خوشكەزاكەی ئوسامە پشتیوانی ترامپ دەكات

لە میدیاکانەوە

08/09/2020‌ 793 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
نوور بن لادن خوشكەزاكەی ئۆسامە بن لادن سەركردەی پێشووی رێكخراوی قاعیدە هۆشداری لەدووبارە بوونەوەی ڕووداوی یازدەی سێپتەمبەرێكی دیكە دەدات، ئەگەر بێت و جۆبایدن لەهەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی داهاتووی ئەمەریكا دەربچێت، هەروەك پشتیوانی خۆشی بۆ دۆناڵد ترامپی كاندیدی كۆمارییەكان دەردەبڕێت.

بەگوێرەی راپۆرتێكی ڕۆژنامەی "نیویۆرك پۆست"ی ئەمەریكی، نوور بن لادن رایگەیاندووە، داعش لە ژێر سایەی ئیدارەی ئۆباما و بایدن بڵاوبووەتەوە، هۆكاریش بوون بۆئەوەی بگاتە ئەوروپا، بەڵام دۆناڵد ترامپ دەریخست، كە ئەورووپا و ئەمریكاش لەهەڕەشەی تیرۆریستان دەپارێزێت.

نوور بن لادن لەئێستادا لە سویسرا دەژی، بەڵام دەڵێت: ئەو دڵێكی ئەمەریكی هەیە،  نور كە لەسویسرا لەدایكبووە دەشڵێت: لەئێستاشدا پشتیوانی لەدۆناڵد ترامپ بۆ سەرۆكایەتی ئەمریكا دەكات و پێیوایە، "ترامپ گرینگترین نەوەی ئێستایە".

خوشكەزاكەی ئوسامە بنلادن باسی لەوەشكردووە، كە  لەساڵی ٢٠١٥ ‌وە لایەنگری سەرۆك ترامپە‌ و لە دورەوە بینیویەتی و حەز لەشێوازی كارەكانی دەكات، بۆیە دەیەوێت دووبارە بۆ سەرۆكایەتی ئەمەریكا هەڵبژێردریتەوە، چونكە نەك تەنیا ئەمریكا، بەڵكو شارستانیەتی رۆژئاوا بە گشتی پێویستی بە ترامپە.

نوور بن لادن كچی كارمێن دووفۆری نووسەری سویسرییە، كە لە ساڵی ١٩٨٨ لەدایكبووە و هەر لە سویسرا گەورە بووە .

وەرگێڕان: ئاكۆ ئاڵی