کەجەکە هەڵوێستی خۆی لەسەر ڕێککەوتنەکەی هەرێم و بەغدا لەبارەی شنگال ڕاگەیاند

کوردستان

11/10/2020‌ 3630 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
کەجەکە رایدەگەیەنێت، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە شنگال پێویستە بەشدار بێت لە هەر گفتوگۆیەک سەبارەت بە داهاتووی شنگال، هەر هەڵوێستێکیش بە پێچەوانەوە مەترسیدارە و مایەی قبوڵکردن نییە.

لەبارەی ڕێککەوتنەی کە لە نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستاندا کراوە، لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، ئەو لایەنانەی کە کۆمەڵگەی ئێزدییەکانیان جێهێشتوو ڕوبەڕووی جینۆساید بوونەوە لە کاتی هێرشەی داعش لە ساڵی ٢٠١٤، مافی ئەوەیان نییە بە ڕۆڵەکانی شەنگال کە ناوچەکەیان ئازاد کرد بەهێزەکانیان بڵێن ناشەرعین و مافی ئەوەیان نییە لەوێ بن و دەبێت بچنە دەرەوە.

باسیلەوەشكردووە، ئەو هەڵوێستە سیاسیە و هەڵوێستی مۆراڵی و مرۆیی نییە، کە بووە هۆی مانەوەی هەزاران ژنی ئێزدی وەک بەندە لە بازاڕەکاندا کڕین و فرۆشتنیان پێوە کراوە، بۆیە هیچ مافی ئەوەیان نییە بڕیار بدەن بەناو ئێزدییەکان و شنگالەوە.

ئەوەش هاتووە "هەر ڕێککەوتنێک ئیدارەی خۆسەری دیموکراسی شنگال و دانیشتوانی شنگال بەشداری تیا نەکەن، بە واتای ئینکاریکردنی ئیرادەی کۆمەڵگەی کوردی ئێزدییە لە شنگال، خراتریش لەوە ئەوە هەموو ئەو کارانە لەژێر سایەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوە دەچێت، ئەو گفتوگۆ و وتوێژانەی لە پشت پەردەوە و بەنهێنی بەڕێوە دەچن لەسەر بنەمای (کردم و تێپەڕی) هیچ مانایەکی نییە جگە لە بەردەوامی جینۆساید و لەناوبردنی کۆمەڵگەی ئێزدی لە داهاتوودا.

کەجەکە لەبەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەی ئەوەی خستووەتەڕوو، میدیای سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان وەک سەنتەرێکی جەنگی تایبەت کاردەکات و دەڵێت "هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە لە ناوچە وەردەنرێت" ئەو لێدوانانە ئامانجی ڕاستەقینەی ئەو جۆرە ڕێککەوتنە نهێنیانە ئاشکرا دەکەن کە گەلی شنگالی لێ پەراوێز خراوە.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا کەجەکە جەخی لەوەكردووەتەوە، پێویستە لەسەر ڕۆڵەکانی گەل لە هەموو شوێنێک بکەونە جوڵە و هەڵوێست وەربگرن لە بەرامبەر ئەو دۆخە و تێکۆشان بەردەوام بێت، تا ئەو کاتەی بەگوێرەی لێکتێگەیشتنی نوی دان دەنرێت بە دۆخەکەدا و تێکۆشانیسش دەبێت بەردەوام بێت، داواش لە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵی نێودەوڵەتی دەکەن، هەڵوێستێکی ڕوونی هەبێت سەبارەت بەو ڕێککەوتنە  هەڵانە ی کە دەبنە مەترسی لە داهاتوودا لەسەر ژیانی کۆمەڵگەی ئێزدی.