تەنیا لەپێناوی غازدا نییە.. ئامانجی سەرەكی توركیا لەخۆڕانواندنی لەدەریای ناوەڕاستدا

لە میدیاکانەوە

10/09/2020‌ 2738 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
بۆ زۆر كەس وا دیارە، كە ململانێی نێوان توركیاو یۆنان تەنیا لەبەر بابەتی وزەیە، بەڵام  ئامانجە سەرەكییەكەی ئەنقەرە لەپشت ئەو ئامانجە ئاشكرایەوە شاردراوەتەوە، كە ئەویش پیشاندانی هێزی سەربازیی توركیایە لەئاوەكانی دەریای ناوەراستدا.

بەگوێرەی ئاژانسی بلوومبێرگ، پێدەچێت "ئامانجی غاز" بۆ هەموو لایەك ڕوون بێت، ئەوەی لە پشتییەوە شاراوەتەوە، ئەوەیە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا لە ئێستادا هێزی سەربازی دەریایی وڵاتەكەی لەدەریای ناوەڕاست تاقیدەكاتەوە، بۆ جەختكردنەوە لەتوانای ئەنقەرە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی، هەروەها بێبایەخ سەیرنەكردنی هێز و تواناكانی توركیا لەبواری هێزی دەریاییدا.

بەڵام توركیا، كە لە دەریای ناوەراستدا كە هێز و توانای خۆی رادەنوێنێت، جارێكی تر لەگەڵ دوژمنە مێژووییەكانی لە جیهانی ڕۆژئاوا دا بەریەك دەكەوێت، كە بەرزەفڕییەكانی بۆ بنیاتنانی هێزێكی سەربازی دەریایی لە ناوچەكەدا بخاتە بەردەم زریانێكی گەورەوە.

ئەو گەشەكردنەی ئەم دواییەی تواناكانی هێزی دەریایی توركیا، ڕادەی ئەو بەرزەفڕییە فراوانخوازییانەی ئەردۆغان ئاشكرادەكات، كە هەمیشە هەوڵی داوە جەخت لەسەر ئەوە بكاتەوە، كە ئەنقەرە دەتوانێت ڕووبەڕووی ئەوروپا، ڕوسیا و ئەمریكا ببێتەوە، بەتایبەت هەژموونی سەربازیی لەگەلێك لە وڵاتانی ناوچەكەدا هەیە.

ئەردۆغان بۆ دەرخستنی هێزی دەریایی توركیا لە دەریای ناوەڕاست، پشت بە ژمارەیەك كەشتی جەنگی، ژێردەریایی، فریگەیت و كەشتی فڕۆكە هەڵگری دروستكراوی ناوخۆیی دەبەستێت .

بڵاوكردنەوەی بەشێك لە كەشتییە جەنگییەكانی توركیا، نیگەرانی لای بەشێك لە وڵاتە كەناراوییەكانی دەریای ناوەراست دروست كردووە دەریای ناوەڕاست، بەتایبەت، كە زیاتر لە هێزێك لە هەمان كەناردا هاوبەشن، ئەمەش مەترسی دروستبوونی رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەدەریای ناوەراستدا لێكەوتووەتەوە.

لای خۆیەوە ڕایان جەنگیراس، پرۆفیسۆر لە بەشی ئاسایشی نەتەوەیی دەریایی بە ئاژانسی بلومبێرگی وت: توركیا دەیەوێت بیسەلمێنێت گەورەترین هێزە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە دەبێت بەو شێوەیەش مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت.

جەنگیراس، كە لە قوتابخانەی خوێندنی باڵا لە كالیفۆرنیا كاردەكات دەڵێت: توركیا خۆی وادەبینێت، كە بە ركابەر و نەیارەكانی گەمارۆدراوە، بۆ ئەوەش خۆی بسەلمێنێت، كە خاوەن توانایە، بۆیە پەنا بۆ بەكارهێنانی هێز دەبات.

بەپێی ئاژانسی ئامانجی توركیا بریتییە لە سەربەخۆیی ستراتیژی لەڕۆژئاوا ، كە ئێستا ئەنقەرە وەك ڕكابەرێك سەیری دەكات نەك هاوبەش ، لانیكەم لەبواری هاوردەكردنی چەكدا.

ئەردۆغان تا ساڵی 2023 كە 100هەمین ساڵیادی دامەزراندنی كۆمارە، ئامانجێكی دیاری كردووە، كە ئەویش ئەوەیە توركیا هەموو چەكەكانی خۆی دروستیان بكات.

بەڵام گومان هەیە لەبەر ڕۆشنایی بارودۆخی ئابوریی ووڵات بتوانرێت ئەو ئامانجە بەدیبێت ، كە ڕێگرێكی سەرەكییە لە بەدیهێنانی ئامانجی سەرۆك كۆماری توركیا بۆ دەركەوتن وەك سوپەرپاوەرێك لە دۆخی ئێستادا .

وەرگێڕان: ئاكۆ ئاڵی