تەڤگەری ئازادی: شەنگال جارێکی تر نابێتەوە بە کاڵای بازاڕی خاک فرۆشان

کوردستان

13/10/2020‌ 959 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
تەڤگەری ئازادی لەسەر رێکەوتنی بەغداد و ھەولێر ھەلوێستی خۆیان راگەیاند و ده‌ڵێت: شەنگال جارێکی تر نابێتەوە بە کاڵای بازاڕی خاک فرۆشان.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا تەڤگەری ئازادی بڵاویكرده‌وه‌: "ڕۆژ بە ڕۆژ حکومەتی هەرێم ڕۆڵ و پێگەی خۆی لەدەست دەدات و بێ ڕۆڵ دەبێت، بەوەی کە ناتوانێت مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانی خۆی بدات، لە بارودۆخێکی وەهادا حکومەتی ناوەندی بەغداد و هەموو وڵاتانی دەوروبەر  دەیانەوێت خواستەکانی خۆیان بەسەر ئەم هەرێمە داتەپیوەدا بسەپێنێن، هەروەک بینیمان کازمی چۆن بێباکانە سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و تاک و کۆمەڵگەی کوردی بەچی شێوەیەکی هەرزان و پەریشان پیشانی ڕای گشتی دا، وە خۆیشی هاوشێوەی فریادڕەسێک وێناکرد، بۆجوتیار و مامۆستا و خانەوادەی شەهیدانی ئەنفال و هەڵەبجە".

باسی له‌وه‌شكردووه‌: بەرپرسانی ئەم هەرێمە "چۆن نیوەی خاکی هەرێمی کوردستانیان فرۆشت لەبن ناوی دروستکردنی دەوڵەتی کوردی و ئابووری سەربەخۆ، جارێکی تر لەبەرانبەر ڕازی کردنی دڵی تورکیا و خۆ-نزیک-کردنەوە لەحکومەتی ناوەندی عێراق، دەسەڵاتدارانی باشوری کوردستان کەوتوونەتە سەودا و مامەڵەیەکی قێزەونتر لەگەڵ حکومەتی ناوەندی لەسەر ڕادەستکردنەوەی شەنگال بەحکومەتی عێڕاق".

تەڤگەری ئازادی ده‌شڵێت: لەکاتێکدا نە حکومەتی عێڕاق خاوەنی ئەو هێز و توانایەیە بتوانێت ڕێککەوتنێکی وەها بەئەنجام بگەیەنێت و ئیرادەی خەڵکی شەنگاڵ بەبنەما وەرنەگرێت، نە دەسەڵاتداران دەتوانن قسە لەسەر چارەنووسی خەڵکی شەنگال بکەن، چونکە هەر ئەوانەبوون خەڵکی شەنگالیان خستە ژێر دەستی داعش و ژن و منداڵیان خستە بازاڕەکانی داعشەوە.


دەقی بڵاوکراوەکەی تەڤگەری ئازادی کۆمەلگەی کوردستان

وەک هەموو لایەک دەزانێت، ڕۆژ-بە-ڕۆژ حکومەتی هەرێم ڕۆڵ و پێگەی خۆی لەدەست دەدات و بێ ڕۆڵ دەبێت، بەوەی کە ناتوانێت مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانی خۆی بدات، لە بارودۆخێکی وەهادا حکومەتی ناوەندی بەغداد و هەموو وڵاتانی دەوروبەر  دەیانەوێت خواستەکانی خۆیان بەسەر ئەم هەرێمە داتەپیوەدا بسەپێنێن، هەروەک بینیمان کازمی چۆن بێباکانە سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و تاک و کۆمەڵگەی کوردی بەچی شێوەیەکی هەرزان و پەریشان پیشانی ڕای گشتی دا، وە خۆیشی هاوشێوەی فریادڕەسێک وێناکرد، بۆجوتیار و مامۆستا و خانەوادەی شەهیدانی ئەنفال و هەڵەبجە و هتد.

