چۆن حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆمپانیای نەوتی كەنەدی هەڵخەڵەتاند

مەلەفی تایبەت

26/09/2020‌ 2563 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دوای هەرەسهێنانی ڕژێمەكەی سەدام حوسێن لە ساڵی 2003، زۆر كۆمپانیای زەبەلاح هاتنە ناو عێراق و هەرێمی كوردستانەوە، بەغدا و هەرێمی كوردستان دەرگایان بۆ كۆمپانیاكانی ووزە واڵا كرد.

پێگەى (1001 IRAQI THGHOUTS) بڵاویکردەوە، لە هەرێمی كوردستان هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی لە ساڵی 1991 وە لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە بەسەر هەرێمەكەدا زاڵ بوون، بەڵام بۆ بردنەوەی هەلی وەبەرهێنان لە بواری ووزەدا، ئەوەندە بەسە لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی ڕێككەویت، بەمەش دەتوانی بیروركراسیەت و مامەڵە و سەوداكان و بەربەستە یاساییەكانی تێپەڕێنیت.

بارزانییەكان خۆیان یاسان و لە سەرووی یاساوەن، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش زۆر لەوە زیاتر پارە خەرج دەكات كە دەستی دەكەوێت، بەشێكی بە هۆی خراپ بەڕێوەبردنەوەیە، بەشێكی دیكە لەو هەڵە تێگەیشتنەوەیە كە ئەوان پێیان وایە نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان بە بەرزی دەمێنێتەوە، بۆیە كاتێك لە 2008 نرخی نەوت دابەزی، هەرێمی كوردستان تووشی گرفتی دارایی گەورە بوو، ئەمەش وایكرد موچەی مانگانەی فەرمانبەرەكانیان پێ نەدرێت.

چونكە بارزانییەكان زاڵ بوون بەسەر دامودەزگا دادوەرییەكان، بۆیە زۆر بە ئاسانی پابەندبوون بە گریبەستەكان هەڵدەوەشێننەوە. ئەمەش وایكرد كۆمپانیا و وەبەرهێنەرەكان سكاڵا لەسەر هەرێمی كوردستان تۆمار بكەن و لەمەش چەند فرمانێكی دادوەرییان بەسەر هەرێمی كوردستاندا سەپاندووە.

 لە لەندەن فرمانێكی دادوەرییان بەسەر هەریمی كوردستاندا سەپاند، كۆمپانیای دانا غازیش لە ئەمریكا داوای یاساییان لەسەر هەرێمی كوردستان تۆمار كرد، بەو ئامانجەی دادبیینەكە بەرنەوە و دەست بەسەر پارەو پولی حكومەتی هەرێم و بارزانیدا بگرن لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا، كۆمپانیای نەوتی هیلالی ئیماڕاتیش كە خاوەن پشكە لە كۆمپانیای دانا غازدا، لە دادگایەكی شاری لەندەن داوای لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆمار كردوو و داوای 11 ملیار دۆلاریشی لێدەكرد. كۆمپانیای DNO ی نەرویجیش ناچار بوو بڕی 92 ملیۆن دۆلار بداتە پتەر گالبرێس- ی نێوانگیر كە ئاگای لە كەین و بەینی ئەو سەودا و مامەڵەیەوە بوو كە لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستاندا كرا بوو.

لە ساڵی 2014 كۆمپانیای Oryx Petroleum ی كەنەدی كارەكانی خۆی لە هەرێمی كوردستان دەستپێكرد، ئەو كۆمپانیایە لە ڕێگەی دامەزراوەی نەخۆشخانەی هەرێمی كوردستانەوە كە ڕەنج نوری شاویس بەرێییەوە دەبرد كە برای ڕۆژ نوری شاوەیسی جێگری سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق و نزیكە لە نێچیرڤان بارزانییەوە، بڕی 40 ملیۆن دۆلاری بەخشی بە مەبەستی بنیاتنانی نەخۆشخانەیەكی منداڵان لە هەولێر، كەچی ئەو پارە بۆ بنیاتنانی ئەو نەخۆشخانەیە تەرخان نەكرا، بەڵكو بۆ نەخۆشخانەیەكی قازانجبەخش تەرخان كرا بە ناوی باسم  Santelifeكە ئامانجی قازانجی تایبەتە و پەیوەستە بە نێچیرڤان بارزانییەوە، لە ئێستاشدا ئەو نەخۆشخانەیە بەركەوتووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا چارەسەر دەكات و لە بەرامبەریشدا 2000 دۆلار وەردەگرێت.

تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی لە هەولێر ئەو كەیسەیان جوڵاندووە و داوای یاساییان لەسەر ئەو دامەزراوەیە تۆمار كردووە و تۆمەتی ئەوەیان داونەپاڵ كە پارەو پول ماڵی گشتی بەكاردێنن بۆ سوود و قازانجی تایبەت.

بنەماڵە دەسەڵاتدارەكانی هەرێمی كوردستان داوای بەرتیل لەو كۆمپانیا بیانییانە دەكەن كە لە بواری كاری خێرخوازیدا هەرێمی كوردستان وەبەرهێنان دەكەن، ئەو بنەماڵانە سەرەتا زەوی دەبەخشنە ئەو كۆمپانیایانە بۆ دروستكردنی باڵەخانە بۆ دامەزراوەی خێرخوازی، دواتریش دەیكەنە موڵكی خۆیان و قازانجی تایبەتی لێ دەكەن.

پرسیارە گرنگەكەش ئەوەیە ئاخۆ كۆمپانیای Oryx Petroleum چ ڕێوشوێنێك لە بەرامبەر ئەو فرت و فێڵانەی بنەماڵە دەسەڵاتدارەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەبەر، ئاخۆ چی وایكردووە كۆمپانیا كەنەدییەكان ببنە قوربانی فرتوفێڵی دوو بنەماڵ دەسەڵاتدارە دەستڕۆیشتووەكەی هەرێمی كوردستان؟

سه‌رچاوه‌: پێگەی ئەلەكترۆنی 1001 IRAQI THGHOUTS
نووسین: گۆران زەنگەنە، مایکڵ رۆبن، جۆرج ویڵکس
وه‌رگێران: لوقمان حاجى قادر