ڤاكسینەكەی ئۆكسفۆڕد لە قۆناغی كۆتایی تاقیكردنەوە لەسەر مرۆڤ دەوەستێنرێت

تەندروستی

09/09/2020‌ 1387 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڤاكسینی ئەسترازینیكا-ئۆكسفۆڕد، كە پێشەنگی ڤاكسینی دژەكۆڕۆنایە، لە قۆناغی كۆتایی تاقیكردنەوە لەسەر مرۆڤ وەستێنرا.

كۆمپانیای دەرمانسازیی ئەسترازینیكا، تاقیكردنەوەی ڤاكسینەكەی، ڤاكسینی دژەكۆڕۆنای راگرت، ئەوەش بەهۆی دەركەوتنی كاریگەریی لاوەكی مەترسیدار لەسەر بەشداربوویەكی تاقیكردنەوەكە لە بەریتانیا.

لەئێستادا رووننییە، كە كاریگەرییە لاوەكییە مەترسیدارەكە چییە و لەناو بەشداربوواندا چی روویداوە، بەڵام كاریگەرییە خراپەكە، هێندە مەترسیدارە، كە تووشبووەكە لە نەخۆشخانە دەخەوێنرێت و چاودێریی چڕی دەكرێت، ئەگەر بەزووییش چارەسەرنەكرێت، مردنی لێدەكەوێتەوە.

لەئێستادا كۆمپانیای ئەسترازینیكا، چاو بە سەلامەتی ڤاكسینەكەیدا دەخشێنێتەوە، تا دڵنیاببێتەوە لەو كێشەیە.

ڤاكسینەكەی ئەسترازینیكا بە بەشداری ٥٠ هەزار كەس لە بەریتانیا، ئەمریكا، بەڕازیل و ئەفریقای باشوور لە قۆناغی كۆتاییدایە، لە قۆناغی سەرەتاییشدا سەركەوتووبووە.

رێكخراوی تەندروستی جیهانی پێشتر رایگەیاند، تەنیا ڤاكسینێكی كاریگەر و سەلامەت بۆ كوتان دژی كۆڕۆنا پەسەنددەكەین.

ئامادەكردن: پزیشكی دەرمانساز عیسا عەبدولرەحمان