ئێستاش ئەوەی دەردەکەوێت لەبن ئەو گووشارانەدا، بەرپرسانی ئەم هەرێمە چۆن نیوەی خاکی هەرێمی کوردستانیان فرۆشت لەبن ناوی دروستکردنی دەوڵەتی کوردی و ئابووری سەربەخۆ، جارێکی تر لەبەرانبەر ڕازی کردنی دڵی تورکیا و خۆ-نزیک-کردنەوە لەحکومەتی ناوەندی عێراق، دەسەڵاتدارانی باشوری کوردستان کەوتوونەتە سەودا و مامەڵەیەکی قێزەونتر لەگەڵ حکومەتی ناوەندی لەسەر ڕادەستکردنەوەی شەنگال بەحکومەتی عێڕاق.

لەکاتێکدا نە حکومەتی عێڕاق خاوەنی ئەو هێز و توانایەیە بتوانێت ڕێککەوتنێکی وەها بەئەنجام بگەیەنێت و ئیرادەی خەڵکی شەنگاڵ بەبنەما وەرنەگرێت، نە دەسەڵاتداران دەتوانن قسە لەسەر چارەنووسی خەڵکی شەنگال بکەن، چونکە هەر ئەوانەبوون خەڵکی شەنگالیان خستە ژێر دەستی داعش و ژن و منداڵیان خستە بازاڕەکانی داعشەوە.

بۆیە ئەوەی خەڵکی شەنگال چاوەڕوانی بوو، ئەوەبوو یەکەم: دادگایی ئەو بەرپرسانەی هێزەکانی پێشمەرگە بکرێت کە شەوی جینۆسایدی شەنگال لەنیوەشەودا بەجێیان هێشتن.

بەڵام دیاره هێشتا ئەوەی بەسەر شەنگال و هاوڵاتیانی ئێزیدیدا هێنراوە بەکەمی دەبینن و جارێکی تر دەخوازن و بێ شەرمانە هەوڵ دەدەن، لەژێر ناوی ڕێککەوتن و گەڕنەوەی ئاوارەکانی شەنگال خەڵکی ئێزیدی ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژیەکی دیکەبکەنەوە، لەکاتێکدا ناتوانن بەهیچ شێوەیەک قسەلەسەر کەرکوک بکەن چونکە ئاغاکانیان ناخوازن قسە لەوبارەیەوە بکرێت.
لەکۆتایدا بانگەوازی ئێمە وەکوو تەڤگەری ئازادی ئەوەیە، هیچ هێز و لایەنێک خۆی لێ بێبەری نەکات، چونکە ناتوانرێت جارێکی تر بگوترێت پارتی ئەنجامی داوە، چونکە ڕێککەوتن بەناوی حکومەتی هەرێمەوە ڕاگەیەنراوە و هەرسێ سەرۆکایەتیەکەی هەرێم و سەرۆک کۆمار لەکۆبوونەوەی خۆیاندا ئۆکەیان لەسەری کرد، کەسەرۆکی پەرلەمان و سەرۆک کۆماری عێراق پارتیی نیە و یەکێتیی-یە، وەکوتر هەموو لایەنەکانی تر لەبەرامبەر مێژوو بەرپرسیار دەبن لەوەی ڕوودەدات.

وەبانگەوازی لەجەماوەری خاوەن هەڵوێست دەکەین هەروەک چۆن لەهەموو کارەسات و نەهامەتیەکاندا بێ هەڵوێستیتان هەڵنەبژاردوە، بەو شێوەیە جارێکی تر خاوەن هەڵوێست بن و دەنگ و ئیرادەی گەل پیشان بدەن، گەلی کوردی ئێزیدی بەتەنیا بەجێ نەهێڵین.

وە هەروەها چاوپۆشی نەتەوەیەکگرتووەکان و بەژداربوونیان لەو بڕیارەدا جێگەی شەرمەزاریەو لێدانە لە دیموکراسی و مافی مرۆڤ، داواتان لێدەکەین چیتر چاوتان لەبەرانبەر بەجینۆساید ناساندنی ئێزیدیەکاندا دامەخەن و فرمێسکی تیمساحیانەیان بۆهەڵنەڕێژن.

ـــ بژی بەرخودانی شەنگال.

ـــ بەڵێ بۆ خۆ-بەڕێوەبەری شەنگال.

ـــ نابۆ خیانەت و خاک فرۆشتن.

دەستەی بەڕێوەبەرایەتی تەڤگەری ئازادی

۱۳ــ۱۰ــ۲۰۲۰