زاناکان ئاماژەی بوونی ژیان لەسەر هەسارەی زوهرە بەدیدەکەن

هەمەڕەنگ

16/09/2020‌ 739 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەپێشهاتێکی سەرنجراکێشدا کە دەرگا لەبەردەم پرسێکی زۆر گرنگی مرۆڤایەتیدا دەکاتەوە ، زاناکان رایانگەیاندووە کە غازێکی زۆر ترشیان لەهەورەکانی هەسارەی زوهرەدا دۆزیوەتەوە کە پێیدەگوترێت " فۆسفین" ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەگەری بوونی میکرۆب و ژیان لەسەر ئەو هەسارەیەی نزیک لە زەوی .
توێژەران شکڵ و شێوەی ئەو ژیانەیان ئاشکرا نەکردووە کە ئەگەری هەیە لەسەر هەسارەکە هەبێت، بەڵام تێبینیان کردووە فۆسفین لەسەر زەوی لەڕێگای بوونی بەکتریاکانەوە درووستدەبێت کە لەو ناو ژینگەی پڕ ئۆکسجیندا بڵاودەبنەوە.

خانمە ئەستێرەناس جەین گراڤس لە زانکۆی کاردیف لە وێڵز کە ، سەرکردایەتی تیمی توێژینەوەکەی کردووە دەڵێت:"زۆر سەرسام بووم، لەڕاستیدا سەرم سوڕمابوو".

بوونی ژیانی دەرەوەی هەسارەی زەوی لە مێژە بووە بە کێشەیەکی گەورەی زانستی  زانایان هەستەوەر و تەلسکۆبیان بەکار هێناوە بۆ گەڕان بەدوای " بایۆلۆجیمارکەکان " کە ئاماژەی ناراستەوخۆن بۆ بوونی ژیان  لەسەر هەسارە و مانگەکانی تری ناو کۆمەڵەی خۆرمان و لەودیو  کۆمەڵەکەمانەوە .

هەروەک کلارا سووزا سیلڤا خانمە پسپۆڕی زانستی فیزیای گەردوونی لە پەیمانگای تەکنەلۆجیاو توێژینەوەی پێکەوەیی ماساچۆسێتس دەڵێت " ئەوەی ئێستا لەبارەی ڤینۆسەوە دەیزانین هەرچەندە رەنگە خەیاڵی دەربکەوێت، بەڵام لۆژیکیترین ڕوونکردنەوە بۆ بوونی غازی فۆسفۆن بریتییە لە بوونی ژیان لەسەری .

هەروەک دەڵێت ئەگەر سەلمێنرا ئەو غازەی دۆزراوەتەوە فۆسفینە ئەوە مانای وایە ژیانی لەسەرە بەو واتایەی ئێمە لەو گەردوونەدا بەتەنیا نین و دەکرێت چەندین هەسارەی تر هەبێت ئاوەدان بێت و ژیانی لەسەر بێت .
وەرگێڕان : ئاکۆ ئاڵی