی.

لەبەرانبەردا هێزی دەریایی یۆنان لە ١١٦ كەشتی جەنگی و ١١ ژیردەریایی و ١٣ فرقاتە و ٣٥ كەشتی چاودێری و ٤ مین ماڵ پێكدێت . 

پشتیوانی لۆجیستی 
توركیا خاوەنی ٩٨ فرۆكەخانە و ١٠ بەندەرە ، جگە لە كەشتیگەلێكی دەریایی كە لە ١٢٧٧ كەشتی پێكدێت ، بەڵام یۆنان خاوەنی ٧٧ فرۆكەخانە و ٧ بەندەرە و كەشتیگەلە بازرگانییەكەشی لە ١٣٤٣ كەشتی پێكدێت . 

وەرگێران: ئاكۆ ئاڵی